شەهیدانی كۆماری كوردستان ( ٦/ ١٣٢٥ / ٧/ ١٩٤٦)

بۆ نووسینی سەرەتایەك بۆ كتێبی بیرەوەیی خەباتكارێكی شۆڕشگێڕی كورد(١) دەبوایە ئاماژە بە ڕۆژی شەهید بوونی ڕۆڵەی قارەمانی گەلەكەمان عەلی بەگی یەكشەوە (شێرزاد) بكەم. دەمویست دەست نیشانی ڕێكەوتی ئەو كارەساتە مەزنە بكەم و بۆ ئەم كارە سەردانی هەندێك سەرچاوەی بەردەستی خۆمم كرد بەسەر سووڕمانەوە تێگەیشتم زۆربەی سەرچاوەكان بە سەر مەسەلەكە دا تێپەڕیون و خۆیان لە قەرە نەداوە (٢)، لەویش خراپتر، شەهید بوونی ١١ قارەمانی نەتەوەیی لە سەقزلە پڕوپێست دا ماوەتەوە و ڕێكەوتی ڕوونی بۆ دیاری نەكراوە.
بۆ تیشك خستنە سەر بابەتەكە، پەیوەندیم بە ڕێزدار حەسەنی قازییەوە گرت كە ماڵپەڕێك بە ناوی "وێنەی كۆماری كوردستان" بەڕێوەدەبات و بە نووسین و وەرگێڕان لە سەر مەسەلەی كۆماری كوردستان كاری زۆری كردووە. كك حەسەن دەڵێ لە ژێر فۆتۆكۆپی وێنەیەكی شەهید ئەحمەدی فاڕووقی بە قەڵەم نووسیویەتی: "تاریخی شەهادەتی شەهیدانی سەقز (٤ی فێورییەی ١٩٤٧)" و، كاتی خۆی ئەو زانیارییەی لە بابەتێكی درێژسەبارەت بە محكەمەی ئەوان له‌ ڕۆژنامەی 'ئیتیلاعات' چاپی تارانه‌وە ڕاگوێستووە، بەڵام لە بەر ئەوەی ئێستا ئەسڵی ئەو ڕۆژنامەیەی بەدەستەوە نییە، لەوە دڵنیا نییە ئەو ڕێكەوتە دروست بێت. بە چەندین ئیمەیل گۆڕینەوە له‌گه‌ڵ كك حه‌سه‌ن و وه‌رگرتنی زانیاریی زیاتر لێی، بۆم دەركەوت كە مێژوونووسانی كورد و كەسایەتی و حزبە سیاسییە كوردەكانیش هێشتا لە سەر هەندێك ڕێكەوت ساخ نەبوونەتەوە و دەبێ بابەتەكە بخرێتە بەر وتو وێژێكی بەربڵاوی پسپۆڕ و شارەزایان بۆ ئەوەی ڕۆژی ڕەشی ئیعدامی ئەو شەهیدانە دەست نیشان بكرێت و هەموو ساڵێك بیرەوەرییان زیندوو بكرێتەوە و ڕێزیان لێ بگیرێت.

ئەوەندەی بۆم دەركەوتووە و لە نووسینەكانی كك حەسەنی قازی و سەرچاوەكانی دیكەش – بۆ نموونە كتێبی "دەوڵەتی جمهوری كوردستان" ی نەمر مەحمود مەلا عززەت و كتێبی " بنەماڵەی عەبدولڕەحمان بەگی موكری" كك ئیرەجی ناهید و نووسینەكانی كك نەوشیروان ئەمینیش دا دەبینرێت، زنجیرەی ئێعدامەكان لە بۆكانەوە دەست پێدەكات و دەگاتە سەقز و پاشان مەهاباد، بەڵام لەو بەینە دا یەك شت ڕوون نییە: گەلۆ ئێعدامەكانی سەقز هاوكات بوون لە گەڵ شەهیدكرانی عەلی بەگ لە بۆكان یاخۆ ماوەیەك دوای ئەو بوون و ئەوەش پرسیاری سەرەكی من و گرێی سەرەكی ئەم باسەیە.

ئەوەندەی بۆ من دەركەوتبێت ئەوەیە و لە بیرەوەرییەكانی هەر ئەو خەباتكارە شۆڕشگێڕەشدا كە پێشتر ئاماژەم پێدا و نامەوێت تا بڵاوبوونەوەی كتێبەكەی، ناوبردەی بكەم، وا دەردەكەوێت كە شەهیدەكانی سەقز/ واتە ئەحمەدخانی فاڕوقی و دوو برای و هەشت كەسەكەیتر هەموو، یا بەشی زۆریان هاوڕێ لەگەڵ عەلی بەگی شێرزاد، لە بۆكان لە ماڵی "ڕەشیدە سوور" زیندانی كراون. ماڵی ڕەشیدە سوور لە ڕاستیدا كاروانسەرایەكی گەورە بوو ڕووبەڕووی دوخانیاتی كۆن لە سەرشەقامی سەقز. دوخانیات لە ماوەی كۆماری كوردستاندا " كانگای حزبی دێمۆكڕاتی كوردستان" واتە ناوەندی لكی بۆكانی حزبەكە بوو و ئاڵای كوردستانی لە سەر دەشەكایەوە.

ماڵی ڕەشیدە سوور لەوساڵانە و ساڵانێكی گەلێك دواتریشدا، كاروانسەرایەك بوو گوندنشینان بە تایبەت ئاغاواتی دەوروبەری بۆكان كاتێ دەهاتنە ناو شار، لەوێ مەنزڵیان دەخست و شوێنێكی گەورە و بەرفراوان بوو، وا دیارە ئەڕتەشی ئێران دوای وەربوونەوەی دووباره‌یان بەناو كوردستان و سەپاندنەوەی دەسەڵاتی نگریسیان بە سەر خكەكەماندا، لەو شوێنە دامەزراون و وەك زیندان و هەر وەها سەربازخانە كەلكیان لێ وەرگرتووە، قارەمانەكانی ئێمەشیان هەر لەوێ ڕاگرتووە،پاشان عەلی بەگیان لە بۆكان هێشتووەتەوە و ئەوانیتریان ناردۆتە سەقز ولەوێ شەهیدیان كردوون. نووسەری بیرەوەرییەكان باسی ئەو ڕۆژانە دەكات كە لەوێ سەردانی كردوون و لە گەڵ خواردن و كەرەسەی پێویست، هەواڵی دەرەوەشی بۆ بردوون،پەیامی ئەوانیشی گەیاندووەتە دەرەوە.

گەرچی نووسەری بیرەوەرییەكان ڕۆژ و ڕێكەوتی ئیعدامەكان دیاری نكات،بەڵام وەك گوتم، بەكەڵك وەرگرتن لە سەرچاوەی جۆربەجۆر، ڕێكەوتی سێ ده‌سته‌ ئێعدام لە مەهاباد و بۆكان ڕوون دەبێتەوە و ئەوەی بمێنێت ئێعدامەكانی سەقزە، كە هیوادارم لە وڵامی ئەم داوكارییە دا خەڵكانی شارەزا، بەڵگەو بۆچوونی خۆیان ڕابگەیێنن و بە نووسین بڵاوی بكەنەوە بۆ ئەوەی ئەو خاڵە تاریكە بكەوێتە بەر ڕوونكایی. بە كورتی ئێعدامەكان بەم شێوەیەی خوارەو بەڕێوەبراون:

ئا) لەبۆكان

١. شەهید عەلی بەگی شێرزاد ٢٥/١١/١٣٢٥ (١٤/٢/١٩٤٧)

عەلی بەگ یەك لە خاوەن مڵكانی گوندی یەكشەوە بوو لە ڕۆژهەڵاتی بۆكان و فەرماندەی هێزی چڵی ٥ی ناوەندی پێشمەرگەی كۆماری كوردستان واته‌ لكی به‌گزاده‌ی فه‌یزوڵڵابه‌گی بوو و به‌ گوێره‌ی هه‌واڵی ڕۆژنامه‌ی كوردستان چاپی مه‌هاباد (ژماره‌ ٢٤)، ڕۆژی ١٩ ی ڕێبه‌ندانی ساڵی ١٣٢٤ (٨/٢/١٩٤٦) (٣)، ڕێ و ڕەسمێكی بەشان و شكۆی بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە گوندی یەكشەوە بەڕێوە برد بوو. عەجەم زۆری لێ داخ لە دڵ بوون و دوای هه‌ره‌سی كۆمار و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی داگیركه‌ر بۆ كوردستان، له‌ ڕۆژی ٢٥/١١/١٣٢٥ (١٤/٢/١٩٤٧) دا له‌ سه‌ر حه‌وزه‌ گه‌وره‌ی بۆكان (له‌ قوژبنی سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كی شار و ئه‌و شه‌قامه‌‌ی وا له‌م ساڵانه‌دا به‌ره‌و لێژی قه‌ڵا لێدراوه)، له‌ داری بێدادیان دا‌.

ب) شەهیدانی سەقز

وەك گوترا، ڕۆژی ئێعدامەكانی سەقز تەواو ڕوون نییە و سەرچاوەكان لەوبارەیەوە یەكدەنگ نین. هەندێك كەس لایان وایە ئێعدامەكانی سەقز و بۆكان هاوكات بوون و بەم پێیە دەبێ لە ڕۆژی٢٥/١١/١٣٢٥ بەڕێوەبرابێتن. بەڵام هەندێكی تر لە جیاتی مانگی ڕێبەندان، مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵی بۆ دیاری دەكەن و تەنانەت دەڵێن لە ٢٥/١٢/١٣٢٥( ١٤/ ٣/ ١٩٤٧) دابووە كە دەكاتە مانگێك دوای ئێعدامی عەلی بەگ لە بۆكان. من كاتێ سەرنجی ئەو ڕێكەوتە دەدەم،زیاتر دەچمە سەر باوەڕی ئەوەی مانگی ١٢ هەڵە بێت و لە هەمان مانگی ١١ دا زنجیرەی ئێعدامەكانی بۆكان و سەقز پێكەوە بەڕێوەبرابێتن. بەڵام وەك گوتم، چاوەڕوانی بۆچوون و ڕاگەیاندنی شارەزایان دەمێنمەوە.

شەهیدەكانی سەقز ١١ كەس بوون، كە من لەم لیستەیەی ئێرە دا لەگەڵ شەهیدانی بۆكان و مەهاباد پێكەویان دەهێنمەوە و دوای شەهید عەلی بەگ لە بۆكان، لە ژمارە ٢ەوە دەست پێدەكەم:

٢. شه‌هید ئەحمەدخانی فاڕوقی (سالار سەدر)، موعاوینی هێزی بۆكان و مەنتەقە. شەهید ئەحمەدی فاروقی، كە بە "ئەحمەدخانی خەلیل خان" یان بە ناوی گوندەكەیەوە بە "ئەحمەد خانی قیلەسوون" دەناسرا و لە بنەماڵەی فەیزوڵابەگی بوو؛

٣. شه‌هید محەمەد خانی دانیشوەر،خاوەن مڵكی گوندی "ئاڵكەلوو"ی سەقز و برای ئەحمەد خانی فاروقی، لە بنەماڵەی فەیزوڵابەگی بوو؛

٤. شه‌هید عەبدوڵا خانی مەتین، خاون مڵكی گوندی"داشاڵووجە"ی سەقز و برای ئەحمەدخانی فاروقی و محەمەد خانی دانیشوەر و لە بنەماڵەی فەیزوڵابەگی بوو؛

٥. شه‌هید عەلی خانی فاتیح، خاوەن مڵكی گوندی "قەلەندەر"ی سەقز لە بنەماڵەی فەیزوڵابەگی بوو؛

٦. شه‌هید مەحەمەد خانی فەیزوڵا بەگی (حەمەخانی باباخان بەگ) خاون مڵكی گوندی "قارەوا چكۆڵە"ی سەقز و لە بنەماڵەی فەیزوڵابەگی ؛

٧. شه‌هید ئەحمەدخانی شەجیعی، خاوەن مڵكی گوندی "كەڵتەگە"ی سەقز و لە بنەماڵەی فەیزوڵابەگی بوو؛

٨ . شه‌هید حەسەنخانی فەیزوڵابەگی، خاوەن مڵكی گوندی "كانی نیاز" ی سەقز لە بنەماڵەی فەیزوڵابەگی بوو؛

٩. 
شه‌هید شێخ سدیقی ئەسعەدی، خاوەن مڵكی گوندی "یازی بڵاغی" سەقز ؛

١٠. شه‌هید شێخ ئەمین ئەسعەدی، خاوەن مڵكی گوندی "كەس نەزان"ی سەقز؛

١١. شه‌هید ڕەسووڵ ئاغای مەحموودی، خاوەن مڵكی گوندی " میرەدێ" و لە هۆزی گەوركی سەقز؛

١٢. شه‌هید عەلی ئاغای جەوانمەردی، خاوەن مڵكی گوندی "تەمووتە" و لە هۆزی گەوركی سەقز؛

پ) ئێعدامەكانی مەهاباد

لە مەهاباد، بە ماوەی هەفتەیەك حەوت كەس شەهید كران. یەكەم كەسانێك كە لە چوارچرای مەهاباد شەهید كران، بریتی بوون لە پێشەوا،سەیف و سەدری قازی و دووەم تاقم، چوار كەس بوون لە ئەفسەرانی هێزی كۆماری كوردستان.

١٣. پێشەوای نەمری گەلی كورد، شەهید قازی محەمەد: دووشەممە ١٠/١/١٣٢٦(٣٠/ ٣ /١٩٤٧ )

١٤. شەهید محەمەد حسێن خانی سەیفی قازی/ وەزی هێزی جمهووریەتی كوردستان و ئامۆزای پێشەوا، دووشەممە١٠/١/١٣٢٦(٣٠/٣/ ١٩٤٧)

١٥. شەهید ئەبولقاسمی سەدری قازی – نوێنەری خەڵكی مەهاباد و دەوروبەری لە پارڵمانی ئێران، نوێنەری حكوومەتی كوردستان لە تاران و برای پێشەوا. دووشەممە ١٠/١/١٣٢٦(٣٠ – ٣ – ١٩٤٧ )

وەك گوترا، هەفتەیەك دوای شەهیدكرانی پێشەوا و هاوڕێكانی، سەرلە نوێ داری بێداد لە شاری مەهاباد هەڵكرا و چوار خەباتكاری ڕاستەقینەی گەل و نیشتمان هەڵاوەسران. چوار شەهیدەكە، بریتی بوون لە:

١٦. شەهید حامید مازووچی، سەربەرز، فەرماندەی دیژبانیی ناوەندی مەهاباد، شەوی ١٧/١/١٣٢٦(٧/ ٤/١٩٤٧)

١٧.شەهید ڕەسووڵ نەغەدەیی، ناودار، ئەفسەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان، شەوی ١٧/١/١٣٢٦(٧/٤/١٩٤٧)

١٨. شەهید عەبدوڵا ڕەوشەن فیكر، ناودار، ئەفسەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان،شەوی ١٧/١/١٣٢٦(٧/٤/١٩٤٧)

١٩. شەهید محەمەد نازمی، ناودار، ئەفسەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان، شەوی ١٧/١/١٣٢٦(٧/ ٤/ ١٩٤٧)
٢٠/ شەهید ناودار محەمەدی نازمی، شەهید ناودار محەمەدی نازمی لە ئەفسەرانی كۆماری كوردستان ڕۆژی ١٧ی خكەلێوەی ١٩٤٧ لە گەڵ سێ هاوڕێی دیكەی لە مەهاباد لە سێدارە در

٢١/ شەهید شێخ ئەمینی ئەسعەدی، شێخ ئەمینی ئەسعەدی ( شێخ ئەمینی كەسنەزان) لە گەڵ ئامۆزای خۆی شێخ سدیقی ئەسعەدی و ٩ تێكۆشەری دیكەی كۆماری كوردستان لە ڕەشەمەی ١٣٢٥ی هەتاوی ، ١٩٤٦زینی لە سەقز لە سێدارە درا.

بۆ ئێعدامەكانی مەهاباد بەڵگەی ڕەسمی بە دەستەوەن و لە وانە ڕاگەیاندنەكانی حكوومەتی ئێرانن و بەم پێیە تەنگژیەك سەبارەت بە دیاریكردنی ڕێكەوتی ئەو جینایەتانەی ڕژێمی شا نایه‌ته‌ پێشێ. ئەوەی جێگەی باس بمێنێتەوە،ڕێكەوتی ئیعدامی شەهیدانی سەقزە و گەلێك هیوادارم ئەویش بە هیمەتی شارەزایان ڕوون بكرێتەوە.

نەوشیرەوان مستەفا ئەمین لە كتێبی " حكومەتی كوردستان ریبەندانی ١٩٤٥ / سەرماوەزی ١٩٤٦ كورد لە گەمەی سۆڤێتی دا دەنووسێ:
" " تاوانەكانی " بە پاڵ قازی و سەرانی حكومەت ئەدرا بریتی بون لە : پۆشینی بەرگی جەنەڕاڵی، سەرۆكایەتی جمهوریەتی كوردستان، گۆڕینی ڕەنگی ئاڵای ئێران،لابردنی نیشانەی شێر و خورشید، چون بۆ بكۆ و، كۆبونەوە لە گەڵ جەنەڕاڵەكانی بێگانە، كوشتنی ئەفسەر و سەربازی ئێرانی، بەڵێندانی بەخشینی نەوت بە بێگانە... هەر وەها نامەی دەسخەت و، ڕونوسی نوطقەكانی ناو كۆبونەوە گشتییەكان....
لە بەفرانباری ١٩٤٦ دا هەر ٣ قازی بە ئیعدام حوكم دران. حوكمی ئێعدامی قازییەكان لەو كاتە دا بو بڵاو نەكراوەیی هێڵرایەوە. قازییەكان داوایان كرد مەسەلەكەیان بخرێتە بەر دەم " دادگاە تجدید نظر" بۆ چاو پیاگێڕانەوەی. لەو ماوەیە دا هەوڵێكی زۆریان دا بۆ ئەوەی موحكەمە ببرێتە تاران. بەڵام ستادی ئەڕتەش سور بو لە سەر ئەوەی هەر لە مەهاباد بكرێتەوە.
ڕۆژی ٧ی بەفرانباری ١٩٤٧ ئەندامانی "دادگاە تجدید نظر" گەیشتنە مەهاباد. ئەمجارەیان دادگا بە سەرۆكایەتی سەرهەنگ عطاء و دادستانی سەرهەنگ نكوزاد بو. دادگا دو پارێزەری بۆ قازییەكان دانا بو: سەروان صلح جو و، سەوان نبوی. ئەو "تاوانانە"ی لە " دادگاه بدوی صحرایی" بە پاڵ قازی محمد درا بون و ، لە سەری بە ئیعدام حوكم درا بو، بریتی بون لە: ڕاپەڕینی چەكدار دژی حكومەتی ناوەندی، بەستنی ڕێككەوتنی نەوت لە گەڵ بێگانە، سوكایەتی كردن بە ئەڕتەش و حكومەتی مەركەزی، فەرمانی كوشتن و سوتاندنی ماڵی فەرمانبەرانی حكومەت... ئەو تاوانانەی بە پاڵ سیف و صدریش درابون، شتێكیان كەم نەبو، لە وانەی بە پاڵ قازی درابون.
هەیئەتی دادگا لە گەڵ ستادی ئەڕتەش بەردەوام بە بێتەل پێوەندی تەلگرافی هەبو. پرسی پێ ئەكرد و فەرمانی لێ وەرئەگرت. ئەمیش حوكمی ئیعدامی : محمد قاضی،محمد حسین خانی سیفی قاضی ، صدری قاضی دایەوە. كاتێ كە ستادی ئەڕتەش ئاگادار كرا لەوەی دادگا حوكمی ئێعدامی داون، ستادی ئەڕتەش فەرمانی دا بە فەرمانداری نیظامی مەهاباد لە ماوەی ٢٤ سەعات دا حوكمەكە جێبەجێ بكات.
ڕووداوەكانی ناو دادگا لە گۆڤار و ڕۆژنامەكانی ئەو سەردەمەی تاران دا بە یەك شێوە و زمان بڵاو كراونەتەوە . پێ ئەچێ كاربەدەستانی ئەڕتەش ، بەوجۆرەی خۆیان ویستویانە، ڕاپۆرتەكەیان بو چاپ و بڵاوكردنەوە ئامادە كردبی، بەتایبەتی بو شكاندنی شەخسییەتی قازییەكان كە بوبون بە ڕەمزی خەباتی رزگاریخوازی كورد."

نوسینی
ئەنوەر سوڵتانی ٣٠/٣/٢٠١٠