تیپى موزیکاى منداڵانى بێخود


 

جەمالى ڕەزازى : لەگەڵ نەبوونى هیچ فێرگەیەکى خوێندنى موزیک لەشارى سلێمانى ،لەسەرەتاى سەدەى پێشوو و دواى کۆتایى هاتنى جەنگى جیهانى یەکەم ،بەهەوڵ و تێکۆشانى گەلێک کەسایەتى نیشتمان پەروەرو خەمخۆرى هونەرو موزیک و گۆرانى کوردى لەساڵى ١٩٢٦ تیپێکى موزیکى دادەمەزرێت ئەندامانى ئەو تیپە موزیکیە پێکهاتبوون لە (١٨) هونەرمەند بەسەرپەرشتى کەسایەتى کوردپەروەر ( شاکیر فەتاح ) (١) ،دواى ئەو تیپە موزیکیە هەر لەشارى سلێمانى تیپێکى تر لەساڵى ١٩٥٥ بەناوى ( تیپى موزیکاى مەولەوى ) دادەمەزرێت بەسەرپەرشتى هونەرمەندى کۆچکردوو ڕووحى شاد بێت ( قادردیلان ) سەرەتا ئەو تیپە پێکهاتبوون لە (١٣) ئەندام وەك هونەرمەندان ( قادر دیلان ، ولیەم یوحەننا ، نەجاتى عەبدە ، بەهجەت ڕەشید سەعاتچى ،حاتەم سەعید ، ئومێد مەدحەت موبارەک ، هادى عەنبەر ، سەردار ڕەمزى فەتاح ،حەمەفەرەج ،ساجید رشەفیق ، نورى بەدەوى ، قادر کوردى و حازم حەداد ) (٢)

تیپى موزیکاى مەولەوى توانیان خزمەتێکى گەورە بە هونەرى موزیک و گۆرانى کوردى بکەن و چەندین هونەرمەندى گۆرانبێژى بەتوانا لەدەورى خۆیان کۆبکەنەوە و خزمەتێکى بەرچاو بەڕۆِڵى هونەر بکەن لەسەر ئاستى سلێمانى و کوردستان بەگشتى ، کاروانى هونەرى میوزیک و گۆرانى لەشارى سلێمانى درێژەى پێدەدرێت وبەهەوڵ و هیمەتى کۆمەڵێک مرۆڤى خۆنەویست و هونەرپەروەر کە خۆڕسک دروستبوون نەیان هێشتووە ئەو گۆڕەپانە چۆڵ بێت و بۆشاییەکى هونەرى لەو شارە و کوردستاندا دروست ببێت ، دواى ئەو هەموو سۆزو خۆشەویستییەیان بۆ هونەر کۆمەڵێک گەنج و لاوى بەئەمەک تیپێکى تر دادەمەزرێنن لەساڵى ١٩٦٧ و گەلێک کارى هونەرى ئەنجام دەدەن تا ساڵى ١٩٧٣ وەك تیپێکى فەرمى خۆیان دەناسێنن و مۆڵەت وەردەگرن ، بەناوى ( تیپى موزیکاى سلێمانى ) کە چەندین هونەرمەندى دەست و پەنجە گەوهەر تا ئەمڕۆ خزمەتێکى گەورەیان بەڕەوتى هونەرى موزیک و گۆرانى کوردى یان کردووە لەسلێمانى و کوردستان بەگشتى ، کەهەمیشە جێگەى شانازیین ، تیپى موزیکاى سلێمانى بەسەرپەرشتى مامۆستا ئەنوەر قەرەداخى ، ولیەم یوحەننا ، خالید سەرکار ، فەرەنسیس داود و سەلاح ڕەووف و ......... تاد )

پاشان لەساڵى ١٩٦٩ تیپێکى تر پێکهات بەدەست و پەنجەى کۆمەڵێک هونەرمەندى میوزیک ژەنى بەتوانا ،هاتنە ناو گۆڕەپانى هونەرەوە ئەویش تیپى ( موزیکاى کۆمەڵى هونەرو وێژەى کوردى سلێمانى ) بەسەرپەرشتى مامۆستا ( نامدار قەرەداخى ، حەمە سەعید عەبدوڵا و عەلى ڕەزا .و .........چەندین هونەرمەندى تر ) ئەو تیپە موزیکى یانە لەگەڵ ئەو هەموو کەم دەرەتانە هونەرییانە و بارودۆخى ڕامیارى وڵات بەگشتى و بەتایبەت شارى سلێمانى نەبوە لەمپەر لەبەردەم هونەرمەندان و ئەو تیپە میوزیکانە ، بەڵکو بەئەرکى سەرشانى خۆیان زانیوە لەجاران زیاتر بەوپەڕى دڵسۆزییەوە درێژەیان بەو خەباتە هونەرییەداوە ، هەمیشە بەرهەمى باشتر و ڕەسەن و ناوزەیان خستۆتە سەر خەرمانى هونەرى نەتەوەیمان کەتائەمڕو لەناو هەست و دڵ و دەروونماندا جێگەیان گرتووە ،

دواى ئەوەى هونەرمەند ( قادر دیلان ) لەساڵى ١٩٦٢ کوردستانى بەجێهێشت و ڕووى کردە وڵاتى ( چیکۆسلۆفاکیا) بۆ مەبەستى درێژەدان بە خوێندن ، بەداخەوە تیپى موزیکاى مەولەوى هەڵوەشایەوە ، ، بەڵام بەهۆى خەمخۆرى و دڵسۆزى مامۆستا نامدار قەرەداخى و چەندین هونەرمەندى میوزیک ژەن و گۆرانیبێژ سەرلەنوێ تیپى موزیکاى مەولەوى لەساڵى ١٩٦٧ لەدایکبۆوە ،ئەو تیپە توانیان بەدەیان ئاوازى ڕەسەن و بەسۆز تۆماربکەن ، بەڵام نابێت ڕۆڵى هونەرمەندى کۆچکردوو میوزیکژەنى بەتوانا ( شەوکەت ڕەشید ) لەیادبکەین کە لەوسەردەمەدا ڕۆڵێکى گرینگ و بەرچاوى هەبووە لەخزمەتکردن بەهونەرو بەخشینى ئەو زانیاریە هونەرییانە کەلەناخیدا هەڵیگرتبوو بۆ ئەو کەسایەتیانەى کەتازە هاتبوونە ناو جیهانى هونەرەوە ، هەروەها ڕۆڵى هونەرمەندى کۆچکردوو شەوکەت ڕەشید ( گلکۆى پڕنووربێت ) لەهاوکارى تیپە موزیکیەکانى شارى سلێمانى بەگشتى و تیپى موزیکاى باواجى کۆیە ،لەکۆتایى ساڵانى حەفتاکانى سەدەى پێشوولەپاڵ ئەو هەموو تیپە موزیکیە بەتوانایانە ، چەندین تیپى موزیکاى منداڵان سەریان هەڵدا بوونە فیرگەیەکى زانستى بۆ خوێندنى موزیکا و پێگەیاندنى منداڵان لەوبوارەدا،

وەک تیپى موزیکاى منداڵانى بێخود بەسەرپەرشتى ( مامۆستا نامدار قەرەداخى ) ، تیپى موزیکاى منداڵانى پیرەمێرد بەسەرپەرشتى ( مامۆستا سەلاح ڕەووف ) ، تیپى موزیکاى منداڵانى نەورۆز بەسەرپەرشتى ( مامۆستا عوسمان محەمەد ئەمین ) لەگەڵ تیپێکى موزیکى منداڵان کە مامۆستا ( دلێر ئیبراهیم ) سەرپەرشتى دەکردن ، ژەنیارە ناودارەکانیان بریتى بوون لە ( کارزان و فەرمان ....تاد ) بەداخەوە لە کارەساتێکى دڵتەزێندا لەساڵى ١٩٧٨ دا لەڕێگاى هەولێر گیانیان لەدەستدا ، لەگەڵ دەست خۆشى و ڕێزو حورمەت بۆ ڕەنج و ماندووبوونى ئەو مامۆستا دڵسۆزانە کەتوانیان نەوەیەکى نوێ دروست بکەن کە ببنە هونەرمەندى دواڕۆژ و شانازیان پێوەبکەین ، بێگومان هەربەشێوەیەش بوو ، منداڵانى دوێنێ کە هەمیشە دەست و پەنجەو هۆش و هەست و هەمووکاتێکیان تەرخان کردبوو لەپێناو خزمەتکردن بەهونەرى نەتەوەکەیان ، ئەمڕۆ بوونەتە مامۆستاو هونەرمەندى بەتوانا لەژەنینى ئامێرەکانى میوزیک کە نموونەکانیان گەلێک زۆرن وەک ( هونەرمەند زاناى مەحمود هەژار ، ئالان عارف ، گۆران کامیل و نیاز نورى و هێرش عبدالرەحمان ولاوک لەتیف.....تاد ) تیپى موزیکاى منداڵان ( پیرەمێرد ،نەورۆز و بێخود) گەلێک کارى باش و ناوەزەیان لەڕۆژە سەختەکانى ئەو سەردەمەدا تۆمارکرد و هونەرى میوزیک و گۆرانى کوردییان دەوڵەمەند کرد ،و بەشدارى چەندین فیستڤاڵى چالاکى قوتابخانەکانیان کرد،

تیپى موزیکاى مندڵانى بێخود و سەرەتاى دروست بوونیان !

مێژووى دروستبوونى تیپى موزیکاى منداڵانى بێخوود دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایى ساڵى خوێندنى ١٩٧٦ ،مامۆستا نامدارقەرەداخى کە ئەو کاتە سەرۆکى تیپى موزیکاى مەولەوى بوو، دواى وەرگرتنى مۆڵەت لەبەڕێوەبەرایەتى قوتابخانەى بێخوودى سەرەتایى ،و بەهاوکاریى مامۆستا حەمەسەعید عەبدوڵا ( ڕووحى شادبێت ) و کاوە قادر قەرەداخى ، توانیان خولێکى فێربوونى میوزیک بۆ ٣٠ منداڵى ئەو قوتابخانەیەبکەنەوە کەتەمەنى ئەو منداڵانە لەنێوان ٩ بۆ ١١ ساڵ بووە ،هەروەها دابینکردنى ئامێرەکانى میوزیک وەك ( ڤیۆلۆن ، ئۆکۆردیۆن ، کیبۆرد ، گیتار ،جومبوش ، ماندۆلین ،فلوت ،ئیقاع ، (دەف و زەرب و زنجار) و چەلۆ ) دواى تەواوبوونى خولى فێرکردن بۆ ئەو قوتابیانە و دەرکەوتنى تواناو بەهرەى ئەو منداڵانە زیاتر بووە جێگەى سەرنج و گرینگیدانى ئەو مامۆستایانە بەرامبەر بەو منداڵانە بووە هۆى دروست بوونى تیپى موزیکاى منداڵانى بێخود ،تیپى ناوبراو لەماوەیەکى کورتدا توانیان گەلێک چالاکى هونەرى ئەنجام بدەن کە زۆر جێگەى خۆشحاڵى و ڕەزامەندى مامۆستاکان و خەڵکى بوون لەو کاتەدا ،بۆیەکەم جار تیپى موزیکاى منداڵانى بێخود لەڕۆژى جیهانى موزیکادا چوونەتە سەر شانۆ و بەشدارى ئەو یادەیان کردووە ، بەهەمەکانیان پێشکەش کردووە بوونەتەمایەى سەرسوڕمان و ڕەزامەندى ئامادەبوا.