خالید سەعید 

  

هونەرمەندێكى نیگاركێشى بەناوبانگى كوردستانە له ساڵى ١٩٢٧  لە گەڕەكى دەرگەزێن لە سلێمانى لەدایك بووە. قوتابخانەى فەیسەڵییەى سلێمانى تەواو كردووە . هونەرمەندى شێوەكار مامۆستا فوئاد بەكر ڕەشید ڕۆڵى گەورەى گێڕا لەه‌رخستنى توانا هونەرییەكانى خالید سەعید. لە ساڵى ١٩٥٣ چۆتە پەیمانگاى هونەرە جوانەكانى بەغدا و ساڵى ١٩٥٦ خوێندن لەو پەیمانگایە تەواو دەكات و ماوەى دوو ساڵ لە سلێمانى وەكو مامۆستا كاردەكات . ساڵى ١٩٥٨ لە ئیتاڵیا خوێندن لە ئەكادیمیاى هونەرەجوانەكانى ئەوێ تەواو دەكات، ساڵى ١٩٦٤ دەگەڕێتەوە بەغدا . خالید سەعید نزیكەى ٣ ساڵ لە بەشى دیكۆرى تەلەفزیۆنى بەغدا كاردەكات و دەیان كارى هونەرى بە ئەنجام دەگەیەنێت . دواتر دەنێردرێتە ئەڵمانیاى دیموكرات و لەوێ بڕوانامەیەكى تایبەت وەردەگرێت . پاش گەڕانەوەى بۆ بەغدا ڕەوانەى لیبیا دەكرێت بۆ بەشدارى كردن لە دامەزراندنى تەلەفزیۆنى ئەو وڵاتەدا ساڵ و نیوێك دواتر دەگەڕێتەوە بەغداو تا ساڵى١٩٨٧ لە تەلەفزیۆنى بەغدا كار دەكات . خالید سەعید زمانەكانى عەرەبى و فارسى و ئینگلیزى و ئەڵمانى و ئیتاڵى بە باشى زانیوە .

 بەرهەم و چالكیەكانى :

یەكەم : داڕشتن و دروستكردنى دیكۆرى نزیكەى ١٥٠ نمایشنامە و بەرهەمى تەلەفزیۆنى كوردى .
دووەم : داڕشتن و دروستكردنى دەیان دیكۆر و بەرهەمى هونەرى بۆ تەلەفزیۆنەكانى بەغدا و لیبیا و ئەڵمانیاى دیموكرات .
سێهەم : دروستكردنى دیكۆرى شانۆگەرى هامڵێت لە سلێمانى ساڵى ١٩٥٠ .
چوارەم  :دروستكردنى دیكۆرى شانۆگەرى تاوان و تۆڵە لە سلێمانى ١٩/١١/١٩٥٧ .
پێنجەم : مانگى حوزەیرانى ساڵى ١٩٥٧ بەشدارى كردووە لە دامەزراندنى كۆمەڵەى هونەرەجوانەكانى سلێمانى.
شەشەم : یەكەمین عێڕاقیە بە زەمالە چوبێتە ئەڵمانیا و لەبوارى دیكۆردا دیبلۆمى وەرگرتبێت .
حەوتەم : كردنەوەى یەكەمین پێشانگاى تایبەتى خۆى لە هەولێر لە كۆتای ساڵى ١٩٥٠.