عەلی خوسرەوی

 

 عەلی خوسرەوی یەكێك لە كادرە هەڵسوڕاوەكانی كۆماری كوردستان بووە و لە ئەندامانی گەنجی كۆمەڵەی ژ.ك. و دواتر لە حیزبی دێمۆكڕاتی كوردستان و كۆمار دا بەرپرسیارەتی جۆر بە جۆری هەبووە. وەك سەدری یەكەتی جەوانانی دێمۆكڕاتی كوردستان، مودیری داخڵی چاپخانەی كوردستان، پشكنی فەرهەنگی كوردستان و بەرپرسی ڕادیۆی مەهاباد.ئەم وێنەیە دەبێ ئی سەردەمی چالكی خوسرەوی لە كۆمەڵەی ژ.ك. دابێ.

 كوردستان، ژمارەی ٩، شەمۆ ١٣ی ڕێ...بەندانی ١٣٢٤ (٢ فێڤرییەی ١٩٤٦)

 

كورد و ئازەربایجان

 تا چەند ساڵ لەوەپێش كە وێستا شەیپووری ئازادی لێ نەدرا بوو هێزی ئەهریمەنی فاشیستی دە دونیا دا موسەلەت بوون، كورد و ئازەربایجانی لە گەڵ یەك زۆر نكۆك بوون، دەستی ئیستیعمار بۆ ئیستیفادەی خۆی شەو و ڕۆژ خەریكی ئیختیلاف لە نێو ئەو دوو نەتەوە نەجیبە دا بوو تا بە بۆنەی ئەوە بتوانێ لە مەنافعی مادی ئەو نەتەوانە بەهرەوەر بن و لە مەنافعی وان كۆشك و باڵەخانەی چەند نهوومیان ساز دەكرد و لە تێك بەردانی ئەوان بۆ خۆیان لە كۆشكەكانی تارانێ دادەنیشتن و قا قا بە ڕیشی میلەتی مەزلووم كە هەڵفریوا بوون پێ دەكەنین.

وەلی بە یارمەتی خودای بێ هاواڵ ڕۆژی ڕەشمان ڕوونك بوو زنجیری ئەسارەت لە دنیا دا پسا و ئاخەرین نەفەر لە دەست پەروەردەكانی هیتلێر یەك لە دوای یەك بە جەهەنەم موشەڕەف بوون.

چاومان هەڵێنا دیمان كە دەست و پێوەندی گۆبلێزی لەعنەتی تا وێستا لە دووبەرەكی ئێمە ئیستیفادەیان كردووە و بۆ مەنزوور و مەڕامی خۆیان كورد و ئازەربایجانیان پێك وەر كردووە.

بەڵێ وەخەبەر هاتین دیمان كە نەتەوەی ئازەربایجانی بۆ شوجاعەت و سەخاوەت و ئینسانییەت لە دنیا دا مەشهوورن و لە ڕێی ئازادی و دێمۆكڕاسی دا كووژراویان زۆر داوە و ئەوانیش هەر وەكوو ئێمە بەش خوارون.

بەڵێ بیلەخەرە بە هیممەتی برایانی بەرزی كوردی،ئازەربایجانی ئیتیحادی مەحكەم لە بەینمان بەسترا و دەستی ئیتیحادمان دا دەست یەك و سوێندمان خوارد تا نەفەرێك لە فاشیستەكان بمێنێ دانانیشین و دەبێ لە بەینی بەرین. دوژمنانی مە دەبێ بزانن ئەگەر قەدەمێك لە نیشتمانی ئێمە بێنە پێش بە زۆری باسكی كوڕانی ئازدیخواهی كوردی و ئازەربایجانی مەحو دەبنەوە.ئومێدەوارم كە ئەو ئیتیحاد و برایەتی یە لە بەینی ئەو دوو نەتەوە بەشخوراوە ڕۆژ بە ڕۆژ بە كوێرایی چاوی دوژمنانی دێمۆكڕاسی مەحكەمتر و بەردەوامتر بێ. بەرقەرار و پایەدار بێ برایەتی كورد و ئازەربایجانی.