مەنیج حەیران


 

ژنە كورد لە مەیدانی هونەری گۆرانبێژیدا باس و ژیان و بەسەرهاتی مەنیج حەیران بۆ ئەوەی باشتر ئەو راستییەمان بۆ روون بێتەوە: ژیان و بەسەرهاتی مەنیج حەیران لە ئاوێنەی یادەوەرییەكاندا  بەداخەوە مەنیج حەیران بەڵگە و دیكۆمێنت و شوێنەوارێكی لە دەنگ و هونەرەكەی لێ نەماوەتەوە و ئەویش وەك هەموو ژنە هونەرمەندەكانی سەردەمی خۆی بە هەناسەساردی سەری ناوەتەوە. جێگەی داختر ئەوەیە كە هەتا ئەم دواییانەش ئاوڕێك لە ژیانی ئەو هونەرمەندە نەدراوەتەوە تا سەید محەمەد سەمەدی و ئەنوەری سوڵتانی لێرە و لەوێ كۆمەڵێك باسیان لەو پەیوەندییەدا ورووژاند و سەید محەمەد سەمەدی وەك لەو وتارەیدا باسی دەكات لە كتێبی “ئاوڕێك وەسەر مێژووی مەهاباد” دا كورتە ئاوڕێكیشی لە ژیانی مەنیج حەیران داوەتەوە بەڵام وەك بۆخۆی لەو وتارەدا دەڵێ لەوێ زانیارییەكانی كورت و كرچ و كاڵ بوون: ناوبراو لە ژمارەی ١٠٥ گۆڤاری مەهاباددا دەڵێ:

لە كتێبی (ئاوڕێك وە سەر مێژووی مەهاباد)دا، كاتی خۆی ئاماژەیەكی كورتی ژیانی مەنیج حەیرانم كرد، هەر چەند زانیارییەكە كەم بوو، بەڵام پێم حەیف بوو لە مێژووی مەهاباددا، ئەگەر زۆر بە كورتییش بووبێ، باسێك لەو ژنە هونەرمەندە نەكرێ.(ێمدى، ١٩٩٤: ل٣٧٩)
پاشان كك هاشمی سەلیمی لە وتارێكدا تیشكێكی تری خستە سەر ژیانی ئەو هونەرمەندە. بە لوتف و دڵفراوانیی دۆستی بەڕێزم كك ئەییووب خاجەوی، بەرپرسی ئیدارەی ئەوقافی شاری مەهاباد، توانیم دەستم وە چەند بەڵگەیەكی بەنرخ ڕابگا كە پێوەندییان بە ژیانی ئەو خاتوونە هونەرمەندەوە هەیە. سپاسی ئەو برا خۆشەویستە دەكەم و وە بیر دێنمەوە كە بەڕێزیان لە ڕێگەی ڕێكوپێك كردنی بەڵگەنامەكان و پێشینەی ئەوقافی شاری مەهاباد، خزمەتێكی گرینگی بە ساغكردنەوەی مێژووی ئەم ناوچەیە كردووە، كە لە داهاتوودا ئەم كارەی بەڕێزیان ڕوونكییەكی زۆر دەخاتە سەر لایەنە تاریك و شاراوەكانی مێژوومان. ئەم خزمەتەیان شایستەی سپاس و پێزانینە و هیوادارم وێنەیان زۆر بێ.(سەلیمى، ٢٠٠٦: ل٣٨(
دیارە ئەوەی لەسەر ژیانی پڕ لە كوێرەوەری و كەند و كۆسپی كۆمەڵایەتیی هونەرمەندەكان باسمان كرد هەر تایبەت بە ژنان نەبووە بەڵكو ئەو بەڵایە داوێنی پیاوە هونەرمەندەكانیشی گرتووەتەوە. لە سەرەتای باسەكەشدا ئاماژەم بە كۆمەڵە ناو و ناتۆرەیەكی پڕ لە سووكایەتی كرد كە داویاننەتە پاڵ هونەرمەندەكان. لەگەڵ ئەوەشدا یەكێكی دیكە و دەتوانین بڵێین هۆكاری هەرە سەرەكیی بزربوون و نەمانی ئەو دەنگانە، نەبوونی ئامێری دەنگ هەڵگرتنەوە بووە. چونكە ئەوەی دەنگی ون بووە هەر مەنیج حەیرانەكان نین، بەڵكو ژمارەیەكی زۆر لە پیاوە دەنگخۆش و هونەرمەندەكانیش هیچ شتێكیان لەپاش بەجێ نەماوە. با لێرەوە لەگەڵ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانی سەید محەمەد سەمەدی ئاوڕێكیش لە ژینگە و ژیانی مەنیج حەیران بدەینەوە:
 

لە دانیشتنی دۆستانەی ڕۆژی چوارشەممۆ، ٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٨٨هەتاوی ٢٠٠٩ زایینی لە ئیدارەی ئەوقافی مەهاباد، بۆم دەركەوت كە خاتوو مەنیج حەیران خانووبەرەی خۆی كردووەتە وەقفی (خانەقای شێخ حیسامەددین) و (مزگەوتی حاجی ئەحمەدی لەشكری) كە هەر دوو بینا لە شاری مەهاباد و لە حەوشەیەكدا هەڵكەوتوون. ئەو خانوویە بەرهەمی ژیانی پەنجا ساڵەی مەنیج حەیران بووە كە لە گەڕەكی پشتقەڵا و نزیك شەقامی (جامی جەم)ی ئێستا هەڵكەوتبوو. وەقفنامەكە لە سێیەمین ڕۆژی مانگی ڕەشەمەی١٣٣٢هەتاوی ١٩٥٣ی زایینی نووسراوە، كە مەنیج حەیرانیش لە بانەمەڕی هەمان ساڵدا، لە تەمەنی پەنجا ساڵی، كۆچی دوایی كردووە، واتە وەقفنامەكە دە مانگ دوای مەرگی مەنیج حەیران نووسراوە. لەم بەڵگەنامەیەدا، كك عەلی سوڵتانی، خوشكەزای مەنیج حەیران، وەسێتی پووری بەجێهێناوە و كاروباری مەوقووفەكەی بە ئەنجام گەیاندووە. مەنیج حەیران كە بە سجیل ناوی (مەنیجە دەفی)یە، ٢١ی گەلاوێژی ساڵی ١٢٨٢ هەتاوی ١٩٠٣ی زایینی، لە گۆندی (قەمتەرە)ی نێوان مەهاباد و بۆكان لە دایك بووە و لە بانەمەڕی ساڵی ١٣٣٢هەتاوی ١٩٥٣ی لە شاری مەهاباد كۆچی دوایی كردووە. خوشكێكی بووە بە ناوی (خەجیج)، كە كاك عەلی سوڵتانی كوڕی ئەو خەجیجەیە و تەنیا میراتگری مەنیج حەیران بووە. (عەلی) كوڕی (خەلیلی سوڵتانی) و هەر دوو دانیشتووی مەهاباد بوون. لە كەوتنە پێوشوێنی كك عەلی و بنەماڵەی ئەم (سوڵتانی)یە، لە ڕێگەی لوتف و یارمەتیی دۆستانی بەڕێزم، كك قاسم ئەڵڵاوەیسی و جەنابی حاجی كەریم كەریمزادە و جەنابی سەید محەممەدئەمینی قادری موكری، كە هەر سێ كەس مەنیج حەیرانیان دیوە، ئاگادار بووم كك خەلیلی سوڵتانی كە لە مەهاباد بە (خەلیلی قاچاخچی) و (خەلیلی مەنیج حەیرانێ) ناسراوە، دوو ژنی هەبووە، یەكیان خات خەجیجی خوشكی مەنیج حەیران، كە دەبێتە دایكی ئەم (عەلی)یە. عەلی مامۆستای خوێندنگە بووە و بەر لەوەی ژن و ماڵ پێكەوە بنی، كۆچی دوایی كردووە. لە ژنەكەی تریشی تكە كچێكی هەبووە كە ئێستا لە ژیاندایە، بەڵام ماڵی لە مەهاباد نیە. بە وتەی بەساڵاچووانی مەهاباد كە مەنیج حەیرانیان لە نزیكەوە دیوە، ئەو خاتوونە هونەرمەندە لە ناو كۆمەڵی ئەو سەردەمی مەهاباددا ڕێزی تایبەتی هەبووە و خەڵك خۆشیان ویستووە. هەرچەند لە كۆمەڵی بچووك و بەستراوی، ئەو سەردەمدا، گۆرانی گوتن و دەفە‌ لێدان و داوەت گێڕان، بەتایبەت بۆ ئافرەت كارێكی ناپەسند بووە، بەڵام كەسایەتی و هەڵسوكەوتی مەنیج حەیران بە چەشنێك بووە كە كەس بە چاوی سووك تەماشای نەكردووە. لەگەڵ زۆربەی پیاوانی سابڵاغ دۆستایەتی بووە و بە ناوی بچووك بانگی كردوون. بەرگ و لیباسی گرانبایی و نائاسایی دەبەر نەكردووە و شێوەی جلوبەرگەكەی سكار، خاوێن و تایبەت بەخۆی بووە. ئەو كەسانەی لە مەجلیسی مەنیج حەیراندا حوزووریان بووە و ئێستا لە ژیاندان، دەڵێن: دەنگی هەندێ گڕ و بە گوێ خۆش نەبوو، بەڵام بەسەر هەوكاندا زۆر زاڵ بوو. ئەوپەڕی شارەزایی و هونەری خۆی لە گۆرانیی (ئای حەریرە و ئاگر بارانە)دا نیشان دەدا. گرووپی وی پتر ئەو سێ كەسە بوون: برایم هەللامە، كە خۆی گۆرانیبێژێكی بەناوبانگ و ڕێزدار بوو، قادر ناوێك كە شارەزای ئەو ئامێرانە بوو كە بە فوو لێدەدرێن و ڕەحمانە گۆج كە ئوستادی تەپڵ بوو.

بەڵام سەبارەت بە ژیانی مەنیج حەیران لە ژمارەی ١٠٦ی گۆڤاری مەهاباددا كك ئەنوەری سوڵتانی نووسیوێتی:

چە‌ند زانیارییە‌كی نوێ سە‌بارە‌ت بە‌ مە‌نیج حە‌یران
وتاری ڕێزدارسە‌ید محە‌ممە‌دی سە‌مە‌دی سە‌بارە‌ت بە‌ هونە‌رمە‌ندی گە‌ورە‌ی موكریان مە‌نیج حە‌یران، كە‌ لە‌ ژمارە‌ی ١٠٥ی گۆڤاری مەهاباد‌دا بڵاوكرایە‌وە‌، چە‌ند ڕاستییە‌كی بە‌ بە‌ڵگە‌ی لە‌مە‌ڕ ئە‌و هونە‌رمە‌ندە‌ ئاشكرا كرد و هە‌وڵێك بوو بۆ ڕوونكردنە‌وە‌ی لایە‌نێك لە‌ مێژوویە‌كی نادیاری هونە‌ری مۆسیقا لە‌ موكریان.
وتارە‌كە‌، سە‌بارە‌ت بە‌ شوێنی ژیان یا لە‌دایكبوونی مە‌نیج حە‌یران بابە‌تێكی بە‌ بە‌ڵگە‌ی خستە‌ ڕوو و ئە‌ویش كێشە‌ی خە‌ڵكی “قە‌متە‌رە” بوونی مە‌نیج حە‌یرانە‌. من لە‌گە‌ڵ نووسە‌ردام كە‌ مە‌نیج حە‌یران خە‌ڵكی گوندی “ڕە‌حیم خان” نە‌بووبێ، وە‌ک‌ لە‌ بیرە‌وە‌رییە‌كانی دایكم “ئامینە‌ محە‌ممە‌دیان”دا باسی لێوە‌ كراوە‌(ژمارە‌ ٣٧ی گۆڤاری گزینگ، سوئێد، زستانی ٢٠٠٣، لاپە‌ڕە٣٨). هۆكارە‌كە‌شی دە‌بێ ئە‌وە بێ كە‌ دایكم شارە‌زایییە‌كی زۆری لە‌مە‌ڕ گوندە‌كانی ناوچە‌ نە‌بوو، هە‌روەها ساڵانێكی زۆر بە‌ سە‌ر مە‌سە‌لە‌كە‌دا تێپە‌ڕ ببوو و ئاشكرایە‌ لە‌ مە‌ودایە‌كی وا دووری زە‌مە‌نیدا تك نە‌توانێ سە‌رە‌هە‌ودای ڕووداوە‌كان بە‌ باشی بە‌ یە‌كە‌وە‌ ببە‌ستێتە‌وە‌.
ئێوارە‌ی ڕۆژی ١/١/٢٠١٠ لە‌سە‌ر هە‌مان بابە‌ت بە‌ تە‌لە‌فون قسە‌م لە‌گە‌ڵ ڕێزدار جە‌عفە‌ر قزڵجی كرد، كە‌ مامۆستای خانە‌نشینە‌ و لە‌ بۆكان دە‌ژی*. كك جە‌عفە‌ر لە‌ پێوە‌ندیی باسە‌كە‌دا هە‌ندێك زانیاریی پێدام و داوای لێكردم وتە‌كانی ئە‌و بە‌ خوێنە‌رانی گۆڤاری مە‌هاباد ڕابگە‌یێنم. بۆچوونە‌كانی كك جە‌عفە‌ر جێگە‌ی سە‌رنجی تایبە‌تن، بەڵام لە‌ ناو قسە‌كانیدا مە‌سە‌لە‌ی ناوی گۆندە‌كە‌ی مە‌نیج حە‌یران قووڵتر دە‌بێتە‌وە،‌ بە ‌وە‌ی ناوبراو گۆندێكی سێهەم وە‌ك شوێنی لە‌دایكبوونی مە‌نیج حە‌یران دە‌ست نیشان دە‌كا. من بە‌ بێ ئە‌وە‌ی بۆچوونی خۆم سە‌بارە‌ت بە‌ لایە‌نێكی مە‌سە‌لە‌كە‌ دە‌رببڕم لێرە‌دا عە‌ینی قسە‌كانی كك جە‌عفە‌ر دە‌نووسمە‌وە‌ و هیوادارم سوود بە‌خش بن و لە‌ عە‌ینی كاتدا، بە‌ دابی ئە‌مڕۆی ڕوونكبیرانی كورد نە‌بنە‌ هۆی قسە‌ بە‌شە‌ڕدان و یە‌كتر پووچاندنە‌وە‌ و بە‌ پێچە‌وانە‌، بۆ نووسینی ڕاستییە‌كانی مێژووی نوێی كوردستان كە‌ڵكیان لێ وە‌ربگیرێ. ئە‌وە‌ كورتە‌ی قسە‌كانی كك جە‌عفە‌ری قزڵجییە‌ لە‌ سە‌ر تە‌لە‌فون، كە‌ من یادداشتم كردوون:
١. مە‌نیج حە‌یران لە‌ گوندی “ئۆینە‌چی” لە‌ دایك بووە‌ و بە‌ منداڵی ماڵیان چۆتە‌ گوندی “جامە‌رد”. ئە‌و گوندانە‌ كە‌وتوونە‌تە‌ ڕۆژهە‌ڵاتی بۆكان و كە‌وشە‌نیان لێك دە‌گە‌ڕێتە‌وە‌.
٢. مە‌نیج حە‌یران لە‌ جامە‌ردە‌وە‌ هاتۆتە‌ بۆكان و ئە‌وە‌ی كە‌ ئامینە‌خانم گوتوویە‌تی ڕاستە‌ و هاتۆتە‌ ماڵی ئێمە‌ و دایە‌ سە‌یدم فتوای بۆ نە‌داوە‌ ببێتە‌ گۆرانیبێژ و پێی گوتووە‌ بچێ بۆ سابڵاغ.
٣. من (واتە‌ كك جە‌عفە‌ر)، مە‌نیج حە‌یرانم زۆر دیتبوو، هە‌م لە‌ بۆكان لە‌ ماڵی خۆمان، هە‌م لە‌ مە‌هاباد لە‌ ماڵی “سە‌یدی”یە‌كان (كە‌ دایک‌ برای دایكمن).
٤. ئە‌و وێنە‌یە‌ی وا لە‌ گۆڤاری مە‌هاباد (ژمارە‌ ١٠٥)دا بڵاو بووە‌وە‌ بە‌ دڵنیایی هی مە‌نیج حە‌یران نییە‌. ئە‌و، كراس و شە‌ڵواری دە‌بە‌ر دە‌كردن و جلیسقە‌یە‌كی وە‌ك كڵۆنجە‌شی بە‌سە‌ردا دە‌بە‌ر دە‌كرد.
٥. مە‌نیج حە‌یران كچی مام ڕە‌شید ناوێك و ئامۆزای دادامین (ئامینە‌ كە‌یفە‌)ی دایكی حە‌سە‌ن زیرە‌ك بوو، واتە‌ حە‌سە‌ن زیرە‌ك دە‌بێتە‌ بن ئامۆزای مە‌نیج حە‌یران.
٦. بۆ پشت ڕاست كردنە‌وە‌ی ئە‌م خاڵە تایبە‌تە‌،‌ قسە‌م لە‌گە‌ڵ ڕێزدار حاجی حوسە‌ین زیرە‌ك، برای حە‌سە‌ن زیرە‌ك، كرد كە‌ ئێستا لە‌ بۆكان دە‌ژی و ئە‌ویش بە‌ ڕاشكاوییە‌وە‌ گوتی “بە‌ڵێ دایكم و مە‌نیج حە‌یران ئامۆزای یە‌كتر بوون”.
ئە‌وە‌، سە‌رجە‌می قسە‌كانی كك جە‌عفە‌ر قزڵجی بوو و من لە‌ سە‌ر ئیجازە‌ی خۆی و بۆ ئاگاداریی خوێنە‌رانی گۆڤاری مە‌هاباد ڕامگە‌یاندن. بۆچوونە‌كانی كك جە‌عفە‌ر ئە‌گە‌ر كێشە‌ی گوندی مە‌نیج حە‌یران یە‌كلایی نە‌كە‌نە‌وە‌، لای كە‌م ڕاستییە‌كی گرنگمان بۆ دە‌ردە‌خە‌ن، ئە‌ویش پە‌یوە‌ندیی خزمایە‌تی مە‌نیج حە‌یران لە‌گە‌ڵ حە‌سە‌ن زیرە‌كە‌. لام وایە‌ خزمی دوور و نزیكی مە‌نیج حە‌یران یا خود دانیشتووانی بە‌ساڵاچووی قە‌متە‌رە‌ و جامە‌رد بتوانن لە‌م پێوە‌ندییە‌دا بابە‌تی ڕوونكە‌رە‌وە‌یان هە‌بێ و وا هە‌یە‌ زانیاریی ئە‌وان سە‌بارە‌ت بە‌ شوێنی لە‌دایكبوونی ئە‌و هونە‌رمە‌ندە ڕچە‌شكێنە‌‌ و پێوە‌ندیی ئە‌و و حە‌سە‌ن زیرە‌كیش یە‌كلكە‌رە‌وە‌ بن. بەڵام من هیچ زانیارییە‌كم لە‌و بابە‌تانە‌وە‌ نییە‌ و لێرە‌ بە‌دواوە‌ خۆم لە‌ باسە‌كە‌ دە‌كێشمە‌وە‌ و دایدە‌نێم بۆ شارە‌زایان و ئە‌و ئیحتیمالە‌ی كە‌ لە‌ داهاتوودا بە‌ڵگە‌ی تازە‌تر لە‌ سە‌ر مە‌سە‌لە‌كە‌ دە‌ربكە‌وێ.


٢/١/٢٠١٠
ئە‌نوە‌ر سوڵتانی - لە‌ندە‌ن
بەڵام گۆڤاری مەهابادیش لەو نێوەدا بێ دەنگ نییە و لە نێوان هەر دوو نووسەر و روونكبیر سەید محەمەد سەمەدی و ئەنوەری سوڵتانیدا دەكەوێتە داوەریكردن و لە پەراوێزی وتارەكەی كك ئەنوەردا وەك تێبینی دەنووسێ:

تێبینیی گۆڤاری”مە‌هاباد” سەبارەت بە خاڵی ١ و ٤:

بە پێی بەڵگەكانی ئیدارەی ئەوقاف و سەبتی ئەحواڵی مەهاباد دەركەوتووە كە مەنیج حەیران لە گوندی “قەمتەرە” لە دایك بووە، ئیدی پاشان چووبێتە كوێ و لە كوێ ژیابێ پێوەندیی بە باسی شوێنی لە دایكبوونیەوە نییە. كك جەعفەر بە پێی چ بەڵگەیەك دەڵێ مەنیج حەیران لە گوندی “ئۆینە‌چی” لە دایك بووە؟
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە ژمارە ١٠٥ی “مەهاباد”دا بڵاو بوونەوە مەنیج حەیران مریدی “شێخ حیسامەددین” بووە. وێدەچێ كاتێك چووبێ بۆ زیارەتی “شێخ”، جل‌وبەرگی ئەو ناوچەیەی دەبەر كردبێ. دروست نییە هەر لەبەر شێوەی جل‌وبەرگ ئاوا بە دڵنیایی‌یەوە بگوترێ ئەوە مەنیج حەیران نییە.
خاڵەكانی دیكە جێی سەرنجن و پێویستە بۆ ڕوون بوونەوەی ژیاننامەی مەنیج حەیران بكرێنە بنەمای لێكۆڵینەوەیەكی وردتر. ئێمە چاوەڕوان بووین شێوە و ڕووخساری مەنیج حەیران بكەوێتە بەر سەرنج نەك جل‌وبەرگی.
ئەوەی راستییە دەكرێ هەر پشت بە بەڵگەكان ببەستین و بەو پێیەی سەید محەمەد سەمەدی دەستی بەو بەڵگانە راگەیشتووە كە دایرەی رەگەزنامەی مەهاباد خستوویەتە بەر دەستی، هەتا بەڵگەیەك نەبێ كە بەڵگەكانی سەمەدی رەد بكاتەوە، هەر دەبێ پشت بەو ببەستین و ئەو پشتڕاست بكەینەوە.

 

دەقی بەڵگەنامەی مەوقووفەكە، دوو لاپەڕەی فارسییە، كە وێنەی هەر دوو لاپەڕەم كردووەتە پەیوەستی ئەم وتارە و وەرگێڕاویان بە كوردی ئاوایە:

 

بەڵگەنامەی یەكەم:

لەبەرنووسراوەی بەڵگەی وەقفنامەی ژمارە ٦٢٠٥/٦٢١٢ هی ٣/١٢/١٣٣٢ لە نێوان ئاغای عەلی سوڵتانی و مزگەوتی حاجی ئەحمەد و خانەقای شێخ حیسامەددین، كە نوور لە قەبری ببارێ.

 لە بەرواری ژێروو، ئاغای عەلی سوڵتانی، كاسبكار، خاوەن ناسنامەی ژمارە ١٦٣ی دەرچوو لە مەهاباد، كوڕی خەلیل، دانیشتووی مەهاباد، لە خانووی پڵك ٢٢١٧، تكە میراتگری مەنیجە دەفی، بە پێی شایەتنامەی پاوانكردنی میرات بە ژمارە ١٩٦ـ ١٠/١٠/١٣٣٢ی دادگای مەهاباد، لەم دەفتەرخانەیەدا حازر بوون و لە دۆخی تەندرووستی و سڵامەتیی لەشیدا كە سەرجەم دانپێداهێنانەكان و گۆڕانكارییەكانی شەرعی لە لایەن وییەوە لواو و سەلمێنراو بوو، بەبێ نابەدڵی و زۆری، بە ئەوپەڕی ڕازی بوون و حەز و ویستی خۆی، بەروبووی چوار دانگی بەشنەكراو لە شەش دانگ(دوو دانگی جیا و بەشكراو)ی دەستێك خانووبەرەی خاوەن پڵكی دووی فەرعی، سەر بە ٧٩٧، لەگەڵ هەشت بەشی جیانەكراوە لە دوازدە بەشی سەر بە سیوشەش بەشی شەش دانگ، گۆڕەپانی دەستێك خانووبەرەی پڵك ٧٩٧، كە هەشت بەشی پێشتر باسكراو، پشكی عەلیی ناوبراوە لە گۆڕەپانی خانووی ژمارە ٧٩٧ی هەڵكەوتوو لە شاری مەهاباد، كە سنوور و پێناسەكانی بەرامبەرە لەگەڵ دۆسیەی پێوەندیدار بەم بابەتە، كە لە ئیدارەی سەبتی شارستانی مەهاباد هەڵگیراوە، لە ڕێگەی خوا و بۆ هەتا هەتا كرایە وەقفی خانەقای حەزرەتی شێخ حیسامەددین، نوور لە قەبری ببارێ و مزگەوتی حاجی ئەحمەد بە نیوەیی، كە هەر دوو هەڵكەوتوون لە شەقامی پەهلەوی، ڕووبەڕووی شارەوانیی مەهاباد، داهاتی ئەو خانووبەرەیە بە چەشنی بەرامبەر بكرێتە خەرجی ئاوەدانی و پێداویستییەكانی خانەقا و مزگەوتی باسكراو. لەم بەروارە بە دواوە مافی هەر چەشنە پێوەندی و خاوەنیەتی و هەروەها دەستتێوەردان و گۆڕانكاری ئەو موڵكەی لە خۆ وەرگرتووەتەوە و ئاغای مستەفا برینجی بە ناسنامەی ژمارە ٤٨١٠ی دەرچوو لە مەهاباد كوڕی خوالێخۆشبوو ڕەسووڵ، دانیشتووی مەهاباد، بوو بە بەرپرسی مەوقووفەكە و لێپرسراوی كاروباری خانەقا و مزگەوتەكە و بە پێی نامەی ژمارە ١٧٧٧ـ ١٢/١١/١٣٣٢ی ئیدارەی ئەوقافی شارستانی مەهاباد موڵكەكەی تەحویل وەرگرت و ڕێوڕەسمە ئاسایییەكانی بە ئەنجام گەیاند و بەڵگەنامەی ئیمزا كرد.

 لە ڕێكەوتی سێیەم ڕۆژی ڕەشەمەی ١٣٣٢ی هەتاوی بەرامبەر هەژدەی جیمادیوسانی ١٣٧٣ی كۆچی، جێگە ئیمزای سوڵتانی، شوێنی قامكی شادەی دەستی ڕاستی مستەفا، كە ئەمانە دەبنە بەڵگەی دروست بوونی هەموو ئەو دێڕانەی لە سەرەوە نووسراون. لە مێژووی نووسرانی ئەم دەقەدا، ئەم كارانە لە لای من بە ئەنجام گەیشتن. سەید محەممەد ڕەئووفی قازیی موكری. ئەم لەبەر نووسراوەیە دەقاودەقی خودی بەڵگەنامە بنەڕەتییەكەیە. مۆری دەفتەرخانەی ژمارە ٣ی مەهاباد.

 خێرەومەند: خاتوو مەنیجە دەفی(مەنیج حەیران)

 وەبرەوخەر: عەلی سوڵتانی، خوشكەزا و تكە میراتگری مەنیج حەیران

بەڵگەنامەی دووهەم:

لە بابەت وەسێت و وەقفی خاتوو مەنیجە دەفی، ناسراو بە مەنیج حەیران، كە لە نێوان ئیدارەی ئەوقاف و میراتگری خاتوو مەنیجە نكۆكییەك لەسەر چەندێتی و چۆنیەتیی مەوقووفەكە پێكهاتبوو، دوای گۆڕینەوەی بیروڕا و لێكۆڵینەوەی پێویست، میراتگر كە تكە خوشكەزایەكە بە ناوی عەلی سوڵتانی، كاسبكار، بە ژمارە ناسنامەی ١٦٣ی دەرچوو لە مەهاباد، كوڕی ئاغای خەلیل، بڕایەوە كە ئەوەی وەقف كراوە بریتییە لە چوار دانگ خانووبەرەی پڵاك ٧٩٧ی مەهاباد و جگە لەمە هیچ شوێنێكی تر لە لایەن خوالێخۆشبوو خاتوو مەنیجەوە وەقف نەكراوە. چونكە ئاغای عەلی ناوبراو بەڵێنی دا پێنج هەزار قڕانیش لە بابەت كەڵكوەرگرتنی [تا ئێستای] لەو چوار دانگە، بدا بە خانەقا و مزگەوتی مەوقووفەپێدراو، ئیدارەی ئەوقاف داوخوازیی میراتگری سەلماند و دووی كارەكەی نەگرت. سا عەلی ناوبراو وە ئەستۆی گرت كە لە دوای جێبەجێ بوونی پاوان كردنی میرات و نووسرانی بەڵگەنامە و وەقفنامەی ڕەسمی، هەر ئەو چوار دانگە بە نێو مزگەوتی حاجی ئەحمەد و خانەقای شێخ حیسامەددین بكا و هەروەها وە ئەستۆی گرت كە پێنج هەزار قڕان تاوانەكەش لە بەرامبەر ڕەسیددا بدا بە بەرپرسانی ئەوقافی مزگەوت و خانەقای باسكراو تا خەرجی ئاوەدانی بكرێ و ئەگەر هاتو لە بەڵێنی لایدا ئەشێ حەوت هەزار تمەن بدا بە ئیدارەی ئەوقاف. ئاغای خەلیل سوڵتانی، كاسبكار، خاوەن ناسنامەی ژمارە ٩٠٧٧ی مەهاباد، هەر بە هۆی ئەم بەڵگەنامەیەی حازرییەوە دەستەبەری لە بەڵێنییەكانی میرزا عەلی كردووە. هەروەها ئەگەر لە دواییدا میراتگرێكی جگە لەمەی ئێستا پەیدا بوو، خودی ئاغای خەلیلی ناوبراو بەرپرسە و دەبێ وەڵامدەرەوەی ئەو كەسە بێ.

 مەلا عەبدوڵڵا مودەڕڕیسی/ مەلا محەممەد لاهیجانی/ مەلا سەید هاشمی حوسێنی/ مەلا عەزیزی تەئیید/ عەلی سوڵتانی، میراتگر/ خەلیل سوڵتانی، باوكی میراتگر/ مستەفای برینجی، لێپرسراوی مزگەوت/ كەفیلی ئیدارەی ئەوقافی شارستانی مەهاباد، لەشكری.

زانیازیی پتر لەسەر مەنیج حەیران:

مەهاباد: هێندێك زانیاریی دایكی ئەنوەر سوڵتانی لەگەڵ زانیاریی نێو ئەو بەڵگانەی دە وتارەكەی (سەید محەممەد سەمەدی)دا ئاماژەیان پێ كراوە یەك ناگرنەوە:

١- مەنیج حەیران خەڵكی قەمتەرێ بووە نەك ڕەحیمخان،٢- خوشكی مەنیج حەیران ناوی خەجیج بووە نەك خات خانم جان.

مامۆستا هێمن لە توحفەی موزەفەرییەدا ئاوا باسی مەنیج حەیران دەكات
:

مەنیج حەیران و زڵەخا چوختی ش دوو ژنی بێباك بوون كە دەفەیان لێدەدا و گۆرانی داوەتیان دەگوت و شایەری شایی بوون و هیچ لە پیاوەكانی ئاواڵیان نەدەمانەوە؛ بەتایبەتی مەنیج كە خەڵكی سابڵاغ و لە خێرانێكی دەوڵەمەند و بەناوبانگ بوو و بۆ خاتری هونەرەكەی دەستی لە خزمەكانی هەڵگرتبوو.

 سەرچاوە: تۆحفەی موزەففەرییە، چاپی دووهەم، ئاراس، هەولێر ٢٠٠٦، لاپەڕە ١٦ (ئوسكارمان، ٢٠٠٦: ل١٦)

لە بەشی كەندوكۆسپەكانی بەردەم هونەرمەندی كورددا باسم لە روانگەی پڕ لە سووكایەتیی خەڵكی رەشۆكی كوردستان كرد كە چۆن بە سووك لێیان روانیون و زۆر جاران تڕۆیان كردوون. رەنگ بێ ئەو بیرەوەرییەی لێرەدا دەیخەمە روو باشترین بەڵگەبێ بۆ پشتڕاستكردنەوەی قسەكانم: