بیوك ئاغا
 

 

مامۆستای گەورەی ئامێری تار (بیوك ئاغا) مۆسیقای کوردی لە مەهاباد، دەوڵەمەندتر کرد.

 

مامۆستای گەورەی ئامێری تار (بیوك شکوری) رۆژی ٢٨ مانگی بەفرانبار (کانوونی دووەم) ساڵی ٢٠١٤ لە نەخۆشخانەی شاری مەراغە ماڵئاوایی لەگەڵ تار، مۆسیقا‌و ژیان کرد. ئەم هونەرمەندە بە ڕەچەڵك ئازەرییە لەناو کۆمەڵگای هونەریدا خاوەن پێگەیەکی گرینگوو لێوڕێژ لە ڕێز‌و حووڕمەت بوو. لە تێکەڵاوی ئامێری تارو سۆزی مۆسیقایی خۆی وەها تابلۆیەکی لە هونەر دەئافراند کە کەم وێنە بوو.

بەرێزیان لە تەمەی لاوێتیدا هاتنە سابڵاغ‌و بۆ ماوەی چەند ساڵێك هاوکارێکی زۆر بە بایەخی مامۆستا "محەمەدی ماملێ" بوون. بەرهەمەکانی تەژی لە جوانی‌و هونەر بوون کە ئاوێتەی هەستی ئەویندارانە‌و هەڵقوڵاوی ناخی بەدیهێنەرانەیان بوو، لەو سەردەمدا یاریدەدەرێکی مەزن بوو بۆ هونەری گۆرانی لە شاری سابڵاغ‌ و لە هەمانکاتیشدا گەورەترین خزمەتی بە بەرهەمە هونەرییەکانی مامۆستا ماملێ دەگەیاند.

 مامۆستا بیوك ژەنیارێکی بێ‌هاوتاو تاقانە بوو، لە جوانی دا روخساری جوان و پۆشتە پۆش، خاوەن کاسایەتییەکی وێچوو، لە ڕادە بەدەر بە ئەدەب‌و جوان ڕەوشت بوو. لە پێشکەش کردنی بەرهەمەکان لەگەڵ مامۆستا ماملێدا وەها سەرکەوەتوو بوو کە دەتگووت لەگەڵ هونەر‌و گۆرانی کوردیدا گەورە بووە. ڕۆژێك کە ماملێ بۆ یەکەمجار گۆرانی "شیرەکەم لێدەڕژێ"ی بەهاوکاری مامۆستا بیوک پێشکەش کرد، دوای تەواو بوونی گۆرانییەکە، لەپڕ بیوك ئاغا بۆ ماوی دوو کاتژمێران وون بوو. کاتێك کە هاتەوە هەستی خۆی بە جووتێك گۆرەوی [٢] بە نیشانەی ڕێزو حووڕمەت بۆ ئەو گۆرانییە ڕەسەنە کوردیە پێشکەش بە مامۆستا ماملێ کرد.

 ئەم دوو هونەرمەندە بە زمانی ئازەری بەیەکەوە ئاخەڤتنیان دەکرد بەڵام لە هاوکارییە هونەریەکانیدا لەگەڵ مامۆستا ماملێ، وەها هونەری دەنواند کە مرۆڤ وای هەست دەکرد، ئەم ژەنیارە ئازەرییە بە کوردی ژیاوە. بەداخەوە گەردوونی بێ‌بەزە رۆژی خۆشی بەم هونەرمەندە گەورەیە رەوا نەبینی‌و وردە وردە کێشەی روحی‌و دەروونی رووی لە زیادبوون دەکرد. لەنەکاو ون دەبوو، کەس شوێنەکەی نەدەزانی‌و لە کاری هونەریشدا کێشەو کەمایەسی بەدی دەکرا. ئەو ڕۆژە زۆر دڵتەزێن بوو کاتێك کە خوشکی بەرێزیان هاتبوو بۆ سابڵاغ تا مامۆستا بیوك بەرێتەوە بۆ مەراغە، نەیدتوانی ئەم خەڵکە بەجێ بهێڵێ، ئەم خەڵکەی کە مامۆستا بیوکیان خۆش دەویست‌و ئەوپەڕی ڕێزیان بۆ ئەم هونەرمەندە هەبوو، لە شەقامی سەرەکی شاردا دەستەو ملانی خەلك دەبوو و ماڵئاوایی لێدەکردن، هیچکات ناتوانم ئەم بیرەوەریە تاڵانەی ئەو ڕۆژە کە بە چاوی خۆم بینیومن، لە یادیان بکەم. ئەو ڕۆژە مامۆستا بیوك لاوە قۆزەکەی جاران نەبوو، موووە رەختەکەی پاڕافینی پێوە نەبوون، جلکەکانی وەك جاران پۆشتە نەبوون، بەڵام هەر وەك جاران رەوشت جوان، وەفادارو خۆشەویست بوو. لەولاشەوە چاوەکانی پڕ لە ئەسرینی ماملێ، دەیڕوانییە ماڵئاوایی هونەرمەندێکی بێوێنە بە ژیانێکی تەژی لە بەسەرهاتی پڕ لە نەهامەتی، بە جۆرێك کە هیچی نەبوو لەم ڕۆژە ناخۆشەدا پێشکەشی بکات‌، جگە لە ئاهێکی پڕ لە داخ‌و گرێ. بە نەخۆشی مامۆستا بیوک‌و بردنەوەیان بۆ شاری مەراغە، گورزێکی گەورە وە هونەری گۆرانی سابڵاغ‌و ناچەوکەی کەوت.

ئەمەکداری، میوانداری‌و گەورەیی جەماوەری سابڵاغ وەهای گاریگەری لەسەر مامۆستا بیوك دانابوو کە جارجار دەهاتەوە سابڵاغ‌و شارۆمەندان بە گشتی‌و ماملێی بە تایبەتی دڵشاد دەکرد. بێ یەک‌و دوو مامۆستا ماملێ دەیبردە حەمام‌و روخسارە جوانەکەی جوانتر دەکرد. بەداخەوە رووحی مەزنی ئەم هونەرمەندە ئاوازەیە، ئارا‌و قەراری نەبوو و لە هیچ شوێنێک هەڵی نەدەکرد.

هەواڵی مامۆستا بیوکم لە هاوڕێیێکم پێدەگەیشت کە زوو زوو سەردانی مەراغەی دەکرد. باسی رەوشی نالەباری ژیانی ئەم هونەرمەدە مەزنەی بۆ باس دەکردم کە بە ئارتەقای گەورەیی هونەرەکەی گەورە بوون.

بنەماڵەی ماملێ سەرەخۆشی خۆیان بە‌بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستای ڕاستەقینەی تار‌و مۆسیقا زانی گەورە ئازەری ئاراستە بنەماڵەی ئەم هونەرمەندە‌و گەلی بەرێزی شاری مەراغە‌و هۆگرانی هونەر دەکات. لە کۆتاییدا دەبێ ئەمەش باس بکەم کە هاوکاری مامۆستا بیوکو مامۆستا ماملێ وێنەیەکی جوان‌و پڕلە واتایە بۆ بەیەکەوەژیانی دوو نەتەوەو نیزیك بوونەوەو ڕێزدانانی نەتەوەکان بۆ کولتور‌و جوانییەکانیان. یادییان بەخێرو روحیان شاد بێت.

عەزیز ماملێ

پاریس ١٨/١/٢٠١٤