ستی ساڵح مەلاباس


 

خوالێخۆشبوو ئافرەتی كوردستان دایكە (ستی ساڵح مەلاباس) لەساڵی ١٩٢٢ لە گوندی( زێوەیی ) سەر بە دەڤەری بارزان لە بنەماڵەكی كوردپەروەرو خەباتكار لە دایكبووە، گوندی زێوەش یەكێك لەو گوندانە بووە كە چەندەها جار وێران كراوە، خەڵكی ئەو دەڤەرەش هەموو كاتێك خاوەن هەڵویست بوونەو بەشداری شۆڕشەكانی بارزانیی نەمریان كردووە و خاوەن چەندەین شەهیدی قارەمانن، دایكە ستی لە تەمەنی لاویەتی لە ساڵی ١٩٣٢ ئاوارەی توركیا دەبێت و پێش دەستپێكی شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣-١٩٤٥ دەبێتە هاوسەری پێشمەرگەی دڵسۆز فەقی محەمەد زێوەیی. براو هاوسەری و ئامۆزایەكانی و كەسوكاری پەیوەندیان بە شۆڕشی دووەمی بارزان كردووە.. خوالێخۆشبوو دایكە ستی هاوسەری قارەمانی (فەقێ‌ محەمەد زێوەیی) یەكێك لە هەڤاڵی بارزانیی نەمر بووە و بەشداری لە شۆڕشی دووەمی بارزان و هەروەها بەشداری كۆماری كوردستان لە مەهابادیان كردوە و لەو هەڤاڵانەی بارزانیی نەمر بوونە بۆ سۆڤیەت كە لە دوای ئەوان ئەو بە تەنها ماوەی ١٢ ساڵ دوور لە هاوسەری منداڵەكانی خۆی بە سەختی پەروەردە كردووە دوای گەڕانەوەی بۆ كوردستان بەشداری شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی كردووە و دوای ساڵی ١٩٦٢ هلوسەری قارەمانی لە پێشمەرگایەتی كە بەسەردانێك دەگەڕێتەوە ناو خێزانی كۆچی دوایی دەكات، پاشان كوڕەكانی بەشداری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەكەن. دایكە ستی یەكێك لەو ئافرەتانە بووە وەك ئافرەتێكی تێكۆشەر خزمەتی بەرچاوی هەبووە و بە زەحمەت منداڵەكانی بە خێو كردوەو یەكێكە لەو دایكانەی كە ٣ كوڕی ئەنفالكراووە، هەروەها دایكی پێشمەرگەی قارەمان (عەزیز فەقێ‌ زێوەییە) كە بەشداری شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و راپەڕینی كردووە و پێش چەند ساڵ چوەتە بەر دلۆڤانی یەزدان.

 دایكە ستی نمونەی ئافرەتی كوردستان و دایكی هەردەم خۆشەویست بووە بۆ رێبازی بارزانیی نەمر و خانوادەی قارەمانی مێژووییەكەی پڕسەروەریان بۆ ئەمڕۆ بە دەست هێناوە. یادی بە خیر كە لە مانگی تەمموز بۆ یادی ئەنفالكراوەكانی بارزانییەكان لە پیرمام سەردانم كرد كە چەند بە سەبر و سەرخۆ بوو لە ژمارەی(
٤١٢٨) رۆژنامەی خەبات (٣١/٧/٢٠١٢) یادی ئەنفال و بەسەرهاتی ئەو خانوادەی هەردەم شۆڕشگێرم بڵاو كردەووە. دایكە ستی هەمیشە بە منی دەگوت بەردەوام بە لە مێژووی كوردستان كە چەند بە سەخت و خوراگری و خوێنی شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی كوردستان بە دەست دەهات دایكە ستی بیرەوەرەكانت هەردەم لای من بە زیندووی دەمێنەوە.. ئەمڕو دوای نێورانە بە هۆی نەخۆشی كە چەند ساڵ تووشی ببوو لە تەمەنی ٩٠ ساڵانی كۆچی دوایی كرد و لە گوندی دەربۆتگی سەربەردەڤەری بارزان بە ئامادە بوونی خزم و كەس و كاری بە خاك سپارد. هەزاران سڵاو لە گیانی ئەو ئافرەتە تێكۆشەر و هەموو شەهیدانی كوردستان

خەبات: سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
٢٠/٢/٢٠١٣