ژیاننامەی فەرماندەی دەشتی ھەولێر (فارس باوە)

 
لە دەشتی کاکی بەکاکی قەراج و کەندێناوەو دەشتی ھەولێردا، گەلێك شۆڕەسوارو پێشمەرگەو پیاوی ئازاو قارەمان ھاتونەتە دنیاوە، کە بونەتە جێگە شانازی ھەموولایەك، بەتایبەت شاری ھەولێر بە قەڵاو منارەیەوە، بەشێخی چۆڵی و بەعوزێر پێغەمبەرییەوە، سەری پێیان بڵندە، ھەمیشە ھەولێر ناوی ئەو رۆڵە چاونەترسانەی خستۆتە نێو تۆی حەیرانێکی بەجۆشی بەر ئاگردانی خۆی.

مەخموور بەھەردوو دەشتەکەی قەراج و کەندێناوە کەم جەرگ سوتان و ماڵوێرانی و کەم قوربانی نەداوە، بۆ ئەوەی سەدان رۆڵەی خۆبەختکەری وەك "فارس باوە"ەی تێدا ھەڵنەکەوێ.

ئەوکاتەی کە فارس باوە لە بەھاری ١٩٣٢ چاوەکانی لەگوندی (مەلاقەرە)ی سەر بەدەشتە بەپیتەکەی کەندێناوە ھەڵھێنا، شۆرشەکانی بارزان لەھەڵگیرسان و دامرکانەوە دابوون، کورد لەو ئان و ساتانەدا لەنێو ئازارەکانی خۆی دەژیا، بۆیە یاخی بوون دەستی پێکرد، دەنگی ھەڵێناو داوای مافە رەواکانی خۆی دەکرد.

بۆیە (فارس باوە) تازە خەتی سمێڵی دادەنا لەھەژدە ساڵی تێنەپەڕاندبوو، لەسەرەتای پەنجاکاندا، کە ڕووی کردە چیاو ژیانی خۆبەختکردنی لەپێناو رزگارکردنی کوردستاندا ھەڵبژارد، ھەر ئەوکاتە سوێندی خوارد کە تا نەمان لەکاروان سەرای خەباتکردندا سڵنەکاتەوە، تا رۆژی ئازادی بەچاوان دەبینێ و بەیەکجاری ھەست بەبوونی خۆی و دڵنیایی دەکات.

 ارس باوە لەماوەیەکی کورتدا، بوو بەناوێکی پرشنگدار لەنێو ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی کە قەیسەرییان لەدوژمن کردبوو بە کونە مشک، بۆیە لەساڵی ١٩٦٨ بوو بەفەرماندەی ھێزی دەشتی ھەولێرو پاشان بوو بەئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، فارس باوە جگە لەوەی پێشمەرگەیەکی ئازاو لێھاتوو بوو لەمەیدانی سەربازیدا، بەھەمان شێوە کادیرێکی سیاسی بوو، بەتایبەت بۆ ھۆشیارکردنەوەی خەڵکی و پەرەسەندنی گیانی نەتەوایەتی و کوردایەتی

بێستانە ئەو شوێنەی کە ھەوارگەی شەھید فارس باوە بوو، لەوێ وەکو سەرکردەیەکی لێھاتوو، کۆڕی خەباتی چەکداری و سیاسی خۆی جۆش دەدا.

ئەگەر سەیرێکی رابردووی ئەو کەڵَەپیاوە بکەین، لە مەیدانی سوارچاکی رابردوویەکی پڕ لەشانازی و پڕە لەسەربڵندی، ھەموو ئەو داستانە قارەمانەتیانەی تۆماری کردوون، وەکو لە (کەلی قەشقە، ماستاوە، قەرەچووغ، دێدەوان، عەوێنە، شاخۆڵان، دارەخورما، دۆڵەبەکرە، بیرە نەوتەکانی کەرکوك، شیشارو ماکۆك، لەھەندرێن و باوەخەڵان، لەگردەڕەشەو لەباخچە، و لەدەیان مەیدانی دیکەی نواندنی پیاوەتی و ئازایەتیدا، شایەتی قارەمانیەتی ئەو کەڵە پیاوە دەسەڵمێنن بۆ قوربانیدان.

 ھەڵبەتە لەبنەماڵەی باوەییەکان، تەنھا فارس باوە خۆی نەکردۆتە قوربانی کوردستان، بەڵکو ھەر ئەندامێکی ئەو بنەماڵەیە سەیر بکەین، جەرگی قوربانیدانیان لەھی فارس باوە کەمتر نەبووە، وەک ئەوەی فارس باوە لەناو ئەو خێزانەدابێ وایە، ئەوەتا شەھیدان (حاجی خدر باوە، قاسم باوە، فاریق باوە، یونس باوە، دەھام باوە)، ھەروەھا ئافرەتی دڵ گەورەو پڕ لەجەسارەت و سەربڵندی کورد (خەجە باوە) کە گەورەترین وێنەی قوربانیدانی ئافرەتی کوردی تۆمارکرد، بەھەڵکوتانە سەر تەخت و تاراجی بەعسییەکان و برینداربوون و پاشان شەھیدبوونی لەگۆڕەپانی شەرەفدا، بەشەھیدبوونی خەجەباوە جارێکی تر قوربانیدانی ئەو خێزانەی نوێ کردەوە، لەسەر ئەو رێبازە پیرۆزەی کە ئەوان گیانی خۆیان بەھەرزانترین دیارییەک دادەنا بۆی، فارس باوە ساڵانێک لەکوردستاندا دابڕابوو، لەگەڵ ئازادکردنی کوردستان و بەھاری ١٩٩١ گەڕایەوە کوردستان و بۆ ئەوەی ھەوای پاک و بێگەردی ئازادی ھەڵمژێ، ئەوەبوو جارێکی دیکە تفەنگی پێشمەرگایەتی کردەوە شانی بۆ ئەوەی بەردەوامی بەخەباتی خۆی بدات، بوو بەفەرماندەی پاراستنی ھەولێرو پاشان کارگێری لقی دووی پارتی و بەرپرسی بەشی عەسکەری.

 دوای ئەوەی فارس باوە باری تەندروستی بەرەو خراپی دەچێت، نەخۆشی تەنگی پێ ھەڵچنی و ئەو ئاسکە کێوییە چاپووکەی خستە نێو پێخەفە دەستە پاچەیی، بۆیە بوو بەھاورێی سەرین و نەخۆشخانە، دوای گەڕانەوەی بۆ ھاوینەھەواری پیرمام، رۆژی ١٣/٣/١٩٩٥ بەرێز مەسعود بارزانی سەردانی فارس باوە دەکات لەماڵەکەی خۆی و دڵنەوایی ئەوەی پێدا، کە ئەوەی ئەو چاندوویەتی ئەوەتا ئێمە و نەوەی دوای ئێمەش بەرووبوومەکەی دەخۆین و دڵنیایی کردەوە کە ژیان بۆ کەسانی وەك فارس باوە لەبەرچاو ون نابن، ھەر لەم بەسەرکردنەوەیدا بەرێز مەسعود بارزانی پێی وت: (تو کوڕی بارزانیت)، دیارە شەرەفێکی گەورەیە بۆ فارس باوە کە ئەم نازناوە پیرۆزەی پێ بدرێت، ئەمەش گەورەترین پاداشتێک بوو کە بارزانی بە فارس باوەی بەخشی.

دوای بەردەوامبوونی نەخۆشییەکەی، ئەوەبوو لەسپێدەی رۆژی ٢١/٣/١٩٩٥ لەھاوینەھەواری پیرمام لەوکاتەی خەڵکی کوردستان ئاھەنگی نەورۆزیان دەگێڕاو ئاگری نەورۆز تاوەکو ئەم سپێدەیەش بڵێسەی لەسەر چیاو کێوو تەلاری کوردستاندا ھەرمابوو، خەڵکی ئاھەنگی یادی رزگارکردنی کەرکوکی دەگێڕا، لەنێو ئەو ئاھەنگە نەتەوایەتییە بەجۆشانە، بە ئارامی "فارس باوە" گیانی پاکی بەرەو ئاسمانی نەمری ھەڵکێشا، ھەواڵی کۆچی دوایی لەھەموولایەکدا بڵاوکرایەوە، دڵی ھەزارانی ھێنایە ھەژان و فرمێسکی نامۆیی بەھەزاران ڕشت و لەوانەی رۆژانی قارەمانیەتی فارس باوەیان دەھاتەوە بەرچاوو لەگەڵیدا ھەناسەی قووڵی ئاخ و داخیان بۆ ھەڵدەکێشا. ئەوەبوو بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لەدۆستان و ھاورێیانی لەھاوینەھەواری سەلاحەدین، تەرمی پیرۆزی بەخاك سپێردرا.

دواتر لەڕێوەرسمێکی شایستەدا لەرۆژی ١٠/٣/١٩٩٧ بەئامادەبوونی بەرپرسانی حیزبی و ئیداری تەرمی پیرۆزی فەرماندە (فارس باوە) لەھاوینەھەواری سەلاحەدین بەرەو گوندی (پیرداود) مەنزڵگەی فارس باوەی نەمر گوازرایەوە.

شایەنی باسە "فارس باوە" فەرماندەی ئازاو قارەمان، یەکێك بوو لەپێشمەرگە لێھاتووەکانی شۆڕشی ئەیلوول و ماوەیەکی زۆر فەرماندەی دەشتی ھەولێر بووە، ئەو مرۆڤێکی خاکی بوو، ھەروەک ھەمیشە دۆستی ھەژارو لێقەوماو بوو، خاوەن دڵێکی سادەو گەورەو جێگەی متمانەو باوەرپێکراوبوو، ماوەتەوە بڵێن فارس باوە دووجار ژیانی ھاوسەری پێکھێناوە لەگەڵ (حاجی فاتم و خاتوو سوعاد)، ھەروەھا پێنج کوڕیشی بەناوەکانی (نایف، باوەڕ، ھۆگر، توانا، کەریم)، ھەروەھا سێ کچیشی لەدوای خۆی بەجێھێشتووە.

لەکۆتاییدا ھەزاران چەپکە گوڵی ئەم کوردستانە بۆ گیانی پاکی شەھید فارس باوەو تێکڕای شەھیدانی کوردو کوردستان دەنێرین. ماوەتە بڵێن دەنگی مەخموور بۆ ھەر ژمارەیەك ھەوڵدەدەین کە ژیانی شەھێدیک یان سەرکردەیەك بەسەر بکەینەوە.

نۆسینی ژیاننامە: بەختيار محەمەد

 گەڕەكی شەهیدانی سێتاقان

 خانووەكانی گەڕەكی شەهیدانی سێتاقان ماوەی چل ساڵ پێش ئێستا دروستكراون، كە هێمای خەنجەر و شمشێر لەسەر سەتارەكانیان دروستكراوە، ئەو هێمایانە ئاماژەی سەردەمێكی سیاسییە، كە ئێستا سەردەمەكە جیاوازە و هێماكانیش لای هەندێكیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

ئەو خانووانە كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوون پێكدەهێنن، كە پێشتر لەسەر داوای مستەفا بارزانی بۆ خانەوادەی شەهیدەكان دروستكراوە، خانووەكانی ئەو كۆمەڵگەیە لەكاتی دروستكردنیان وێنەی شمشێر و خەنجەرێكیان لەسەر نەخشێنرابوو، ئێستاش كە دانیشتووانی گەڕەكەكە خانووەكانیان نۆژەن دەكەنەوە، زۆربەیان تەنیا وێنەی خەنجەرەكە دەنەخشێننەوە.

هەر یەكێك لەو خانووانە لەسەر رووبەری٢٥٠ مەتر دروستكراون و بەشێكی زۆریان فرۆشراون و تەنها چەند ماڵێك لەخاوەنی یەكەمی خانووەكان لەو گەڕەكە ماون، هەر یەكێك لەوان چیرۆكێك بۆ ئەو وێنەیە دەگێڕێتەوە، بەڵام هەمووان لەسەر یەك رستە كۆكن، كە ئەویش "دانانی ئەو وێنەیە لەو ساڵانەدا پێویستییەكی مێژوویی بوو، چونكە خەنجەرەكان هێمای كوردان و شمشێرەكان هی عەرەبان بوون"ە.

مام عەلی تەمەنی زیاتر لەحەفتا ساڵەو ماوەی سی ساڵە لەو گەڕەكە نیشتەجێیە، گەرچی ئەو خانووەكەی لەكەسێكی دیكە كڕیوەتەوە، بەڵام وەك خۆی باسی دەكات، هۆكار و مێژووی نەخشاندنی ئەو وێنانەی بەتەواوی بێر دێتەوە، هەر بۆیە دەڵێ "ئەو وێنەیە هێمایەك بووە بۆ پێكەوەژیانی كورد و عەرەب، بۆیە كارێكی جوان بووە".

كۆی خانووەكانی ئەو كۆمەڵگەیە لەسەر شێوازێكی دیاریكراو دروستكراون، كە بریتییە لەدوو ژوور و حەوشەیەك و رێڕەوێكی تەسك و شێوازی دروستكردنەكەی گوزارشتێكی روونە بۆ ئەو سەردەمە.

پورە فاتیمەی تەمەن شەست ساڵ بەكەزیە ماش و برنجەكەیی و سەرپۆشێكی سپییەوە لەتەنیشت سەماوەرێكەوە دانیشتبوو، ئەو بەدەم چاتێكردنەوە باسی سەرەتای دروستكردنی ئەو خانووانەی بۆ (سڤیل) كردو گوتی "ئەو كاتە دەوروبەری ئەم گەڕەكە چۆڵایی بوو، تەنها گەنم و جۆی لێ چێنراوە، لەگۆڕستانی شێخ ئەحمەدەوە جۆگەی ئاو هەڵبەسترابوو بۆ ناو شێخەڵا، دواتر بەهۆی ئاوەدانییەوە ئەو كارێزانە نەمان و چەند كانییەكیش هەبوون بەسارداو ناسرابوون، كاتێك پیاوەكان لەدوروێنە دەبوونەوە لەو كانییە ئاویان دەخواردەوە، سەرەتا بەم گەڕەكەیان دەگوت (گەڕەكی شەهیدانی فارس باوە)، چونكە فارس باوە كە خۆشی هەر فەرماندەی پێشمەرگەی پارتی بووە، ئەندامیش بوو لەلێژنەی دروستكردنی خانووەكان".

بەپێی قسەكانی ئەو ژنە وێنەی ئەو دوو شمشێر و خەنجەرەی لەسەر خانووەكان نەخشێنراون، بەمانای ئەوە لێكدەدەرێتەوە كە مەلا مستەفا ئەو خانووانەی بەخەنجەر لەبەعس وەرگرتووە، ئەو خەنجەر بەهێمایەك بۆ ئەو چەكانە ناو دەبات، كە كورد لەشەڕەكانیدا بەكاری هێناون.

پورە فاتم پەرۆشی هێشتنەوەی ئەو وێنەیەیە لەسەر خانووەكان، هەر بۆیە وەك خۆی دەڵێ "هەر ماڵێك خانووەكانیان نۆژەن بكەنەوە، پێیان دەڵێم ئەو خەنجەرە لا مەبەن، بۆ مێژوو با بمێنێت".

عەبدوڵڵا خەفاف، كە كاتی دروستكردنی ئەو خانووانە تەنها ئەندازیاری شاری هەولێر بووە، خۆی سەرپەرشتی لیژنەی دروستكردنی ئەو خانووانەی كردووەو لەلایەن بارزانییەوە دەمانچەیەك بەخۆی و لیژنەكە بەدیاری بەخشراوە، ئەو كە ئێستا لەژیاندا ماوە، دەڵێ "بێ ئەوەی بدرێت بەبەڵێندەر لەڕێگەی جێبەجێكردنی راستەوخۆوە خانووەكان دروستكران، كە گەیشتە ستارەی خانووەكە، نوێنەری عێراق لەلێژنەی دروستكردنی خانووەكان قاڵبێكی هێنا كە وێنەی شمشێرێكی لەسەر بوو، هێمایە بۆ عەرەب و ئێمەش رەتمان كردەوە، بەڵام دواتر رێككەوتین كە خەنجەرێكیش لەتەنیشتی دابنێین، وەك هێمایەك بۆ كوردان، بەم پێیەش ئەو وێنەیە لەسەر خانووەكان نەخشێنرا