حەمەد كوردە

ئەگەر سەیری لاپەرەكانی مێژووی كۆمەڵایەتی ناوچەی كەندێناوە بكەین یەكێك لەو پیاوە ماقوڵ و ناسراوانەمان بەرچاودەكەوێت ئەویش (حەمەد كوردە) یە . ئەم پیاوە توانیویەتی لە مێژووی ژیانی خۆیدا یەكێك بێت لە كەسایەتییە دیارەكان و وەكو نموونەی پیاوچاك و سوارچاك باس بكرێت و یەكێكیش بووە لە هەوادارانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی شێخ مەحمودی نەمرو لەو ناوچەیدا و لەگەڵ كەسانی تردا

هاوخەبات بوون .

خوا لێخۆشبوو حەمەد كوردە ڕەسوڵ كوردە لە ساڵی
١٨٩٠ لە دیبەگە لەدایكبووەو و لە زووەوە لەگەڵ بنەماڵەكەیدا لە وولاتی كۆێی بۆ كەندێناوە كۆچیان كردووە ، هەر لە منداڵیەوە كەسێكی سەركێش و بزێو و چاوكراوە بووەو باوەڕی بەخۆی هەبووە لەگەڵ ئەوەی نەخوێندەوار بووە بەڵام بیرتیژوو دووربین بووە ولە قۆناغەكانی ژیانی دا سێ جار ژنی هێناوە لە ژنی دووەم وسێیەمی چەند كوڕێكی بە ناوی سوارەو كاخدرو كانەبی وعەلی و مامەندو عومەر دوو كچیشی بەناوی عەیشێ و زبیدە هەبووە و لەناو ئەوانەشدا تەنها سوارەو مانەند لە ژیاندا ماون.
حەمەد كوردە هەمیشە سڵی لە وە نەكردۆتەوە لە بەرامبەر نەیارەكانی نزمی بنوێنێ بۆیە هەمیشە چەكی لەدەست ودەورە دابووە بۆ پاراستنی خۆیی و خانەوادەكەشی خانوویەكی گەورەی لە سەر شێوەی قەڵا لەسەر ڕووبەری
١٥٠٠ مەتر دووجا بنیات ناوەو لە چوار لادا قوللە (قولغە) ی پاسەوانی وچاودێری هەبووە .
لە بواری كشتوكاڵیشدا خاوەنی چەندین دۆنم زەوی كشتوكاڵی بووەو خۆشی بەشداری لە جووت ودروێنەدا كردووەو لەبەر ئەوەش بووە لەسەردەمی كێشەی موڵكداری لەناوچەكە تەنازولی لەسەر بستێك زەوییەكانی بۆ ئاغاكان لەو سەردەمەدا .
لە بارەیەوە مام سوارەی كوڕە گەورەی حەمەد كوردە باس دەكات و ئەوەندەی لە بیری دایەو كاتێك ئەو تەمەنی بچوك بووە باوكی كۆچی دوایی كردووە دەڵێت باوكم پیاوێكی مامناوەندی بەژن ئاسایی بووە بە ڕادەیەك توندوتیژبووەو حوكمی خۆی لەسەر خێزانەكەمان و خزمەكانیشماندا ڕۆیشتووە، هەروەها دەڵێت ئاشنایەتی بە دەنگی حەیران ولاوك دا هەبووە سەرمەست بووە بە لاوك و داستانی قارەمانییەتی لاوچاكانداو بۆ خۆشی خۆشی لاوك و حەیرانی گووتوە .
لەبواری كۆمەڵایەتیدا كەسایەتییەكی خاوەن هەڵوێست بووەو پەناگەی لێقەوماوان بووەو پەنای داون و لەمەترسی پاراستوونی خاوەنی دیوەخانی خۆی بووەو لەگەڵ پیاوانی هاوسەردەم وهاوتەمەنی خۆشیدا پیاوێكی قسە خۆش و بەسوعبەت بووە . بەوپێیەی ماڵەكەی لە پەراوێزی شارۆچكە یان گوندی دیبەگە بووە زۆر حەزی بە دەشت ودەر كردووەو هەرلە نزیك كێڵگەكانی خۆیەوە بەنداوێكی دروستكردووە بۆ گلدانەوەی ئاوی باران وساڵانە لە وەرزی زستان وبەهاردا تاكو هاوین سوودی لەو بەنداوە وەرگرتووە بۆ ئاوی خواردنەوەو ماڵات نەوەك هەربۆخۆی بەڵكو بۆ خەڵكیش ، ئەم بەنداوەش تاكو سەرەتای ڕاگواستنی دیبەگە شوێنەواری ماوەو تەنانەت ئاوی تیبَدا كۆبوبۆوەو بە گۆمی حەمەد كوردە ناسرابوو .
لە ڕووی نیشتمانپەروەرییەوە حەمەد كوردە هەر لەسەرەتاوە كەسێكی كورد پەروەرو نیشتمان پەروەر بووەو هەواداری بزوتنەوەی مەلیكی كوردستان شێخ مەحمودی نەمر بووەو و پشتیوانێكی شۆڕشەكەی شێخی كردووە و لەبەر ئەم هەڵویستانەشی لەناوچەكەدا كەسێكی خۆشەویست بووە.
ئەم پیاوە لە ساڵی
١٩٣٥ بە نەخۆشی لە نەخۆشخانەكانی بەغدا كۆچی دوایی دەكات هەرلە گۆڕستانێكی ئەو شارەش دەنێژرێت، هەزاران ڕەحمەت لەگیانی پاكی حەمەد كوردە .
ئەوەی ماوە لەسەر ئەم پیاوە بڵێین چەندین بیرەوەرین لەنێو هاوڕێكانی و نەوەكانی ئەم پیاوە ماوەو زۆرجاریش وەكو سونبوڵی پیاوماقولی و ئازایەتی جەربەزەیی و پشتیوانی جووتیاران لە و ناوچەیە ئاماژەی بۆ دەكرێت
.