دایكە "لوتفیە سەلیم عەبدول وێلی"



بۆ خه‌بات: بارزانییەكان لە سۆڤیەتی پێشوو بە ئازادیخواز ناسرابوون
دیمانە: سەفەر یوسف میرخان

رابەری روحی نەتەوەیی كورد "بارزانیی نەمر" و پێشمەرگەكانی لە دوای بەرگریكردنی قارەمانانەیان لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد بە خۆی و
٥٠٠ كەس لە هەڤاڵانی توانیان خۆیان لە رووباری ئاراس پەڕێنەوە و چوونە ناو خاكی سۆڤیەت، رۆژی ١٦ی نیسانی١٩٥٩ هاتنەوە بۆ خاكی كوردستان. كە ئەمڕۆش لە یادی٥٢ ساڵەی ئەم رووداوەدا بە ئەركی سەرشانی خۆمان زانی سەردانی دایكە "لوتفیە سەلیم عبدول وێلی" تەمەنی٧٩ ساڵانە بكەین كە لە سۆڤیەتی جاران بووە خێزانی شەهیدی قارەمانی كوردستان سلێمان لاجی سپینداری كە لە ئاوارەیی و غوربەت خێزانی پێكهێناوەو یەكێك بووە لە هەڤاڵانی بارزانیی نەمر كە بەشداری لە شۆڕشی دووەمی بازان و بەرگری كۆماری كوردستان و چوونی بۆ یەكێتی سۆڤیەتی جاران كردووەو دوای هاتنەوەشیان بۆ كوردستان وەكو پێشمەرگە و فەرماندەیەك بەشداری شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی كردووە.- سەرەتا دایكە "لوتفیە سەلیم" لە بارەی ژیانی خۆی و هاتنی هەڤاڵانی بارزانیی نەمر بۆ یەكێتی سۆڤیەتی جاران گوتی:
- من لە ساڵی
١٩٣٢ لە شاری قرم لەدایكبوومە، باوكم سەربازی سۆڤیەت بوو، لە ماڵەوەش4٤ خوشك و٣ برا بووین و لە دوای كۆچی باوكمان بە هەتیوی ژیانمان بردەسەر، دوایی ئێمەیان نەفی كرد بۆ ئوزبەكستان، هۆیەكەشی بۆ ئەوە بوو كە ئێمە موسلمان بووین، ئەو جێگایەی كە ئێمەی تێدا بووین چەندین كەسی لە هەڤاڵانی بارزانیی نەمر تێدا بوو كە دوای هاتنیان بۆ سۆڤیەت دابەش كرابوون بە سەر ناوچەو گوندەكانی ئێمە، جا هەندێك لەو هەڤاڵانە لەو جێگایەی كە ئێمەی تێدا بووین،١٥ كەس لەو هەڤاڵانە لە ناوچەی ئێمە بوون.
- لە درێژەی قسەكانیدا دایكە لوتفیە لە بارەی چۆنیتی ناسین و بوونی بە هاوسەری یەكێك لە هەڤاڵانی بارزانیی نەمر و پێكهێنانی خێزان و منداڵ، گوتی:

- دوای هاتنیان هەرچەندە ئەو مرۆڤانە هیچیان لە زمانی ئێمە نەدەزانی و وەزعیان زۆر ناخۆش بوو، تەنها بە ئیشارەت تێیان دەگەیشتین و بۆ ماوەیەك ئەوان لەگەڵمان دەهاتنە سەر ئیش و كاریان دەكرد، لە ساڵی
١٩٥٠ یەكەمجار بوو سلێمان لاجم بینی، ئێمە چووینە باخی لۆكە چنین بۆ ئیش و كار، ئەوكات ئەویش دەهات و بەیەكەوە دەچووینە سەر كار، لەو ماوەیەی لەگەڵمان بوو زۆر باش بوو، "سلێمان لاج" كە توركی و رووسی نەدەزانی و منیش زمانی ئەوانم نەدەزانی و بە ئیشارەت تێیگەیاندم كە دەیەوێت، زەواجم لەگەڵدا بكات، پاشان بوومە خێزانی و ژیانی هاوسەریم لەگەڵی پێكهێنا و ژیانی خۆمان زۆر بە سەختی گوزەراند.

- لە بارەی پەیوندی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی لە سۆڤیەتی جاران دایكە لوتفیە گوتی:
بە حەقیقەت رابەری كوردستان "بارزانیی نەمر" مرۆڤێكی نیشتمانپەروەر بوو لەگەڵ
٥٠٠ كەس لە هەڤاڵانی بۆ داخوازیەكانی میللەتی كوردستان هاتبوونە سۆڤیەت و داوای مافەكانیان دەكرد، ئەوان لە سۆڤیەت بە قارەمانەكانی ئازادیخواز ناسرابوون، لەوێشدا ئەوان هەستی نەتەوایەتییان بۆ كوردستان هەبوو، ئێستاش هەر لە یادمە ئەو رۆژانەی كە رابەری كورد بارزانیی نەمر سەردانی هەڤاڵانی دەكرد، جارێكیان بارزانیی نەمر لەگەڵ شەهیدی فەرماندە ئەسعەد خۆشەوی هاتن بۆ لامان، ئەو كاتە ماڵمان لە شاری ڤرێڤسكی بوو لە كۆڵانی سەرمەخان ئۆلیكسا، سەلامی لێكردین و منداڵەكانمان چوونە لای بارزانیی نەمر، دەستی هێنا بە سەریاندا، لە ئەحوالی ئێمەی پرسی، بە بینینی دڵمان خۆش بوو، جا بۆیە دەڵێم لە ماوەی 12 ساڵ ئاوارەیی لە خۆشی و ناخۆشی لە هەموو روویەكەوە لەگەڵ یەكتری دابوون و هاتوچۆی یەكتریان دەكرد و رابەریان "بارزانیی نەمر" مرۆڤ دۆست و زۆر بەڕەحم و دڵسۆز بوو، هەموو كاتێك سەردانی هەڤاڵانی خۆی دەكرد و لە نزیكەوە لە كێشەكانیان ئاگاداربوو، ئەگەر ماوەیەكیش دەرفەتی نەبا ئەوا نوێنەرانی خۆی دەنارد و سەردانی یەكتریان دەكرد.

- لە بارەی گەڕانەوەی هەڤاڵانی بارزانیی نەمر لە سۆڤیەتی جاران كە ئێستا یادی
٥٢ ساڵەی دەكەینەوە دایكە لوتفیە گوتی:

- دوای شۆڕشی تەممووزی ساڵی
١٩٥٨ كاتێك بارزانیی نەمر و هەندێك لە هەڤاڵانی دەگەڕێنەوە بۆ كوردستان، پاشان بارزانیی نەمر شەهیدی سەركردە ئەسعەد خۆشەوی و میرحاج ئاكرەیی رادەسپێرێت بگەڕێنەوە بۆ سۆڤیەت تا ئاسانكاری بكات هەموو هەڤاڵانی تر بگەڕێنەوە، جا پێش گەڕانەوەمان شەهیدی سەركردە ئەسعەد خۆشەوی و میرحاج ئاكرەیی لەگەڵ هەموو ئەو ئافرەتانەی كە ببوونە هاوسەری هەڤاڵانی بارزانیی نەمر كۆبوونەوەو باسی وەزعی ژیانیان لەكوردستان بۆ ئێمە كرد، شەهیدی سەركردە ئەسعەد خۆشەوی گوتی: بارزانی ئێمەی راسپاردووە بارودۆخی ژیانی كوردستان بۆ ئێوە باس بكەین، كە وەزعی كوردستان وەك ئێرە نییە، كوردستان وەك ئێرە ئاو و كارەبای نییە، لەوانەیە ژیان خۆش و ناخۆش بێت، جا كێ دێت بۆ كوردستان با بێت، ئەوەی كە نایەت، با خۆتان سەرپشك بن، من نەمدەتوانی منداڵەكانی خۆم بێ دایك بكەم و ماڵی باوكم حەزیان دەكرد لەگەڵ هاوسەرم بگەڕێمە كوردستانی ئێراق، چونكە هاوسەرم بۆ من زۆر باش بوو، منیش بە هاوسەرم گوت: نەك كوردستان هەر جێگایەكی تر بێت من لەگەڵت دێم، جا ئێمە ١٢٠ ئافرەت لەگەڵ ٥٠٠ كەس لە هەڤاڵانی بازرانیی نەمر و چەندین منداڵ لە رۆژی ٢٧ی ئاداری ١٩٥٩ بۆ ماوەی ٤ رۆژ بە شەمەندەفەر هاتین تاكو گەیشتینە شاری ئوكرانیا و ١٦ شەو و رۆژ لە ناو پاپۆڕدا بووین، لەناو پاپۆڕ هەر خانەوادەیەك ژوورێكیان دابووینێ و هەموو جۆرە خزمەتگوزاریەكی تێدابوو، لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ گەیشتینە شاری بەسرا، خەڵكی كوردستان و ئێراق بە هەموو چین و توێژێك هاتبوونە پێشوازی ئێمە، بەڕاستی رۆژێكی شكۆداربوو، لە بەسرا بارزانیی نەمرمان بینی ئەو پێشوازی لێكردین و تۆقەی لەگەڵدا كردین و بە خێرهاتنی كردین، پاشان هاتینە هەولێرو لە مەسیف و شەقڵاوە خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەدی بارزانی پێشوازیەكی گەرمی لە هەموو هەڤاڵانی كرد بە تایبەتی ئێمەی ئافرەتانی رووسی، هەرچەندە ئێمە زمانی كوردیمان نەدەزانی، بەڵام پیاوەكانی ئێمە بۆیان باس كردین كە خوالێخوشبوو شێخ ئەحمەدی بارزان دەیفەرموو: ئێوەش وەكو ئەم میللەتە كوردن و ئێمە خزم و كەسوكاری ئێوەین و نابێ غەریبی وڵاتی خۆتان بكەن و كوردستان ماڵی ئێوەیە، ماوەی 3 مانگ لە مەسیف ماینەوە، دوایی لەگەڵ هاوسەرم چوومە ناوچەی مزووریان لە گوندی سپینداری سەر بە دەڤەری بارزان لەوێ ماینەوە.

- لە بارەی فێربوونی بە زمانی كوردی و ئاداب و نەریتی كوردستان و هەتا دایكە لوتفیە گوتی:
- راستە من لە وڵاتی خۆم هاتمە كوردستان و سەرەڕای جیاوازی زمان و ئاداب و نەریت، بەڵام زۆر غەریبی وڵاتی خۆم نەدەكرد، چونكە لێرە خەڵك لەگەڵمان زۆر بەڕەحم بوون، خزم و كەسی هاوسەرەكەم زۆر باش بوون بۆ من، دواتر زمانی كوردی فێربووم، چونكە خوێندەواریم هەبوو، هەتا توانیم فێری داب و نەریتی كوردستانیش ببم، دواتر شۆڕشی ئەیلوول دەستیپێكرد و هاوسەرم وەكو شۆڕشگێڕ و كوردپەروەرێك خەباتی كرد و
٢ ساڵ پێكەوە بووین و لە ساڵی ١٩٦٢ هاوسەرم سلێمان لاجی گیانی خۆی فیدای كوردستان كرد لە دەڤەری بادینان و خۆی و براكەی لە سەرچیای پیرس شەهید بوون، هەرچەندە لە دوای هاوسەرم سەرەڕای ئەركی بەخێوكردنی منداڵەكانم وەكو ئافرەتێكی شۆڕشگێری كوردستانیش لە رووی خواردن و شوشتنی جل و بەرگ خزمەتم كردووە بە پێشمەرگە قارەمانەكانی رێبازی بارزانی.

- لە كۆتاییدا بۆ یادی
٥٢ ساڵەی گەڕانەوەیان بۆ كوردستان، دایكە لوتفیە دەبێژێت:

- من لەم كوردستانەدا هیچ كاتێك هەستم بە غەریبی نەكردووە، چونكە خەڵكی كوردستان هەموویان بەڕێز و ئیحترامەوە خزمەتی ئێمەیان كرد، بەڵام زۆر ئازار و دەربەدەریم بینیوەو هاوسەری قارەمانم سلێمان لاج لە پێناو كورد و كوردستان و رێبازی پیرۆز و بارزانی شەهید بوونە، بەڵام زۆر خۆشحاڵم كە خوێنی هاوسەرم و هەموو شەهیدانی كوردستان بە فیڕۆ نەچووەو ئەمڕۆ لە سایەی خوێنی ئەوان گەیشتینە كوردستانێكی ئازاد لە ژێر سایەی رابەرایەتی سەرۆك مسعود بارزانی، خودا سەرۆك مسعود بارزانیمان بۆ بپارێزێت، كە ئەویش هەمان رێگای باوكی گرتۆتەبەرو هەردەم بۆ ئاشتی و لە پێناو بەرقەراری ئاسایش و سەرفرازی كوردستان خەبات دەكات. لە یادی
٥٢ ساڵەی گەڕانەوەمان پیرۆزبایی خۆمان لە هەموو گەلی كورد و كوردستان دەكەم و دروودی بێ پایان بۆ گیانی هەموو شەهیدانی كوردستان و سەروەریان باوكی كورد بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو.
له ١٨/٤/٢٠١١ له رۆژنامی خه بات بلاو بوويته وه