كارزان عومه‌ر ساڵح (شه‌هید كارزان)


 

 مۆزیكژه‌ن و گۆرانیبێژ ساڵی ١٩٦٦ له‌شاری سلێمانی له‌دایكبووه‌و سه‌ره‌تای كاره‌ هونه‌رییه‌كانی به‌ گۆرانی ده‌ستپێده‌كات و له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی بوونیدا ئاره‌زووی ژه‌نینی ئامێره‌كانی كه‌مان و ساز فێر ده‌بێت و هه‌ر ئه‌و كارانه‌ی به‌ هاوده‌می و هاوكاری مامۆستا دڵسۆزه‌كه‌ی (دلێر ئیبراهیم) گه‌شه‌ به‌و دنیا هونه‌رییه‌ی خۆی ده‌دات.

كارزان-ی هونه‌رمه‌ند ساڵی ١٩٧٥ بۆته‌ ئه‌ندامی تیپی سروودو مۆسیقای قوتابخانه‌ی شێخ مه‌حمود كه‌ هه‌ر قوتابی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ش بووه‌و هه‌ر ئه‌و عه‌شقه‌ی بۆ هونه‌ر ده‌بێته‌ هۆكار كه‌ به‌شداری ئۆپه‌رێتی (ئاهه‌نگی شوان) بكات كه‌ له‌سه‌ر ئاستی شاری سلێمانی پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناو دواتریش بۆ ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆماركراوه‌، هه‌روه‌ها به‌ مۆسیقا به‌شداری شانۆیی (گورگی بێشه‌و هه‌رد) كرد كه‌ له‌ میهره‌جانی شانۆیی ساڵی ١٩٧٨ به‌شداریكرو توانی پله‌ی یه‌كه‌می میهره‌جانه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنێت.

(به‌یتى رێزانكىَ)ء سه‌ره‌تاى ناساندن

من له‌و بڕوایه‌دام ناساندنی كارزان و هاوڕێكانی له‌سه‌ر ئاستێكی فراوان له‌ ڕێگه‌ی شانۆیی (به‌یتی ڕێزانكێ) بوو كه‌ وه‌كو گۆرانیبێژ به‌شداری تێداكردو به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌م شانۆییه‌ به‌شداری میهره‌جانی شانۆیی عیراق كردو توانی پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ستبهێنێت و دواتریش بۆ ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆماربكرێت.

كارزان جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌ندامی تیپی قوتابخانه‌كه‌ی بوو، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای مندالانی مه‌ڵبه‌ندی چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی بووه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌م تیپه‌دا سروودی (چه‌ند شرینه‌لام)و گۆرانی (له‌یلێ)و پارچه‌ مۆسیقای (ژوان)ى تۆماركردووه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌م تیپه‌ له‌سه‌ر ئاستی عیراق پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناوه‌و دواتر ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ بۆ ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆماركراوه‌.

كارزان به‌ هیوایه‌كی گه‌وره‌وه‌ بۆ ته‌واوكردنی قۆناغی سه‌ره‌تایی و گه‌یشتنه‌ پۆلی یه‌كه‌می ناوه‌ندی تاكو خزمه‌ته‌كانی بۆ داهاتووی شارو میلله‌ته‌كه‌ی گه‌شه‌ پێبدات به‌لام مه‌رگ ئه‌و بواره‌ی پێنه‌داو له‌ ڕۆژی١٧/٤/١٩٧٨ له‌ ئه‌نجامی ڕووداوێكی ئۆتۆمبێل له‌ ڕێگای هه‌ولێر كارزان وفهرمان ماڵئاواییان كرد .