له‌ئه‌ڵمانیاوه بۆ لای كترییه ره‌شه‌كه‌ی قه‌ندیل
جووتێك چاوی سه‌وز له‌سه‌رووی كوڵمه سووره‌كانیه‌وه ده‌دره‌وشێنه‌وه، پرچه زه‌رده‌كه‌شی له‌پشته‌وه توند به‌ستووه‌و به‌كۆڵه پشته‌كه‌یه‌وه بزێوانه دێت‌و ده‌چێ، ئه‌و پزیشكی گه‌ریلاكان‌و گوندنشینه ساده‌و ساكاره‌كانی بناری قه‌ندیله. دكتۆر «میدیا» ئه‌و ژنه به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئه‌ڵمانییه ته‌مه‌ن چل وچوار ساڵه‌یه كه ساڵی 1989 له‌ڕێگه‌ی چالاكییه هونه‌رییه‌كانه‌وه له‌ئه‌ڵمانیا ئاشنای په‌كه‌كه ده‌بێت‌و بۆ زیاتر له‌نزیكه‌وه ئاشنا بوون به‌كورد له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه دێته هه‌رێمی كوردستان. ساڵی 1993یش، ئه‌ڵمانیا به‌یه‌كجاری به‌ره‌و چیاكانی قه‌ندیل به‌جێده‌هێڵێت‌و له‌نێو گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌دا له‌قه‌ندیل ده‌گیرسێته‌وه، دوای پانزه ساڵ مانه‌وه له‌نێو چیانشینه‌كانی قه‌ندیلدا میدیا ده‌ڵێت: «بڕیارم داوه تا سه‌ركه‌وتنی كورد به‌چاوی خۆم نه‌بینم، ناگه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌ڵمانیا». میدیا ئاماژه به‌وه ده‌كات «گه‌ر بڕوای ته‌واوی به‌ئامانج گه‌یشتنی ئه‌م هه‌وڵ‌و كۆششه نه‌بوایه چۆن ده‌یتوانی تا ئێستا به‌م گوڕ‌و تینه‌وه له‌سه‌ر پێیان بمێنێته‌وه». ئه‌و كه به‌كوردییه‌كی پاراوه به‌شێوه‌زاری كرمانجی ژوور ده‌په‌یڤێت‌و به‌پیتی لاتینی به‌كوردی ده‌نووسێت‌و كۆڕ‌و سیمینار بۆ خه‌ڵكی گونده‌كانی بناری قه‌ندیل ساز ده‌كات تا خۆیان له‌و په‌تاو نه‌خۆشییانه بپارێزن له‌و كه‌ژوكێوانه‌دا بڵاوده‌بنه‌وه، ده‌ڵێت «مرۆڤی له‌خۆبردوو، جوانی‌و چێژی ژیان له‌خزمه‌تكردن به‌و مرۆڤانه‌دا ده‌بینێت كه پێویستییان به‌كۆمه‌ك‌و یارمه‌تییه». میدیا به‌هانای ئه‌و گه‌ریلایانه‌وه ده‌چێ كه نه‌خۆش ده‌كه‌ون‌و بریندار ده‌بن، به‌كۆڵه‌پشته پڕ له‌داوو ده‌رمانه‌كه‌شیه‌وه به‌رده‌وام به‌و بیست‌و دوو گونده‌ی بناری قه‌ندیلدا ده‌گه‌ڕێت تا چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی‌و ئێش‌و ئازاره‌كانیان بكات. ئه‌و «مرۆڤ بوونی خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێت كه خزمه‌ت به‌كورد بكات كه گه‌لێكی ژێرده‌ست‌و چه‌وساوه‌یه‌و ئه‌م هه‌وڵدانه‌شی له‌بواری ته‌ندروستیدا به «شۆڕشێكی بچوك» ناوده‌بات. میدیا به‌حه‌سره‌ته‌وه‌یه جارێكی‌تر كورده ئاواره‌كانی كه‌مپی ئه‌ڵتاشی نزیك رومادی ببینێته‌وه‌و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌شه یه‌كێك له‌دووره‌وه بێت‌و هه‌واڵی ئه‌و كورده ئاوارانه‌ی پێبڵێت‌و به‌ئاواتی ئه‌وه‌شه‌وه‌یه جارێكی‌تر بچێت كۆمه‌كی ته‌ندروستییان پێبكات‌و چاره‌سه‌ری له‌ش به‌بارو نه‌خۆشه‌كانیان بكات. ئه‌م دكتۆره ئه‌ڵمانییه ئه‌وه‌شی له‌بیرناچێت كه ره‌خنه له‌وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم بگرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌ندروستی ئه‌و گوندنشینانه پێویستی به‌چه‌ندئامێرێكی ساده هه‌یه بۆ پشكنینی نه‌خۆشییه‌كانیان، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم بۆیان دابین ناكات، ئه‌و ده‌ڵێت «هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌ش زۆرجار نه‌خۆشه‌كانی ئێره ژیانیان ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه». ئه‌و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه «وه‌زیری ئێستای ته‌ندروستی خۆی له‌ساڵانی هه‌شتای سه‌ده‌ی رابردوودا له‌شاخ پێشمه‌رگه‌و پزیشك بووه‌و ده‌بوو زۆر له‌خه‌م‌و هه‌ڵپه‌ی ئه‌وه‌دا بووایه ده‌رمانیان بگاتێ». وه‌ك ژنێكیش كه دێته سه‌ر باسی كێشه‌كانی ژنان، «میدیا» كێشه‌ی ژنی ئه‌ڵمانی له‌كێشه‌ی ژنی كورد نزیك ده‌خاته‌وه‌و ده‌ڵێت «له‌ئه‌ڵمانیاش ژن ده‌چه‌وسێندرێته‌وه‌و ره‌وشی ژیانی ژنی ئه‌ڵمانی هێنده باش نییه». ئه‌و كه پڕ به‌دڵ بیری دایكی ده‌كات، خه‌مگینه له‌وه‌ی ژنی كورد له‌كێشه‌كانیدا ته‌نیا رێگای خۆسوتاندن ده‌گرێته‌به‌رو ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان لێده‌گرێت كه رێگه‌ی تر هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری، ئه‌ویش په‌روه‌رده كردنه‌و نایگرنه‌به‌ر، ئه‌و ده‌ڵێت «من ئازادی ژن له‌وه‌دا ده‌بینم كه رۆڵی هه‌بێت له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌داو توانای دروستكردنی گۆڕانی هه‌بێت».
|