رەوشەن نەبی خێزانی شەهیدی فەرماندە عیسا عەبدوڵڵا كەركەمۆی

١٣/٣/٢٠١٢

دایكە رەوشەن نەبی خێزانی شەهیدی فەرماندە عیسا عەبدوڵڵا كەركەمۆی : وەك خێزانی شەهیدێك لە رێگای تۆ سڵاو بۆ هەمووپێشمەرگەكانی كوردستان، دوا لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم كە بە هەموو چین و توێژەكەوە پاڵپشتی هێزەكانی پَێشمەرگە بن ئەمشەوە سەردانى بەسەركردنەوی دایكە رەوشەن نەبی كرد و دوای هیوای تەندروستیم خواست بۆدایكە رەوشەنی یەكێك لەو ئافرەتانە بووە كە رۆژانی سەخت خزمەتی كردووە بە كوردستان ،

دایكە رەوشەن هاوسەری شەهید فەرماندە عیسا عەبدوڵڵا كەركەمۆیی و لە بنەماڵەەیكی كوردپەروەر و خەباتكاری كوردستانن.

هەرچەندە دایكە رەوشەن زۆر نەخۆش بووە و لە كاتی بەسەردانی بۆ لای زۆر دڵخۆشكەر بوو و هیوای سەركەوتنی بۆمن خواست. پاشان ئەویش خۆشحاڵی خۆی دەربڕی ، هەروەها باسی وەزعی كوردستان بۆئێمەی كرد و وگوتی: لە رێگای تۆ سڵاو بۆ هەمووپێشمەرگەكانی كوردستان دەكەم كە چۆن بە حەماسەوە خەبات دەكەن و لە ناو سەنگەرەكانی خەبات بۆ بەرگری كوردستان .زۆر خۆشحاڵ بوو بۆ ئەو سەردانەو هیوای سەركەوتن بۆ كوردستان خواست. بۆیە بە پێویست دەزانم سەردانی ئەو كەسانە بكەین كە لە ر

خانەوادەی شەهید (عەبدوڵڵا كەركەمۆی):

داوامان ئەوەیە كە دایكانی ئەمڕۆو سبەی نەوەكانی خۆیان لەسەر رێبازی پاكی خزمەتكردنی كوردستان پەروردە بكەن كە چۆن ئەم ئازادیە بە خەبات و خوێن بە دەست هاتووەو دەبێ‌ هەموومان یەك بین بۆ پاراستنی كوردستان

خەبات: سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی

لە كاروانی خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستاندا زۆر سەركردەو فەرماندەی قارەمان هەلكەوەتوون، كە هەریەكێكیان بە ئازایەتی و خۆڕگری

خۆیان لاپەڕەكانی مێژووی خەباتی نەتەوەكەمانیان رەنگینتر كردووە، بۆیە ئەو رۆڵە بە جەرگانە هەمیشە جێگەی ئێمە شانازیمانن و تاهەتایە بە سەربەرزیەوە ناویان دەهێنین و یادیان دەكەینەوە.. لێرەدا هەڵوەستەیەك لە ئاست یەكێك لەو پێشمەرگەو فەرماندە عەگیدانە دەكەین كە رۆڵێكی جوامێرانەی بینوەو هەروها لە بنەماڵەیەكی خەباتكارەو خاوەن چەند شەهیدی فەرماندەن بۆ ئازادی كوردستان، ئەویش بنەماڵەی (عەبدوڵڵا كركەمۆی) یە كە یەكێكە لەو فەرماندە ناودارەكانی ناو بارزانییەكان بووە، لە لایەن بارزانییەكان شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕ بووە و فەرماندەیەكی مەزنی لەشكری بووە، (عەبدوڵڵاكركەمۆی) لە زۆر داستانەكانی شۆڕشی بارزان بەشداری كردووە بە تایبەتی لە شەڕی گەورەی مەزنی دۆڵاڤاژی لە ساڵی ١٩٣٢ دا (عەبدوڵڵا كركەمۆی) یەكێك لەو قارەمانانە بوو بە خۆی و لەشكری شۆڕشگێڕ لە گوندی ژاژوك بۆ ڤاژی و لەوێدا بەرامبەر دوژمنانی كوردستان راوەستان دوای روودانی شەڕێكی زۆر مەزن لە گەڵ حكومەتی داگیركەری ئێراق، دواتر بە فەرمانی (بارزانی) دەبووایە خەلیل خۆشەوی و عەبدوڵڵا كركەمۆی و ئەحمەد نادر ئەو ٣ فەرماندە لەگەڵ زیاتر لە ٢٠٠ كەس لە نێوان گوندەكانی گەردییان دەمێنەوە و بە نهێنی لە سەر ئەو چەكانەی كە لە كاتی داستانی دۆڵاڤاژی بە دەست هات بوو لە لای ئەوان بۆ كاتی پێویست كە كەڵكی لێ‌ وەربگرن، لە ساڵی١٩٣٤ جارێكی تر لە ناو بارزانییەكان شۆڕش سەری هەڵدایەوە و بزوتنەوە دەستی پێكرد بە سەرۆكایەتی خەلێل خۆشەوی و عەبدوڵڵا كركەمۆی و ئەحمەد نادر و چەند فەرماندەی تر، لە ئەیلوولی ساڵی١٩٣٥ ئەحمەد نادر فەرماندەی ناوداری بارزانییەكان شەهید كرا كە نموونەی سەركردە و قارەمانی بە ئازا بۆ كوردستان بووە، كە ئەوانە خۆیان رادەستی دوژمن نەكرد و قارەمانانە شەڕیان دەكرد و گەنجانی بارزانی دەگەیشتنە لای ئەو قارەمانانە و تاكۆ ساڵی١٩٣٦ شەهید بوونی فەرماندەی قارەمان خەلیل خۆشەوی و هاورێیانی بە شەرەف و سەربەرزی شەهید كران. لە دوای شەهید بوونی دوو فەرماندە شەهیدخەلیل خۆشەوی و ئەحمەد نادر و فەرماندەی قارەمان عەبدوڵڵا كركەمۆی بریندار بوو دواتر ئەویش كۆچی دوایی كرد، لە دوای خۆی چەند كوڕی بۆ وڵاتەكەی بەجێهێشت كە ٤ یان شەهید بوونە، كوڕی یەكەمی ناسراو بوو بە (میشكو) لە شۆڕشی دووەمی بارزان شەهید بووە، كوڕی دووەمی (محەمەد) كە گەنجێكی لێهاتوو بوو ئەویش لەو ساتانەی كە برای قارەمانی (مستێ‌ عەبدوڵڵا) لە سۆڤیەت بوو شەهید بووەو كوڕی سێەمی (عیسا عەبدوڵڵا) كە فەرماندەیەكی قارەمان و بەشداریی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی كردووە و لە ئاداری ١٩٦٢ لە داستانی مریبا بە خۆی و چەند لە هەڤاڵانی شەهید دەبن و كوڕی چوارەمی (شەریف عەبدوڵڵا) كە ئەویش فەرماندەیەك بوو بەشداری شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی كردو رۆڵێكی بەرچاوی گێڕا لەو شۆرشەداو مخابن ئەویش لە داستانی سیدەكان لە ئەیلوولی١٩٦٢ گیانی خۆی فیدای كوردستان دەكات و كوڕێكی شەهید (عەبدوڵڵا شەریف) كە لە پرۆسەی ئازادی ئێراق ئەویش لەگەڵ هاوڕێیانی شەهید دەبێت لە ساڵی٢٠٠٣. ئێمە بۆ بەرز راگرتنی یادی ئەو شەهیدانە بە پێویستمان زانی سەردانی٢ خانەوادەی شەهید(عەبدوڵڵاكركەمۆی) و ئەم بنەماڵە قوربانی بەخشە بكەین و لە نزیكەوە بە سەریان بكەینەوە. بۆ ئەم مەبەستە چاومان كەوت بە دایكە (رەوشن نەبی سەردەری) خێزانی شەهید (عیسا عەبدوڵڵا) كە لەگەڵ ئاسیای كچی كە ئەویش خێزانی شەهیدە ژیان دەباتە سەرو هەروها دایكە (حەمایل سوار لیری)خێزانی شەهید (شەریف عەبدوڵڵا) كە ئەویش لەگەڵ نەوەكانی كوڕی شەهید( عەبدوڵڵا شەریف) دەژیت..

 

لە سەرەتا لەگەڵ دایكە (رەوشەن سەردەری) كەوتینە گفتوگۆَو بەم شێوەیە بۆمان دووا:

من چۆن باسی ژیانی خۆم بۆتان بكەم كە پڕە لە غەریبی و ناخۆشی و پڕە لە ئێش و ئازار.. لە ساڵی١٩٤٠ لە گوندی سەردەری سەر بە دەڤەری بارزان لە دایكبوم، لە تەمەنی منداڵی بوومە كە شۆڕشی دووەمی بارزان دەستپێكردوەو بنەماڵەی ئێمەش بەشداری ئەو شۆڕشە بوونە، لە تەمەنی ٥ ساڵی بوومە لە كەسوكارم لەگەڵ لەشكری بارزانییەكان بە سەرۆكایەتی خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەدی بارزان و بارزانیی نەمر چوونە بۆ پاڵپشتی و بەرگری كردن لە كۆماری كوردستان لە مەهابادو مێژوو دەزانێ‌ كە بارزانییەكان چ سەروەرییەكان بە دەستهێناوە، كە گەورە بووم لە دایكی رەحمەتیم دەپرسی، باشە بۆ وامان بەسەرهاتووە بۆ ئەوها ئێمە ماڵوێرانی و ژیانی پڕدەردەسەریمان چێشتوە؟ دەیگوت: لە پێناو كوردستاندا بەو شێوەیە ژیاوین چونكە دوژمنەكان نەیاندەهێشت ئێمە بە ئازادی و خۆشی ژیان ببەینە سەرو بە ئاسودەیی بژین. كە دایكم ئەمەی بۆ من گێڕایەوە تێگەیشتم راستیەكەی وابوو كە ئێمە لە پێناو ئازادی دەبێ‌ قوربانی بدەین و تەحموولی هەموو سەختیەك بكەین، بۆیە من ناتوانم باسی ئەو هەموو سەختیە بكەم كە بە دەیان لاپەڕە باس ناكرێت كە چ ئازارو ئەزیەتەكمان بینووە.

ئێوە وەك خێزانی شەهیدی فەرماندە (عیسا عەبدوڵڵا كركەمۆی)، چۆن ئاشنای ئەو بوویت و ئەو مرۆڤێكی چۆن بوو؟

بە حەقیقەت هاوسەرم كەسێك بوو كە بە بنەماڵە خەباتكار بوونەو خانەوادەكەیان زۆر كۆڵنەدەر بوونەو كوڕی عەبدوڵڵای كركەمۆییە كەسێك بووە بەشداری شۆڕشەكانی بارزانی كردووەو ٢ برای لە ناو شۆڕشەكانی بارزان شەهید بوونە، (عیسا عەبدوڵڵا)ی هاوسەرم ئەویش شۆڕشگێر بووەو لە تەمەنی لاوی بووەتە پێشمەرگەو پێش شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەشداری كردووە و برای شەهیدی فەرماندە (شەریف و مستێ‌ عەبدوڵڵایە) ، هاوسەرم زۆر مرۆڤێكی كوردپەروەر بوو، وەفاداری رێبازی باوكی و برایەكانی بووەو درێژە پێدەری خەباتی ئەوان بوو. من هەرچەند لە گەڵ ئەوان خزم و كەسم بەڵام زۆرتر ئاشنایەتیمان بۆ ئەو كاتانە دەگەڕێتەوە كاتێك برای قارەمانی ( مستێ‌ عەبدوڵڵا) كە لەگەڵ ٥٠٠ كەسی تر یاوەری بارزانیی نەمر بوونە بۆ سۆڤیەت و ژیانی مان و نەمانیان هەڵبژاردە بوو لە پێناو كوردستان، ئەوكات ئێمە پێكهەوە بوین و لە ئاوارەیی یەكترمان ناسی و من بە خۆشەویستی بوومە هاوسەری، چونكە مرۆڤێكی بەرەحم و سیفەتی مەردایەتی تێدابوو بۆیە من لەگەڵ گەڕانەوەی برای گەورەی (مستێ‌ عەبدوڵڵا) لە سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٥٩ بۆ كوردستان بوومە هاوسەری و ژیانی خێزانیمان پێكهێنا.

لەبارەی هەندێك لە سیفەتەكانی شەهیدی فەرماندە (عیسا عەبدوڵڵا كركەمۆی) دایكە (رەوشەن) بە غەمباری و چاوەكانی پڕببون لە ئەشك گووتی:

مرۆڤێك بوو كە هەموو دڵی پڕ ببو لە كوردایەتی، پێشمەرگەیەكی كوردستان بوو، هاوسەرم شەهید عیسا هەموو كاتێك خۆی بە خزمەتكاری میللەت دەزانی و هەروەها ناوبانگی هەبوو كە چەند خەباتگێڕ بووە. ئەو فەرماندەیی داستانەكانی دەكرد كە هەتا شەهید بوونی ئێستا ناوی هەر بە زیندووی مایتەوە دەتوانی بچێتە لای هاوسەنگەران و پێشمەرگەكانی نزیكی پرسیار بكەی كە چەند خەسڵەتی مرۆڤ دۆستی پێوە دیار بووە و چەند ئینسانێكی كۆمەلایەتی بووە و هەموو كاتێك لەگەڵ حەق بووە. بەشداری شۆڕشی ئەیلوولی مەزنی كردووەو كەسێكی جێی متمانەی بارزانیی نەمر بووە ، هاوسەری شەهیدم هەموو كاتێك لەگەڵ حەق بووە و راستی قبوولی دەكرد، پێشمەرگەیەك بوو هیچ كاتێك رەخت و فیشەكی لە خۆی نەدەكرتەوە، وەك پێشمەرگە بە سادەیی دەژیا، هەمو كاتێك بە دوای كێشەكانی خەڵك دەچوو هەرچی پێ‌ كرابایە ئەنجامی دەدا، هەموو كاتێك ئامادە بوو و دەیزانی كە هەر شەهید دەبێت چونكە هەموو جار بەمنی دەگوت: ئەوە رێگامانەو دەبێ‌ نەك من بەڵكو چەندەهای تر قوربانی بدەین بۆ كوردستان و پشت بە خوای گەورە ئێمە هەر سەركەوتوو دەبین.

لە بارەی هەندێك لە بیرەورییەكانی لە گەڵ شەهیدی فەرماندە (عیسا عەبدوڵڵا كركەمۆی)، دایكە (رەوشەن) گوتی:

لەگەڵ هاوسەرم چەندەها مانگ یەكترمان نەدەیت و هەتا پێش شەهید بوونی چەند مانگ دەبوو نەمبینی بوو، هەموو جار كە دەهاتەوە ماڵ بە منی دەگوت: ئێمە دەبێ‌ هەموومان پشت راست بین كە شۆڕشی بارزانی سەردەكەوتیت، چونكە جەنابی بارزانی شۆڕش لە پێناو كوردستان دەكات و ئەو دەیەوێت هەموو كورد بكاتە یەك بۆ ئەوەی هەموو پێكهەوە خەبات بكەن، هەروها دەیگوت: لەوانەیە ئێمە نەگەڕێینەوە یانیش بگەڕێینەوە بەس باوەڕ بكە رۆژێك هەر دێت كە ئەم كوردستانە ئازاد دەبێت و بە ئازادی دەژین و، دەیگوت: ئەگەر من لێرەش نەبم بەڵام 2 كچەكەم باش پەروەردە بكە و فێری رێگای كوردایەتیان بكە و پێیان بڵێ‌، من بۆچی خەباتم كردوەو پێشمەرگەیەكی بارزانی بومە لە پێناو كوردستان و لە هەموو شاخ و سەنگەرەكانی كوردستان بەرگری دەكەم تاكو هەمو خەڵكی كوردستان بە ئاسودەیی بژین.

لە دوای شەهید بوونی هاوسەرت ژیانت چۆن دەبردە سەر؟ دایكە( رەوشەن) گوتی:

هاوسەرم لە ئاداری ساڵی ١٩٦٢ لە داستانی مریبا دوای كۆڵنەدانی لە سەنگەری خەبات لەگەڵ چەند هاوڕێیی دا شەهید دەبێت، هەرچەندە من پێش ئەوەی شەهید بێت لە ناخەوە هەستم بە راچڵكین دەكردو خەیاڵی رووداوێك لە سەرمدا بوو، ئەوەبوو هەواڵی شەهید بوونیان بە ئێمە راگەیاند، زۆر پێ‌ دڵگەران بووم و ئەو رێگای بوو بۆ ئاواتەكانی كوردستان كە من گوتم قوربانی بارزانی و كوردستان بێت و لە دوای ئەویش دوو برایەكی تریش هەر درێژە پێدەری خەبات بوون و پاش ٦ مانگ شەهیدی فەرماندە شەریف عەبدوڵڵای برای ئەویش شەهید بوو، من و هاوسەری (حەمایل) بە تەنیا ماینەوە، كە دوای شەهید بوونی هاوسەرم من 2 كچم هەبوو و خێزانی برای هاوسەرم 2 كوڕو 2 كچی هەبوون بە حەقیقەت ژیان زۆر ناخۆش بوو بە هەبوون و نەبوون ئێمە منداڵەكانی خۆمان گەورە كردو سەرەرای بە خێوەكردنیان وەك ئافرەتان بەشداری شۆڕشی ئەیلوولمان كرد وەفادار بووین بۆ هاوسەرەكانمان، بۆ برا پێشمەرگەكان خواردن و پێداویستیەكانمان ئامادە دەكردو ڕەوانەی بەرەكانی شەڕمان دەكرد.

دواتر چاومان بە دایكە (حەمایل سوار لیری) خێزانی شەهیدی فەرماندە (شەریف عەبدوڵڵا كركەمۆی) كەوت كە ئەویش بەمشێوەیە هاتە ئاخەوتن:

من لە گوندی لیری سەر بەدەڤەری بارزان لە دایكبوومەو بنەماڵەی ئێمەش خزمەتی بەرچاویان هەبووە لە شۆڕشەكانی كوردستان، هەر لەتەمەنی منداڵی بووم لەگەڵ خانەوادەكەم بە پیادەو برسیەتی و بە ناو كەمینی دوژمنان چووینە ئێران و كەسوكاری ئێمە بەشداری كۆماری كوردستان لە مەهاباد كردووە و دوای دابە شبوونمان و بە هۆی ئەو رێگا سەخت و دورودرێژە كە لەشكر بارزانییەكان لەگەڵ خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەدی بارزان و بارزانیی نەمر گرتیانەبەرو بە هۆی ئەو نەخۆشیەی لە ناوماندا بڵاوبوەوە باوكم و برایەكەم لەوێدا كۆچی دواییان كردو ژیانمان زۆر بەسەختی گوزەراند.

دواترلێمان پرسی تۆ خوێندەوەت بۆ هاوسەری قارەمانت شەهید فەرماندە (شەریف عەبدوڵڵا كەركەمۆی) چیە؟ بە هەستێكی غەمبار دایكە (حەمایل) گوتی:

وەك رەوشەن خان كە لە سەرەوە ئاماژەی بە بنەماڵەی ئەوان كرد كە چۆن بە هەموو ئیرادەیەك خەباتیان كردووە و مێژووی بنەماڵەكەیان پڕە لە سەرووری و خۆراگڕی، ئەوان بە دڵ و رۆحیان ئامادەی قوربانیدان بوونە. هاوسەری شەهیدم (شەریف عەبدوڵڵا) پێشمەرگەیەك بوو مەردایەنە خەباتی دەكرد و مرۆڤێكی نەرم و نیان بوو و هەمیشە گوێی لە قسەكانی خەڵك رادەگرت و تا دەیتوانی بە دوای چارەسەركردنیان دەچوو، كەسێك بوو هەمیشە وەك پێشمەرگەیەك و فەرماندەیەك دەهاتە پێش چاوەی هاوسەنگەرانی، هاوسەری قارەمانم كەسێك بوو هەمیشە بڕوای بە دوا رۆژی گەشی كوردستان هەبوو، خۆی بە پێشمەرگەی بارزانیی نەمر دەزانی و هەموو كاتێك لەگەڵ پێشمەرگەكانی سەركردایەتی لە دەیان داستانی بەناوبانگی شۆڕشی ئەیلوول لە بادینان تاكو سیدەكان گەورەترین زەربەیان لە دوژمن دەداو چەندەها داستانیان تۆمار كرد. كەسێك بوو هیچ كاتێك خۆی بە پلەو پایە نەبستیبوو و هەتا ئەو پێشمەرگانە یان ئەو كەسانەی كە لەگەڵ هاوسەری شەهیدم (شەریف عەبدوڵڵا)و بنەماڵەكەیان دابوونە شاهیدی ئەوە دەدەن كە بەراستی چاو نەترس بووە دەتوانین بچن لەو خەڵكانە و یان ئەو گوندانە بپرسن كە ئەوان چەند خۆشەویستی خاكی كوردستان و عاشقی كوردایەتی بوونە و هەموو كاتێك گیانی خۆیان فیدای كوردستان كردووە.

لە درێژەی ئاخاوتنیدا دایكە (حەمایل) گوتی:

ئێستا و هەموو كاتێك بیرەورییەكانم قەد لە یاد ناچێت، ژیانمان لە ناو چیاو ئەشكەوت و هەریەك بە شێوازێك بووە، هاوسەری شەهیدم (شەریف عەبدوڵڵا) كەمدەهاتەوە ماڵ بە چەند مانگ و ساڵ نەدەهاتەوە و دەبێ‌ ئێمە چ بكەین من و (رەوشەن) هەردووكمان پێكهەوە دەبێ‌ بە خێوكردنی منداڵەكانمان بە ئەستۆ بگرین و لە نەبوونی هاوسەرەكانمان منداڵەكانم پەروەردە دەكرد، ماڵی ئێمە بارەگای پێشمەرگە بوو كە دەهاتن ئێمەی ئافرەتان پێشوازیمان دەكردن و خزمەتی پێشمەرگەكانمان دەكرد، كە من ناتوانم ئەو رۆژانە قەد لە یاد بكەم كە هەریەك تەعبیر لە شتێك دەكات و هەتا دوای ئەوەی هاوسەری قارەمانم (شەریف عەبدوڵڵا) لە دوای برایەكانی تری لە داستانی سیدەكان لە ئەیلوولی 1962 كە فەرماندەیی ئەو شەرەی دەكردو لە ناو سەنگەرەكانی بەرخودان هاتە شەهید كردن و دوای شەهید بوونی من نەمدەزانی چی بەسەر هاوسەرم هاتووە تەنها ئەوەم لە یادە كە ئاخرین جار كە هاوسەرم بە سەردان هاتەوە بە منی گوت: ئێمە پێشمەرگەین و شەڕدەكەین و فیداكاری رێبازی بارزانیین كە رێبازی پڕ ئەخلاق و شەرەفە، جا لەوانەیە نەگەڕێمەوە بۆیە لە نەبوونی من منداڵەكان وا فێر بكە كە سبەی گەورە بوون پێیان بڵێ‌ ئەمە رێبازێكی دروستە بۆ كوردستان، واش بوو ئەو نەگەڕایەوەو دوای ١ ساڵ هەواڵی شەهید بوونی پێم گەیشت. هەرچەندە من دەمزانی شتێك روویدا بووە و كەس بە منی نەگوتە و كاتی هەواڵی شەهید بوونی دوای ا ساڵ بەمنیان راگەیاند ئەو كات گوتم كە هاوسەرم تۆ قوربانی بارزانی و كوردستان بیت و لە نەبوونی ئەو پەیمانم دا منداڵەكانمان گەورە بكەم لە ناو شاخەكان و پەروەردەیان بكەم و هەرچەند دوای شەهید بوونی هاوسەری من و هاوسەری (رەوشەن) زۆر ناخۆشیمان بینی و تەحمولی هەموو ئەو ناخۆشیەیانمان كرد و من ٢ كوڕ و كچێكم هەبوو و كچەكەم لە ناوسكم دا بووەو باوكی نەبینبووە. تا گەورە بوونیان ئەو جا سۆراخی باوكیان لە ئێمە كرد ئێمەش بەوانمان گوت كە چۆن شەهید بوونەو ئەوان كێینە.

دواتر لە دایكە حەمایل خانم پرسی لە ئاوارەیی لە ئێران لە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ژیانتان چوون بوو؟ لە وەڵامدا دایكە(حەمایل) گوتی:

لە ئاوارەیی دا ئێمە لە ژیانی پڕ ناخۆشی دا بووین باوەڕ بكە من و رەوشەن لە وەزعێكی زۆر ناخۆشدا دەژیاین بە هەبوون و نەبوون بردمانە سەرو رۆژانە هەتا شەو ئیشی ناو باخمان دەكردو دەچووینە ئیشی سێو و هەنارو هەرجۆرە ئیشكمان دەكردو شەوان دەهاتینەوە تا دەرنگ دەبووایە پاسەوانی منداڵەكانمان ببوینانەو دیسان شەوان نەدەنویستن خۆمان كاری دروومانینمان دەكردو هەتا خواردنمان چێ‌ كردبووایە و دیسان بەیانی هەتا ئێوارە ئەو كارانە بەردەوام هەبوو و تاكو منداڵەكانمان گەورە بوون و ٢ كوڕم هەبوون كە شوان و عەبدوڵڵا ئەوانیش لە سەر رێگای باب و مام و باپیریان چوون و بە منیان گوت: دایكە ئێمە شانازی بە تۆ دەكەین كە تۆ ئێمەت وا بە سەختی گەورە كردووە و هەمان پەیمان دەدەین كە لە سەر رێبازی كوردایەتی بڕۆین و بوونە پێشمەرگەی گوڵان و بەشداریان كردو دوایی كوڕەكانم و كچەكانم و ژیانی هاوسەریتان پێكهینان. ئێمە دەبووایە چاوەمان لە نەوەكانی خۆشمان هەبووایە چونكە باوكیان خزمەتیان كردووە. لە دوای راپەڕین گەڕاینەوە كوردستان و كوڕی قارەمانم شەهید (عەبدوڵڵا) ئەویش دەورێكی زۆر باشی هەبوو دوای دەستپێكردنی شەڕی رزگاریی ئێراق لە لایەن هاوپەیمانانەوە لە كاتی جێبەجێ‌ كردنی ئەركی سەرشانی لە سەنگەری رزگاركردنی نیشتمان لە٦/٤/٢٠٠٣ لەگەڵ پولێك لە هاوسەنگەرانی شەهید دەبێت و دەگاتە كاروانی سەرفرازان.

دواتر هەردوو هاوسەری شەهید باسی ئەو یادگارییانەیان كرد كە دوربینێك و خەنجەرێك و چەندین وێنەی پێشمەرگایەتی هاوسەرەكەیان بوو كە لای خۆیان پاراستوویانەو لەوبارەیەوە وتیان:

ئەوانە وێنەی پێشمەرگایەتی هاوسەرەكەمانە لەگەڵ ئەو دوربین و خەنجەرە كە لامان شیرینن و ئەو رۆژانە بە یادمان دەهێـنێتەوە كە چەند خزمەتیان كردووە و چەند جار لەو چیاو شاخانەی كوردستان بە دوربین سەیر دوژمنیان كردوووە كە چۆن پلان بۆ دابڕێژن و شكستیان پێ‌ بهینن، ئەوانە رۆژانی سەختی برسیایەتی و ئازارو دەربەدەریمان و ئاوارەبوونمان بەیاد دەهێنیتەوە كە چەندمان زەحمەت كێشاوە دوای شەهیدبوونیان كە ئەمڕۆ50 ساڵ دەبێت یادیان دەكەینەوەو دەبینین خۆێنی ئەوان بە فیرۆ نەچووە و دەزانین ئەو دەسكەوتانە بە خۆڕایی بە دەست نەهاتووە.

لە كۆتاییدا هەردووكیان بەم شێوەیە كۆتاییان بە چاوپێكەوتنەكە هێنا:

ئەمڕۆ ئێمە خۆشحاڵین كە كوردستانی ئازادمان بە چاوی خۆمان بینی هەرچەندە هاوسەرەكەمان ئەو رۆژەیان نەدیت و ئاواتخواز بوون كە رۆژێك كوردستان ئازاد بێت و ئاڵای كوردستان هەڵدرێتەوە وا ئەو ڕۆژە هات و ئاواتەكانی كە بارزانیی نەمرو رابەر و شەهیدەكان و پێشمەرگە قارەمانەكان هەموو خەباتیان بۆ كرد هاتە دی و ئەمڕۆ ئێمە لە سایەی ئەوان خاوەن ئاڵای كوردستان و پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكی هەردەم خۆشەویست سەرۆك مسعود بارزانینە و خوا تەمەنی ئەو سەرۆكمان بۆ هەموو كوردستان درێژە بكات كە بەراستی ئەو سەرۆكی كوردستانەو درێژەپێدەری رێبازی بارزانیی نەمری باوكیەتی و هەردەم بۆ پتەوكردنی كوردایەتی خزمەت دەكات. ئێمەی هاوسەران و دایكانی شەهید داوامان ئەوەیە كە دایكانی ئەمڕۆو سبەی نەوەكانی خۆیان لەسەر رێبازی پاكی خزمەتكردنی كوردستان پەروردە بكەن كە چۆن ئەم ئازادیە بە خەبات و خوێن بە دەست هاتووەو دەبێ‌ هەموومان یەك بین بۆ پاراستنی كوردستان

و ئەوەی لەم رێبازە پیرۆزەدا خەبات بكات هەمیشە لە ژیانی خۆی دا سەربڵندو سەرفرازەو پابەندی خاك و نەتەوەی خۆی دەبێت كە ئەمەش ئەرك و بەپرسیاریەتیەكی شەرەفمەندانەیەو هیوادارین هەموان لێی بەهرەمەندبین. سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێز و رۆژنامەی خەباتان كە هەموو كاتێك ئێمە بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگەكانی كوردستان بەسەردەكەنەوە.

تیبنی: ئەم بابەتە ل ژمارەی(٤٠٦٧) رۆژنامەی خەبات لە (١٣/٥/٢٠١٢) بڵاوبویتەوە.