لەیلا قاسم



كچە تێكۆشەری كورد، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێكی ھەژار و نیشتمانپەروەری كورد لە دایكبووە. قاسم حەسەنی باوكی لەیلا، كرێكاری كۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی ئەلوەند بوو. دوای ئەوەی قاسم خانەنشین كراوە، ساڵی ١٩٧١ لە خانەقینەوە ماڵیان گواستۆتەوە بۆ بەغدا. ھەموو خوشك و بركانی لەیلا (سەبیحە، سەلام، سەفا، سەلاح) خەریكی خوێندن بوون. سەرباری خوێندن ھەریەكەیان لەپای خوێندنەكەیان بۆ بژێوی ژیانی خێزانەكەیان كاریان كردووە.
 لەیلا قاسم بۆ یەكەم جار لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەكانی سەرەتایی و دواناوەندی لەم شارە تەواو كردووە. لەیلا لە ساڵی ١٩٧١دا لە بەشی كۆمەڵناسی كۆلێژی ئادابی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە. لەیلا كە ھەر لە تەمەنی منداڵییەوەی ھەژاری و نەداری چەشتبوو، لەلایەكیش و زوڵم و زۆرداری ڕێژیمی عێراق لەسەر گەلی كورد، بیری ئازادیخوازانە و خەبات و تێكۆشانی لەلای لەیلا قاسم دروستكردبوو.
 لەسێدارەدانی لەیلا قاسم
 ڕێژیمی بەعس بە مەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی ڕۆشنبیری كورد یەكسەر دوای دەستگیركردنیان دادگایەكی نادادوەرانەی دژ بە لەیلا قاسم و ھاوڕێكانی بەڕێوەبرد و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەركرد. ھێشتا دوو ھەفتە بەسەر دەستگیركردنیان تێنەپەڕیبوو، كە كاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی
١٢/٥/١٩٧٤  لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێكەی لەسێدارەدران. سەلام قاسمی، برای لەیلا قاسم، بە ماوەیەك دوای لەسێدارەدانی لەیلا ھەر لە بەغدا لەلایەن بەعسییەكانەوە كوژرا. تاوانی سەلام قاسم تەنیا ئەوە بووە كە وێنەی لەیلای خوشكی ناردبوو بۆ دەستی قوتابیانی كورد و ئەندامانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات. دایك و باوكی لەیلا قاسمیش بەھۆی لەدەستدانی دوو ڕۆڵەیان، ھەر زوو بە كۆست و خەمێكی گەورەوە سەریان ناوەتەوە و كۆچی دواییان كردووە.
 ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم بە كوردستاندا بڵاو بۆوە. ھەروەھا ھەندێك لە چاپەمەنییەكانی ئەوسكەی جیھان ھەواڵی لە سێدارەدانی لەیلا قاسمیان وەك لەسێدارەدانی یەكەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراقدا بڵاوكردۆتەوە. بێگومان لەسێدارەدانی كچە كوردێك بەدەستی ڕێژیمی عێراق كاریگەرییەكی گەورەی كردە سەر لاوانی ئەو سەردەمەی كورد، كە ئەمەیش بووە ھۆی ئەوەی بە ھەزاران لاوی كورد پەیوەست بن بە دۆزی گەلەكەیان و ڕوو لە چیكان بكەن.
 دوای لەیلا قاسم لە سەرتاپای كوردستان ھەزاران منداڵی كورد بە ناوی لەیلاوە ناونران. لەیلا قاسم بوو بە چیرۆك و داستان و ھەڵبەستی شاعیرانی گەورەی كوردی وەك جگەرخوێن و هێمن و زۆری تر. هەروەك هێمن لەسەر قارەمانی لەیلا دەڵێ:

 كە تۆ تۆرای لە چاوم وەك خەوی من لە بسكت رەشترە مانگەشەوی من
 برۆ مەجنوون بە لەیلای خۆت مەنازە كە ناوبانگی پتر دەركرد ئەوی من
 بزەی ھاتێ، وتی جەلادی خوێری! بە كەیفی خۆت پەتت باوێژە ئەستۆم
 ئەوە پەت نیە میدالی ئیفتخارە كە بوومە قارەمانی میڵەتی خۆم