مزگەوتى نوورى و منارەی حەدبا
 

منارەی حەدبا یەکێکە لەو شوێنەوارە دێرینانەی (کەوتبووە) ناوەڕاستی شاری مووسڵ و بەهۆی لارییەکەیەوە ناوبانگێکی زۆری هەبووە، تەنانەت بووبووە ناسنامە بۆ ئەو شارە و زۆر جار مووسڵ بە حەدبا ناوی هاتووە. ئەو منارەیە و مزگەوتی نوور، کە لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتیی زەنگییەکانەوە دروست کراون، ئەمساڵ، لە سەروبەندی کەوتنی داعش لەو شارە، وەک دەیان ناوچەی شوێنەواریی دیکەی گرنگی مووسڵ و دەشتی نەینەوا، تەقاندنییەوە و دوو لە سیما هەرە دیارەکانی شوێنەواری عێراقیان لەناو برد.

چیرۆكى دروستكردنى مزگەوتى نوورى

مزگه‌وتى نوورى یان مزگه‌وتى گه‌وره، ناوی ئه‌و مزگه‌وته‌یه كه مێژووى دروستكردنى بۆ سه‌رده‌مى فه‌رمانڕه‌وایه‌تیى زه‌نگییه‌كان له مووسڵ و لە سەردەمی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیى سه‌یفه‌دینی دووه‌م دەگەڕێتەوە، له‌نێوان ساڵانى ٥٦٥-٥٧٦ك (١١٧٠-١١٨٠ز) دروست کراوە.

سه‌رچاوه مێژووییه‌كان باس له‌وه ده‌كەن، ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایه وره و ئیراده‌یه‌كى به‌هێزى نه‌بووه و ده‌گوترێت وه‌زیره‌كه‌ى به‌ناوى فه‌خره‌دین عه‌بدولمه‌سیح، دەسەڵاتى راسته‌قینه‌ى هه‌بووه و سه‌یفه‌دین ته‌نیا ناوێك بووه، بۆیه ئه‌وه رێخۆشكه‌ر بووە بۆ نوورەدین زه‌نگى، كه كوڕە براى سهیفهدینى دووه‌مه.

 نوورەدین به‌رەو مووسڵ به‌ڕێ ده‌كه‌وێت بۆ داگیركردنى و هێنانەدەر له‌بن ده‌ستى مامى، له ساڵى ٥٦٦ك به‌بێ به‌رگرى توانیى ئه‌و شاره بگرێت، له ماوه‌ى ٢٤ رۆژدا چه‌ندین كار و چاكسازیى راگه‌یاند، له‌نێویشیاندا كه‌مكردنه‌وه‌ی باج. له‌و ماوه‌یه‌دا نوورەدین دیتى خه‌ڵكى شاره‌كه كێشه‌ى بهرتهسكیى مزگهوتەکەیان هه‌یه، كه ئه‌وكات ته‌نیا مزگه‌وتى ئهمهوى لە شارى مووسڵدا هه‌بووه و خه‌ڵك و نوێژخوێنان تا ده‌هات روو له زیادبوون بوون، بۆیه دروستكردنى مزگه‌وتێكى تریان به پێویست زانى، خه‌ڵکەکە شوێنێكى ناو بازاڕیان پێ باش بوو، ئه‌و شوێنه‌ش چه‌ند خانوو و كه‌لاوه‌ى لێ بوو، بۆیه نوورەدین ئه‌و شوێنه ده‌كڕێت و شێخ موعینى ده‌وڵه‌ت شێخ عومه‌ر، به وه‌كاله‌تى نوورەدین له ساڵى ٥٦٦ك ده‌ستى به دروستكردنى مزگەوته‌كه كرد.

 هه‌ندێك سه‌رچاوه باس له‌وه ده‌كەن كه بە سێ ساڵ ته‌واو كراوه و نووسراوه له ساڵانى ٥٦٦-٥٦٨ك، ئه‌گه‌ر وابێت ده‌كاته دوو ساڵ نه‌ك سێ ساڵ. له‌دواى ته‌واوبوونى به باش زانرا قوتابخانه‌یه‌كى لێ بكرێته‌وه، كه دواتر به (قوتابخانه‌ى مزگه‌وتى نوێ) ناسرا، پێش ته‌واوبوونى، نوورەدین شاره‌كه‌ى جێ هێشتبوو و له كاتى ته‌واوبوونیدا گه‌ڕایه‌وه مووسڵ و نوێژى تێدا كرد و دوو بانگده‌ر و خزمه‌تكارێكى تێدا دامه‌زراند، مزگه‌وته‌كه ئەوکات چه‌ند وهقفێكى هه‌بوو له‌وانه، ئاكره‌ى حه‌میدییه و قه‌یسه‌ریى مزگه‌وتى نوورى و چه‌ند زه‌وییه‌كى دیكه.

تێچووى مزگه‌وته‌كه

له‌باره‌ى تێچوونى بڕى پاره له دروستکردنی مزگه‌وته‌كه، دەگوترێ تێچووه‌كه‌ى دیار نییه، به‌ڵام مه‌زنده ده‌كرێت له‌نێوان شەست تا هه‌شتا هه‌زار دینار بووبێت، ده‌گوترێت كاتێك نوورەدین ده‌گه‌ڕێته‌وه شاره‌كه، ده‌بینێت مزگه‌وته‌كه ته‌واو بووه، شێخ موعینى ده‌وڵه‌ت شێخ عومه‌ر، ده‌فته‌رى تێچووەکەی له‌لا ده‌بێت و به نوورەدین ده‌ڵێت: ”گه‌وره‌م حه‌ز ده‌كه‌م سه‌یرى ئه‌و ده‌فته‌ره بكه‌ى"، نوورەدین له وەڵامدا ده‌ڵێت: "ئه‌ى شێخ كارى ئێمه بۆ خوایه و له خه‌رجی و حیساب بگه‌ڕێ با بۆ رۆژى حیساب بێت“ و ده‌فته‌ره‌كه له شێخ عومه‌ر وه‌رده‌گرێت و فڕێی ده‌داته ناو رووبار‌ى دیجله.

 چه‌رخى ناوه‌ڕاست تا چه‌رخى نوێ

دواى داگیركردنى مووسڵ له‌لایه‌ن مه‌غۆله‌كان، ئه‌و مزگه‌وته‌ش وەكوو ئه‌وانى دیكه خاپوور و پشتگوێ خرا و شارى مووسڵیش وێران بوو، ده‌گوترێت نزیكه‌ى ته‌واوى مووسڵ خاپوور كرا. له ساڵى ١١٤٦ك حوسێن پاشاى جه‌لیلى، فه‌رمانڕه‌وایه‌تیى ویلایه‌تى مووسڵ ده‌گرێته ده‌ست و له ساڵى ١١٥٠ك نه‌خۆشیى تاعون بڵاو بووه‌وه و به‌و هۆیه‌شه‌وه خهڵکێكى زۆری مووسڵ گیانیان له‌ده‌ست دا، له هه‌مان ساڵیش‌دا مزگه‌وتى نوورى نۆژه‌ن كرایه‌وه. له سه‌ده‌ى سێزدهمى كۆچییش، محه‌مه‌دى كوڕى مه‌لا جهرجیسى قادرى، لە ساڵى ١٢٨١ك جارێكى دیكه مزگه‌وته‌كه‌ى نۆژه‌ن كرده‌وه و تهكیهیەكى له‌ناودا دامه‌زراند و له ساڵى ١٣٠٥ك كۆچى دوایى كرد.

 پێش ده‌ستبه‌كاربوونى نوورەدین

بۆچوونێك سه‌رله‌به‌رى مێژوویه‌كى ترمان له‌پاڵ مێژووه راسته‌قینه‌كه بۆ دەردەخا. له سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیسته‌م، رۆژهه‌ڵاتناسى ئه‌ڵمانى ئه‌رنست هرتسفلد، لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر مزگه‌وته‌كه کرد، ئه‌و رۆژهه‌ڵاتناسه باس له‌وه ده‌كات، پاشماوەی مزگەوتەکە هه‌مووى ناگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مى نوورەدین به ته‌نیا و ده‌شڵێت: ”له راستیدا مزگه‌وته‌كه له‌سه‌ر مزگه‌وتێكى بچووك بنیات نراوه، كه سهیفهدینى دووه‌م له ساڵى ٥٤٣ك بنیاتى نابووه“. رایه‌كى تریش هه‌یه ده‌ڵێت: ”پێش هاتنى نوورەدین به بیست ساڵ، ده‌ست به دروستكردنى مزگه‌وته‌كه كراوه و ئه‌و ده‌ستى به دروستكردنى نه‌كردووه، به‌ڵكوو سه‌رپه‌رشتیى ته‌واوكردنى كردووه“. رایه‌كى دیكه‌ش باس له‌وه ده‌كات ”پێشتر شوێنه‌كه كلێسا بووە و بە كلێساى چل شه‌هید ناسراو بووه“. چه‌ندین را و بۆچوونى دیكه له‌باره‌ى مێژووى مزگه‌وته دێرینه‌كه هه‌یه.

 مناره‌ى حه‌دبا

مزگه‌وته‌كه له كۆنه‌وه به مناره زهبهلاحهكهى ناسراوه، ئه‌ویش له‌به‌ر دوو هۆكار، یه‌كه‌میان له‌به‌ر بڵندى و نه‌خش و نیگارى، دووه‌میشیان له‌به‌ر لاربوونه‌وه‌ی، هه‌ر بۆیه ئێستا به مناره‌ى حه‌دبا و له‌كۆنیشدا به مناره‌ى درێژ ناوى ده‌ركردبوو و به درێژترین مناره له سه‌رتاسه‌رى عێراق ده‌ژمێردرا. وشه‌ى حه‌دبا چه‌ند را و بۆچوونى له‌سه‌ره، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه كه به زمانى عه‌ره‌بى یاخود مووسڵاوى به لاریان گوتووه حه‌دبا و له‌به‌ر لاریى مناره‌كه ئه‌و ناوه‌یان لێ ناوە. راى تریش هه‌یه ده‌گوترێت پێتریش مووسڵ ناوى حه‌دبا بووه، له‌به‌ر رووباره‌كه‌ى، لهمێژیشە وێنه‌ى مناره‌كه له‌سه‌ر پوول و له‌سه‌ر پاره‌ى ده هه‌زار دیناریى عێراقى و چه‌ندین سومبولى تر‌ى شاره‌كه و عێراقیشدا هه‌بووه.

مناره‌كه بۆ لار بوو؟

له سه‌ره‌تادا مناره‌كه راست و رێك بووه، به‌ڵام به‌ره‌به‌ره به لایه‌كدا خوار بووته‌وه، پسپۆران دواى چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه سه‌لماندوویانه، كه هۆكارى خواربوونهوهى مناره‌كه بۆ لاى رۆژهه‌ڵات به هۆكارى باى به‌رده‌وامى رۆژئاواوە بووه له مووسڵ، كه كارى له‌سه‌ر گێچى دیوارى مناره‌كه كردووه و پەیتا پەیتا خوار بووته‌وه، هۆكارێكى دیكه‌یش ئه‌وه‌یه، كه گۆڕانكاریى به‌سه‌ر پله‌ى گهرمیى بناغه‌كه‌یدا هاتووه. رایه‌كى دیكه‌ش هه‌یه دەڵێ، له كاتى بنیاتنانیدا كه‌مێك به لاى رۆژهه‌ڵات لاریان كردووەتەوە، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر هه‌ر كاتێك رووخا به لاى رۆژهه‌ڵاتدا بكه‌وێت، چونکە له لاى رۆژئاوا خانوو و ماڵى زۆرى لێ بووه، نەوەکوو بکەوێتە سەر ماڵه‌كان. ئه‌و رایه كه‌مترین متمانه‌ى پێ ده‌كرێت و له‌نێو خه‌ڵكى مووسڵ چه‌ندین ئەفسانەی دیكه له‌باره‌ى خواربوونهوهى مناره‌كه باس دەکرێن.

مناره‌كه له سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیسته‌م نۆژه‌ن كراوەتەوە و له ساڵى ١٩٨١ز كۆمپانیایه‌كى ئیتاڵى هه‌وڵى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى مناره‌كه‌ى داوه، له شه‌ڕى عێراق – ئێران چەندین بۆڕیى ژێره زه‌وی زیانیان پێكه‌وت، به‌و هۆیه‌وه ٤٠سم درزى تێكه‌وت. چه‌ندین جارى دیكه‌ش هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى درزه‌كان و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى به‌ش به‌شى دراوه و له ساڵانى حه‌فتاكانیشدا تیمێكى ئیتاڵى بۆ چاره‌سه‌رى كه‌مه‌رى مناره‌كه هاتوونه و ئه‌وان باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه مناره‌ى حه‌دبا له‌سه‌ر ئاستى جیهان درێژترینه و له هەموو منارهكانى هاوشێوه‌ى جوانتره و هونه‌ر و نه‌خش و نیگارێكى زۆرى له‌سه‌ره و بۆ ئەو سه‌رده‌م دروستكردنى موعجیزه بووه، چونكه ئه‌وكات وه‌كوو ئێستا ئامێر و زانست به‌و شێوه‌یه پێشكه‌وتوو نه‌بووه.

درێژیى و پانیى مناره‌كه

مێژووى دروستكردنى مناره‌كه بۆ ساڵانى٥٦٦-٥٦٨ك/١١٧١-١١٧٣ز له سه‌رده‌مى نوورەدین مه‌حموود كوڕى عیماده‌دین زه‌ندى ده‌گه‌ڕێته‌وه، درێژیى مناره‌كه ٥٠م و تەواوی درێژییەکەی ده‌گاته ٦٥م. مناره‌كه له چه‌ند به‌ش پێكهاتووه و هه‌ر به‌شێكى چه‌ندین نه‌خش و نیگار و شێوه‌ى ئه‌ندازه‌یى له‌سه‌ر نه‌خشێنراوه، كه بنهكهى له 9م و به‌شى بازنهییهكهى (لوولهییهكهى) له ٥،٣٥م و ئهستووریى دیوارهكهى كه له خشت دروست كراوه، ٩٢سم بووە. لە ناوهڕاستیشى قادرمهیهكى لووله‌یى له‌ناو مناره‌كه‌دا به‌ره‌و به‌رزایى سه‌ره‌وه‌ى مناره‌كه ده‌ڕوات و له باره‌ى نه‌خش و نیگاره‌كانى ده‌گوترێت، شێوه‌ى نه‌خشه‌كانى به راده‌یه‌كى ده‌گمه‌ن و بێ هاوتا بووه و به‌شێكى كۆنى له مۆزه‌خانه‌ى عێراق پارێزراوه.

راگەیاندنی دەوڵەت و تەقاندنەوەی

رێكخراوى تیرۆرستیی ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له عێراق و شام (داعش) له ساڵى ٢٠١٤ له مزگه‌وتى نوورى له‌لایه‌ن ئه‌بو به‌كر به‌غدادی، له‌سه‌ر سه‌كۆى مزگهوتهكهیەوە یه‌كه‌مین و دوایین وتارى بەر کامێرای دا، ئه‌وه‌ش به رۆژى دامه‌زراندنى خه‌لافه‌ته‌كه‌ی هه‌ژمار ده‌كرێت. له‌باره‌ى هۆكارى ئه‌وه‌ى كه بۆچى له‌و مزگهوتهیەوە داعش وتارى خۆى خوێنده‌وه، چه‌ند بۆچوونێك هه‌یه، له‌وانه داعش ده‌یزانى ئه‌و مزگه‌وته به‌های مێژوویى و ئایینیى خۆى هه‌یه، بۆیه ویستى له‌و ده‌رگایه‌وه خۆی پیشانی خەڵک بدا. دواتر ئەو مزگەوتە له‌لایه‌ن ئه‌و رێكخراوه تیرۆرستییهوە به شوێنێكى گرنگ هه‌ژمار ده‌كرا. له‌باره‌ى هۆكارى تهقاندنهوهیشى، چه‌ند بۆچوون و هۆكار و گومان خرانه روو، له‌وانه، داعش پێگه‌یه‌كى گرنگى خۆى بوو، نه‌یهێشت له‌دواى له‌ده‌ستدانى، له شوێنى ئاڵا رەشهكهیان، ئاڵاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبى هه‌ڵبكرێت، بۆیه له‌دواى خۆى ته‌قاندییه‌وه، هۆكارێكى تر‌ى ته‌قاندنه‌وه‌ى ئه‌وه بوو، داعش پێشتر هه‌موو سیما و مێژوو و شوێنه‌وارى شاره‌كه‌ى له‌ناو برد، ئه‌وه‌ش مزگه‌وتێكى زۆر كۆن بوو، تەمەنی نزیكه‌ى هه‌زار ساڵ بوو، بۆیه ویستى له‌دواى خۆى مێژووى شاره‌كه بسڕێته‌وه و لە رۆژی چوارشەممە ٢١ مانگی حوزیرانی ساڵی ٢٠١٧ تەقاندییەوە کە مێژووەکەی بۆ ٨٤٥ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. فه‌رمانگه‌ى شوێنه‌وارى مووسڵیش رای ده‌گه‌یەنێت، به زووترین كات ئه‌و مناره‌یه دروست ده‌كه‌نه‌وه.