عه‌بدولخالیق مه‌عروف


 

 كورتەیەك لە ژیانى شه‌هیدی قه‌ڵه‌م عەبدولخالیق مەعروف لە ڕێكەوتى١/١/١٩٣٥ لە ناحیەى كەندێناوەى سەر بە شارى هەولێر لە بنەماڵەیەكى ئایینى هاتووەتە دنیا، باوكى مەلایەكى دیارى ناوچەكە بووە، پیاوێكى گەلەك ئازاو قسەخۆش بوو، (عەبدولخالیق) قۆناغى منداڵیى هەر لەوێ بەسەر بردووە و ساڵى ١٩٤٤ لە هەمان شوێن خراوەتە بەر خوێندن و تا پۆلى پێنجەمى سەرەتاییی خوێندووە، پاشان باوكى لە قوتابخانە دەریدەهێنێت و دەیخاتە بەر خوێندنى ئایینى و ئەمجارە ڕێگەى حوجرە و لاى مەلاكان دەگرێتەبەر، بەشە سەرەتاییەكانى خوێندنى ئایینیی لە كەندێناوە و ناوچەكانى دەوروبەرى تەواو دەكا، پاش ماوەیەك لەگەڵ كۆمەڵێك لە فەقێكانى كەندێناوە و شارى هەولێر، نزیكەى دووسەد ئیمزایان كۆكردەوە و وەكوو داواكارییەك خستیانە بەردەم خوێندنگەى ئایینیی، هەتا بە شێوەیەكى ڕەسمیى ئەو خوێندنگەیان بۆ بكرێتەوە لە برى گەڕان بە دواى حوجرە و مەلاكاندا و خوێندكارى ئایینى ڕوو بكاتە خوێندنگەیەكى ڕەسمیى، ئەم داواكارییەى ئەوان بووە هۆى ناڕەزایى زۆرێك لە مەلاكانى ئەوكاتە و ئەو داواكاریەیان وەكوو هەوڵێك بۆ بێكاربوونى خۆیان لێكدرایەوە، بۆیە دەستەیەكى هەڵبژاردەیان بۆ رێگاگرتن لە جێبەجێ كردنى ئەو داوایەى فەقێكان ڕێكخست، هاوكاتیش سەردانى پارێزگاى ئەو دەمەى هەولێریان كرد و هەوڵیاندا پارێزگار ڕازی بكەن بۆ ئەوەى داواى فەقێكان ڕەت بكاتەوە، كاتێك عەبدولخالیق مەعروف ئەم هەوڵەى مەلاكانى بۆ دەركەوت -خۆى كە هێشتا لە تەمەنى مێرد منداڵیدا بوو-سەردانى پارێزگارى ئەوكات (ئیسماعیل حەقى) كرد و لەبارەى داواكارییەكەیان بۆى دوا و گیروگرفتى فەقێكانى بۆ ڕوون كردەوە كە چۆن لە ڕێگەى حوجرەكان و گەڕان بە دواى مەلاكاندا دووچارى ناڕەحەتى دەبوون، پارێزگار كاتێك گوێى لێگرت داواكەیانى بە ڕەوا زانى و پشتگیریى لێكردن، دواى ئەوەى كە (عەبدولخالیق مەعروف) زانستە ئایینییەكانى خوێند و گەیشتە ئاستێكى دیارى شارەزایى لەو بوارەدا، بڕیاریدا بچێ بۆ میسر، بۆ ئەوەى لە زانكۆى ئەزهەر درێژە بە خوێندن بدا، لە ڕۆژى٢/٤/١٩٥٤ كە ئەوكات تەمەنى ١٩ ساڵان بوو چوو بۆ میسر و داواكارى پێشكەش بەو زانكۆیە كرد، بەڵام بە بیانووى نەبوونى بڕوانامەى ڕەسمیى دانپێدانراو داواكەى پشتگوێ خرا و هەلى خوێندنى لەو زانكۆیە بۆ نەڕەخسا، لەبەر ئەوە بە ناچارى گەڕایەوە بۆ هەولێر و پاشان چووە بەغداد، لەوێدا لەكن مامۆستایان: (محەمەد قزڵجى و عەلادین سەجادى) دەستى كردەوە بە خوێندن، لە پاش ماوەى دوو ساڵ درێژەدان بە خوێندن.

لە مانگى نیسانى ١٩٥٦ دا (عەبدولخالیق مەعروف) بەشداریی تاقیكردنەوەیەكى كرد كە بۆ ئیمان تابورى بوو، لەو تاقیكردنەوەیەدا سەركەوتنى بە دەست هێنا و هەر لەو ساڵەدا بوو بە ئەندامى حیزبی پارتى دیموكراتى كوردستان و درێژەى بە خەباتى كوردایەتى خۆیدا لە ڕیزى ئەو پارتەدا، گەلێك كارى گرنگى پڕ بایەخیشى بۆ بزووتنەوەى كوردایەتى ئەنجام داوە، ماوەیەكى زۆر (ساڵح یوسفى) لە ماڵى ئەواندا ژیاوە، ئەو كاتەى لێپرسراوى لقى پێنج بوو، لە سەردەمى خەباتى نهێنیدا (عەبدولخالیق مەعروف) هەر لە تەمەنى لاوێتییەوە ئارەزووى زانست و زانیاریى هەبووە، لە ساڵى١٩٦٠دا دەستى داوەتە دروستكردنى جۆرێك لە ئێزگەى ڕادیۆیى، لەم كارەیشیدا بەردەوام بووە، تا لە ساڵى ١٩٧٠ دا كە ئەو كاتە لە بەغدا نیشتەجێ بوو، ئێزگەیەكى دروست كرد، لە كاتى كارپێكردنى ڕادیۆیەكەدا لە ڕێگەى بەكارهێنانى ئامێرێكى بچووكەوە ئەو مەودایەى تاقیكردەوە كە ڕادیۆكە دەیگەیشتێ، لە ساڵى ١٩٧٣ دا شارى بەغدادى بەجێهێشت و گەڕایەوە بۆ هەولێر، پاشان لە كۆیەدا پەیوەندیی بە شۆڕش كردەوە، لەوێش كەڵكیان لە توانا و شارەزاییەكەى وەرگرت بۆ دامەزراندنى ئیزگەى شۆرش لە ناوچەى (ژاژڵە)، عەبدولخالیق، هەر خۆیشى بەرپرس و سەرپەرشتیارى كاروبارى تەكنیكیی و هونەریی ئەو ئێزگەیە بووە. لە ساڵى١٩٧٤ دا، لەكاتى گفتوگۆى نێوان حكومەت و شۆڕشى ئەیلولدا كراوە بە بەڕێوبەرى گومرگى قەزاى دوكان، لە كاتى بە بنبەست گەیشتنى گفتوگۆ لەلایەن ڕژێمى ئەو كاتەوە دەستگیر دەكردێ و ڕەوانەى بەندی خانەى بەغداد كراوە، لەوێشەوە گواستراوەتەوە بۆ موسڵ، پاشان بارزانى بروسكەیەكى توند بۆ حكومەتى ئەوكات دەنێرێ و داواى ئازادكردنى دەكا، دواى ئازاد كردنیشى پەیوەندیی كردەوە بە شۆڕش. دواى ڕِاگەیاندنى ڕِێككەوتننامەى ئازارى ١٩٧٠، لە نێوان حكومەت و شۆرشدا گەڕایەوە بۆ هەولێر، لە ٥/١/١٩٧٢دا شۆڕش ناردییە دەرەوە (چیكوسلوفاكیا) بە مەبەستى خوێندن لە بوارى ئامێر و ئامرازە ئەلیكتڕۆنییەكاندا لە كۆمپانیاى (تیسلا)، نزیكەى ساڵێك لەوێ مایەوە وبڕوانامەى دیبلۆمى لەو بوارەدا وەرگرت.

كە شەڕى نێوان شۆڕشى كورد و حكومەت دەستى پێكردەوە، عەبدولخالیق مەعروف چووە چیا و لە ڕاگەیاندنى شۆڕش و بە تایبەتى لە كاروبارى ئێستگەى شۆڕش كارى كرد، دواى هەرەس گەڕایەوە هەولێر و پاش ماوەیەك بە سەفەر چووە ئەوروپا، لە ساڵى ١٩٧٦دا لە هەولێر دوكانێكى بۆ كاروبارى تەكنیكى كردەوە و وەكالەتى (ئەجهیزەى دەقیقەى)وەرگرت، جگە لەزمانى دایك، زمانەكانى (عەرەبى، فارسى، ئینگلیزى )یشی بە باشى دەزانى، هەروەها بەشێكیش لە زمانەكانى (ڕوسى و ئەڵمانى)، لە دواى نیوەڕۆى ڕۆژى١٠/٥/١٩٨٥دا، دواى چەند ڕۆژێك لە بڵاوكردنەوەى كتێبى (ئادەمیزاد لە كۆمەڵى كوردەوارى) دا لە بەردەگەى ماڵى خۆى ترۆر کرا
.