چۆن محەمەد حەلاقیان تیرۆر كرد ؟
 
 

 مێژوو تاوانێكی چەندین ساڵ لە مەوبەری یەكێتی دەگێڕێتەوە، چیڕۆكەكە بۆ یەكەمجار لە سەر زاری خوشكی محەمەد حەلاق ببیستن، كەلسوم محەمەد ئەمین عەبدوڵڵا، خوشكی شەھید محەمەد حەلاق كە لە ساڵی ١٩٥٨ لە دایك بووە و نزیكەی سێ ساڵێك لە محەمەد حەلاق بچووكترە، كچی شەھید ئایشەگوڵە كە لە ساڵی ١٩٨٨ لە سەربازگەی ڕەشكین لە ھەولێر، دوای ئەشكەنجەدانێكی زۆر، لەلان رژێمی بەعسەوە گولەباران كرا، كاتێك ئامادە نەبوو دان بە پێشمەرگەبوونیدا بنێت. ئەو خوشكەی حەلاق لە بارەی گومانیان لە كوشتنی محەمەد حەلاق و ١١ ھاوڕێكەی كە چەند ساڵ بەر لە ئەمڕۆ
لە ساڵی ١٩٩٥، لە بازگەی تۆپزاوەی یەكێتی لە كۆیە كوژران كە ئەوكات یەكێتی لە شەڕی بركوژیدا بوو لەگەڵ ئیسلامییەكان، ڕای گەیاند بە ھەڵە كوژراون.
 
 هەروەها دەڵێ:"پێنچ رۆژ دوای شەھیدكردنی محەمەد حەلاق و ھاوڕێكانی، لە تەلفزیونی خۆیان، تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان، یەكێَتی گوتی "بە ھەڵە لە بازگەی تۆپزاوای كۆیە محەمەد حەلاق و ھاوڕێكانی شەھید بوون"، بەڵام ئێمە لە ڕێگەی شایەدحاڵەكانی ئەو بازگەوە زانیومانە، لە ڕووداوی تەقەكە تەنیا دوو لە ھاوڕێكانی محەمەد حەلاق شەھید بوون، ئەوانی تر ھەموویان بە دیلی گواستراونەتەوە بۆ بازگای  سەلام، لەوێ لە بەردەم محەمەد حەلاق، شەھید كراون، دواتر محەمەد حەلاقیش شەھید كراوە". كەلسومە بەو شێوەیە درێژە بە قسەكانی دەدا:" ھەموو بەرپرسانی یەكێتی بە نەوشیروان مستەفای گۆڕانیشەوە، ئاگاداری ئەو دۆسیەیە بوون، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی داوای لێبوردنیشیان لێ نەكردووی،ئەوەی ئێستا تیرۆركردنی حەلاقی برامی بەردەوامی پێ داوە، شكاندنی بەردەوامی كێلی قەبرەكەی و لادانی پەیكەری ئایشە گوڵی دایكیەتی لە ناوجەرگەی شاری كۆیە".

یەكێتی بۆچی محەمەد حەلاقی كوشت؟

تیرۆركردنی محەمەد حەلاق و ١١ هاوڕێكەی

 سیڤەر نانەكەلی :

چەندین ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، محەمەد حەلاق و یانزە پێشمەرگە لەبازگەی تۆبزاوای شاری كۆیە، لەلایەن هێزێكی گەورەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە كوژران، وەك دەگوترێ سەرەتا تەنیا دوو كەس دەكوژرێن، ئەوانی دیكە بەدیل دەگیرێن و دواتر گوللەباران دەكرێن و تەرمەكانیشیان دەسوتێنرێ، ئەم ڕووداوە بەتیرۆرێكی سیاسی دادەنرێ، كە حزبێكی كوردی لەكاتی حوكمڕانیدا لەقەڵەمڕەوی دەسەڵاتی خۆیشیدا ئەنجامی دا.

حەلاق كێیە؟

محەمەد حەمەدەمین حەلاق لە ساڵی ١٩٥٥ لە شاری كۆیە لە دایك بووە، لەكۆتایی حەفتاكاندا لەڕێكخستنە نهێنییەكانی حیزبی شیوعیدا كاری كردووە، لە ساڵی ١٩٨١ لەلایەن بەعسەوە فەرمانی دەستگیركردنی دەدرێ، بەڵام خۆی ناداتە دەست و روو لەشاخ دەكات و دەبێتە پێشمەرگە، چەندین پلەی لەبواری رێكخستن و پێشمەرگایەتی پێسپێردراوە. لەساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ كۆمەڵێك كادری حزبی شیوعی، لەحزبی شیوعی جیابوونەوەو شیوعیە كوردستانیەكانیان دروست كرد، دواتر پارتی كاری سەربەخۆی كوردستانیان دامەزراندو بووە ئەندامی مەكتەبی سیاسی لەو حیزبە، تا رۆژی تیرۆركرانیشی هەر ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوو. محەمەد حەلاق كوڕی ئایشەگوڵی ئافرەتی بەناوبانگی ناوچەی كۆیەیە، كە پاش چەند ساڵ پێشمەرگایەتی، لەلایەن دەزگای ئەمنی بەعس لەهەولێر دەستگیركرا و دواتر لەسێدارەدرا. هەروەها برایەكیشی بەناوی (بەشدار) لەلایەن حكومەتی بەعسەوە لەزیندان كوژراوە.

ئەو كاتەی محەمەد حەلاق تیرۆركرا، پارتی و یەكێتی لەشەڕێكی سەخت دابوون، ئەو كاتە شارەكانی هەولێر و سلێمانی لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بوو. رووداوەكە بەشێوەیەك ئەنجامدرا، بووە خاڵێكی نێگەتیڤ بەمێژووی یەكێتییەوە، ئەوكات چەندین بەیاننامە و میتینگ لەدەرەوە و ناوەوەی كوردستان دەركران و سازكران.

حەلاق بۆچی تیرۆر كرا؟

كەلسوم محەمەد ئەمین خوشكی محەمەد حەلاق كە ئەو كات وەك موسافیرێك بەدوای سۆراخی براكەیدا گەڕاوەو لەهەوڵی ساخكردنەوەی چارەنووسی دابووە، بەسەرسوڕمانییەوە دەپرسێ “ئێستاش دەمەوێ بزانم یەكێتی بۆچی هاوڕێ محەمەد حەلاقی كوشت؟”.

رۆستەم حەلاق، برای محەمەد حەلاق، باس لەهۆكاری تیرۆركردنی براكەی دەكات و دەڵێ “مام جەلال چەند جار داوای كرد محەمەد ببێتە یەكێتی، پێی گوتبوو دەتكەینە وەزیری پێشمەرگە، بەڵام محەمەد رازی نەبوو، هەتا جارێكیان پێشی گوتبوو ئەگەر نەبیە یەكێتی، ئەوا دەبێ كوردستان بەجێبهێڵی”.

رۆستەم ئەو كاتە لەسوید بووە، بۆیە كەلسوم ئەو باسە زیاتر دەگێڕێتەوە، بەو پێیەی ئەو كات لێرە بووەو لەنزیكەوە ئاگاداری رووداوەكان بووەو سەروكاری لەگەڵ محەمەد حەلاقدا هەبووە، وەك خۆی دەڵێ جگە لەپەیوەندی خوشك و برایەتی، هاوكات برادەری یەكتریش بوونە. كەلسوم دەڵێ “هاوڕێ ئەو كاتەی لەناو حیزبی شیوعیش بوو، یەكێتی زۆر داوای لێ دەكرد كە ببێتە یەكێتی، چەند جار مام جەلال ئاراسی كوڕی شێخ جەنگی كە دەكاتە برازای خۆی، هەروەها دكتۆر كەریم كە كوڕی خاڵی ئێمەیە ناردووەتە لای هاوڕێ محەمەد و داوای لێكردووە كە ببێتە یەكێتی، جارێكیان مام جەلال خۆی بەدوایدا نارد، كە هاتەوە زۆر بێتاقەت بوو، منیش پرسیم هاوڕێ ئەوە خێرە، شتێك بووە، دەبێ پێم بڵێی، گوتی كەلسوم ئەمڕۆ مام جەلال بانگی كردم، زۆر هەوڵی دا كە ببمە یەكێتی، پێی وتم كە مخەوەل بم و چیم بوێ بۆم دەكا، منیش گوتم من ئامادەنیم نە ببمە یەكێتی، نە پارتی، هەر كاتێك پێویستیشتان بە من بێت بۆ كاری خێر ئامادەم، بەڵام مام جەلال هەر سوربوو لەسەر ئەوەی كە ببم بە یەكێتی، بەڵام من رەتم كردەوە و گوتم موستەحیلە ببمە یەكێتی، بەوەش مام جەلال توڕەبوو، عەینەكەكەی هێنایە خوارەوەو گوتی محەمەد تۆ دەبێ لەكوردستان بڕۆی، یان دەبێ بەقسەم بكەی، یان لێرە جێت نابێتەوە، گوتی منیش پێم گوت مام جەلال بۆ كوێ بڕۆم، ئەمڕۆ كوردستان ئازادەو هەموو كەسێك مافی ئەوەی هەیە تێیدا بژی، من كە هەموو ژیانی خێزانەكەمان لەپێناوی ئازادی كوردستاندا بووە، بۆچی ئێستا كە كوردستان ئازادە من دەبێ لە كوردستان بڕۆم؟”. كەلسوم روونیكردەوە كە ئەو مشتومڕەی نێوان تاڵەبانی و حەلاق پێش دەستپێكردنی شەڕی ناوخۆ بووە.

شەڕی ناوخۆ لەئایاری ساڵی ١٩٩٤ دەستی پێكرد، لە ساڵی ١٩٩٥ شەڕەكە سەختتر بوو، یەكێتی خۆشی بە چارەی نەدەهات، كۆمەڵێك تۆمەتیان خستەپاڵی، بەتایبەتی بەوە تۆمەتباریان كرد، كە بەلای پارتیدا دەیشكێنتەوە و كادیر و كەسوكاری كادیرانی پارتی دەربازی ناوچەكانی ژێر ركێفی پارتی دەكات، لەوبارەوە رۆستەم و كەلسوم هەردووكیان دان بەوە دادەنێن كە برایەكەیان كاری وەهای كردووە، بەڵام ئەوان جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە، كە ئەو كارەی لەڕوانگەیەكی ئینسانییەوە بووەو لەبەرامبەر كەسوكاری كادیرانی یەكێتی لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی هەمان هەڵوێستی هەبووەو زۆریشی لەوان دەربازی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی كردووە.

دوای ئەوەی محەمەد حەلاق داواكەی تاڵەبانی بۆ چەندەمین جار رەتكردەوەو دوای ئەوەی كۆمەڵێك تۆمەتی خرایە پاڵ، ئیتر لێرەوە هەوڵەكانی یەكێتی بۆ تیرۆركردنی محەمەد حەلاق دەست پێدەكات، كە سەرەتا لەهەوڵی تاكەكەسیەوە دەستی پێكردووە، وەك لەڕاپۆرتێكی رێكخراوی ئەدیلایدی ئوسترالیای پارتی كاری سەربەخۆی كوردستاندا خراوەتە ڕوو، یەكەم هەوڵیان بەكارهێنانی ئافرەت بووە بەئامانجی وەدەستهێنانی بەڵگەی دژ، وەك هۆكارێكی فشار بەمەبەستی خۆبەدەستەوەدانی بۆ یەكێتی بەكارهێنراوە، تەنانەت هاتووە كە یەكێتی بۆ ئەم مەبەستە ژنەشەهیدێكی ناوداری كردبووە وەسیلە تا بەجەستەی خۆی ئامانجی یەكێتی وەدەست بێنێ.

سیناریۆی دووەم لەڕاپۆرتەكەدا وا هاتووە “لەهاوینی ساڵی ١٩٩٤دا مەلا بەختیار سەرپەرشتی تۆڕێكی سیخوڕی دەكات لەپێناو لەناوبردنی هاوڕێ (محەمەد حەلاق) بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندی بەیەكێ لەپێشمەرگەكانی (پارتی كاری سەربەخۆیی) دەكات، دوای هەوڵ و فشاری زۆر لەگەڵ ئەو پێشمەرگەیە قەناعەتی بەكوشتنی كاكە محەمەد حەلاق پێ دێنێ، لەپاداشتی ئەو كارەش یەكێتی ئامادەیە براكانی ئەو پێشمەرگەیە كە لەزیندانی محەتە بەندكراون ئازاد بكات، بەڵام ئەو پیلانە ئاشكرا دەبێ و سەرناگرێ”.

وەك لەڕاپۆرتەكەدا هاتووە پیلانی سێیەم لەلایەن (كۆسرەت رەسوڵ)ەوە سەرپەرشتی دەكرا، بەڵام ئەم جارەش سەرناگرێ، ئەو هەوڵەش بەوە دەبێ كە شەوێك هەندێ چەكدار دەچنە سەربانی ماڵە عەرەبە دراوسێكەی حەلاق، بۆ ئەوەی لەفرسەتێكدا محەمەد حەلاق لەماڵەكەی خۆیدا بكوژن، بەڵام دوای ئەوەی عەرەبەكە وشیار دەبێتەوە دەست دەكات بەهاوار هاوار و دراوسێكانی لێ وەئاگا دێن، دوای ئەوە سەركردایەتی پارتی كار كۆسرەت رەسوڵ ئاگادار دەكەنەوەو ئەویش بۆیان تەئكید دەكات كە ئەوان بەرنامەی كوشتنی محەمەد حەلاقیان نەبووەو نییە. كەلسومی خوشكی حەلاق لێرەدا شتێك دەگێڕێتەوە “كە دەیانگوت هاوڕێ محەمەد بووەتە پارتی و یەكێتی دەیكوژێ، رۆژێك هاوڕێ چووە لای كۆسرەت و پێی گوتبوو، كاك كۆسرەت من هیچ كێشەیەكم لەگەڵ یەكێتی نییە، بەڵام یەكێتی دەستی كردووە بەبڵاوكردنەوەی هەندێ پروپاگەندە، كە من بوومەتە پارتی، من ئەگەر ببمە پارتی پێم ئاساییە، بەڵام من نە دەبمە پارتی، نە یەكێتی، ئەگەریش بڕیارە بمكوژن ئەوا ئێستا بمكوژن، نەك سبەی لەجادەیەك ٣-٤ كوڕەهەژارم لەگەڵ بكوژن، بەڵام كۆسرەت پێی دەڵێ ئەوە ناحەزانی هەردوولامان ئەو قسانە دەكەن، تۆ بێ خەم بەو خوێنی تۆ لەئەستۆی من”.

لەڕاپۆرتەكەدا هاتوە كە لەسیناریۆی پێنچەمدا ئەو كەسەی راسپێردراوە بەكوشتنی حەلاق، خۆی دەچێت خەبەر بە حەلاق دەدات، كە یەكێتی بەنیازە بیكوژێت. “بە ماوەیەكی كەم بەر لەشەهیدكردنی، ئەو پیاوە دەم و چاوی پێچراوەیە لەدەرگای ماڵی هاوڕێی نەمر ئەدا و لەگەڵ كاكە محەمەدی حەلاق دەكەوێتە وتوێژ و دەڵێت من فڵانە دكتۆر(…)، فلانە (……) پارێزەر، فلانە مەلا(….)، كە دۆست و لایەنگری پارتی بوون، كوشتومن. بەڵام ئەوەی من دژی پارتیم كردووە بەهیچ شێوەیەك ئامادەنیم و ناتوانم دژی هاوڕێیانی حیزبی شیوعی بیكەم، بەتایبەتی لەگەڵ هاوڕێیەكی وەك بەڕێزتان، ئەوەی تكامە ئەوەیە ئاگاداری خۆتبە! خواحافیز..”.

بەپێی زانیاریەكان ئەو كەسە پێشتر پێشمەرگەی حیزبی شیوعی بووەو دوای ئەوەی یەكێتی زانییەوە كە خەبەری داوەتە محەمەد حەلاق خستییە زیندان و تا كوشتنی محەمەد حەلاق لەزیندان مایەوە. لە درێژەی راپۆرتەكەدا هاتووە دواین پیلان كە كوشتنی محەمەد حەلاقی لێكەوتەوە بەسەرپەرشتی جەبار فەرمان ئەنجام دراوە. ئەمە بوو لە لە ڕۆژی ٢/١١/١٩٩٥ محەمەد حەلاق و ١١ لە هاوڕێكانی تیرۆر كران لە دەروازەی کۆیە دەستی ڕەشی تاوان لە ناو رێزەکانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان دەسڕێژی لەو کۆمەڵە تێکۆشەرە کرد و ئەوەی لەوێ شەهید کرا دەنا ئەوانی دیکە راگوێزران و پاشان هەموویان گوڵە باران کران وە

یەكێتی دوای ئەوە بۆ ماوەی پێنچ رۆژ بابەتەکە دەشارێتەوەو خۆی لەڕووداوێكی وەها بێبەری دەكات، هەرچەندە حیزبە كوردستانییەكان داوا لەیەكێتی دەكەن كە چارەنووسی محەمەد حەلاق ئاشكرا بكات، بەڵام ئەوان دەڵێن كە كاری وەها رووی نەداوەو ئەوەی لەسەیتەرەی تۆپزاواش بووە لەگەڵ جەماعەتێكی بزووتنەوەی ئیسلامی بووە. كەلسوم خوشكی حەلاق دەڵێ “ئەو كات من و كوردستانی خوشكم چوینە ماڵی جەمیلە خانی خوشكی مام جەلال، كە زۆر برادەری دایكم بوو، زۆریش هاوڕێ محەمەدی خۆش دەویست، گوتی كەلسوم چی بووە، گوتم هاوڕێ محەمەدیان كوشتووە، گوتی یەكێتی چۆن شتی وەها دەكات؟ راوەستن ئێستا تەلەفۆن بۆ مەحموود سەنگاوی دەكەم، تەلەفۆنی بۆ كرد و خۆی پێ ناساند، من لەتەنیشتی دانیشتبووم گوێم لێ دەگرت، گوتی كاك مەحموود ئێوە هاوڕێ محەمەد حەلاقتان رفاندووە؟ ئێوە دەزانن محەمەد حەلاق كێیە؟ مەحموودیش گوتی بەخوا جەمیلەخان بەسەری تۆ و بەسەری مامە و بەخوێنی شەهیدان ئێمە شتی وامان نەكردووە، سوكە شەڕێكمان لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی بووەو محەمەدمان هەر نەبینیوە، جەمیلەخان تەلەفۆنەكەی داخستەوەو گوتی كەلسوم شتی وەها نییە. بەڕاستی ئێمەش تۆزێك هێور بووینەوەو خواحافیزیمان كرد، هاتینە دەرەوە دوو سێ برادەری هاوڕێ محەمەدمان بینی، گوتیان دەچین جەمیلەخان و برازاكەی مام جەلال دەڕفێنین، تا هاوڕێ محەمەدمان دەدەنەوە، گوتم نا جەمیلەخان بێتاوانە، دوایی ئەوە شتێكی جوان نییە”.

چۆن ئاشكرا دەبێ؟

پاش چەند رۆژ یەكێتی هەر ئینكاری دەكرد كە محەمەدیان كوشتبێ، چ بە ڕەسمی چ بەناڕەسمی ئامادە نەبوو دان بە راستیەكە دابنێ، تا ئەو كاتەی كەلسوم لەناو كۆیە توشی خزمێكی خۆی دەبێ و پێی دەڵێ كە ئەو بینویەتی محەمەد حەلاق هاتۆتە كۆیە، ئەو خزمەی بەكەلسوم دەڵێ تەلەفۆن بۆ ئاكۆی برای لێپرسراوی كۆمیتەی ئەو كاتەی كۆیە بكات، كە ئەو ڕۆژە لەبازگە بووە، كەلسوم دەڵێ “منیش تەلەفۆنم بۆ ئاكۆ كرد، نەمگوت وایە یان وانییە، یەكسەر گوتم ئاكۆ تۆ هاوڕێ محەمەدت بەسلێمانییەكان ناساند، كە بنەماڵەیەكی لەسەر كورد دانا، بۆ وات كرد؟ یەكەم جار گوتی من لەوێ نەبووم، بەڵام كە یەك دوو قسەم پێ گوت، یەكسەر تووڕە بوو گوتی بەڵێ وامان كرد، بڕۆن چیتان پێدەكرێ بیكەن، تەلەفۆنم داخست، ئیتر ئاكۆ شتەكەی ئاشكرا كرد، هاتمەوە هەولێر و چوومە بارەگای هەموو حیزبە كوردستانییەكان، سەرەتا چوومە بارەگای پارتی كار پێم گوتن، بەڵام ئەوان دەترسان، زۆر بێ هەڵوێست بوون”.

كەلسوم دوای ئەوەی لەپارتی كار بێئومێد دەبێ لە سۆراخكردنی چارەنووسی براكەی، ئیدی خۆی بە تەنیا دەبینێتەوە، بەڵام كەلسوم نەك هەر دەستەوەستان ناوەستێ، بەڵكو زۆربەی كات ئەو لە گەڕان و سوڕان دابووە بۆ ئەوەی چارەنووسی براكەی ئاشكرا بكات، كەلسوم سەرەتا دەچێتە ماڵی قادر عەزیزی سكرتێری گشتی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، كەلسوم دەڵێ “كاك قادر پێی گوتم یەكێتی چۆن هاوڕێ محەمەد دەكوژێت، گوتم كاك قادر یەكێتی منەتی بەو شتانە نییە، ئەوان چی بیانەوێ دەیكەن، بەڵام نازانم چۆن بگەمە لای كۆسرەت، گوتی من دەتبەمە لای ماڵی كۆسرەت، بەئۆتۆمبێلی خۆی منی بردو لەپێش ماڵی كۆسرەت داینام، چوومە حەوشەكە و چەند چەكدارێك هاتنە پێشم، منیش كۆسرەتم بینی لەپەنجەرەكەوە سەیری دەكردین، بەدەنگی بەرز گوتم كۆسرەت من كەلسوم خوشكی محەمەد حەلاقم، بە چ حەقێك محەمەد حەلاق لەكوردستانی ئازاد بزر دەكەن؟ كوڕەشەرمە بۆ ئێوە، زۆر گران لەسەرتان رادەوەستێت، ئەمڕۆ دەسەڵاتتان هەیە، بەیانی مێژوو رەحمتان پێ ناكات. وتم مەبنە بەعس بۆ خەڵكی كوردستان، ئەو خەڵكەی قوربانی داوە لەپێناو ئازادی”.

وەك كەلسوم دەگێڕێتەوە، هەرچەندە پاسەوانەكانی كۆسرەت رەسوڵ كە ئەوكات سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش بوو، لێناگەڕێن كۆسرەت ببینێ، بەڵام كەلسوم ئەوێ بەجێناهێڵێ و سور دەبێ لەسەر ئەوەی كۆسرەت ببینێ، دوای ئەوەی كۆسرەت لەماڵ دەردەچێ دەچێتە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كە ئەوكات لەسەر رێگەی عەنكاوە بوو، كەلسوم تەكسیەك رادەگرێ و دەچێتە مەكتەبی سیاسی، لەوێش لێناگەڕێن كۆسرەت ببینێ، دێتەوە لای ماڵی كۆسرەت، بەڵام كۆسرەت زوو ناگەڕێتەوە ماڵەوەو كەلسومیش شەوی بەسەردادێ و دەچێتە ماڵێكی كۆیی نزیك ماڵی كۆسرەت رەسوڵ و چاودێری دەكات تا كۆسرەت دەگەڕێتەوە ماڵەوە، كەلسوم دەڵێ “كۆسرەت هاتەوە چوومە پێش دەرگا هەرچەند هەوڵمدا بیبینم نەیانهێشت، منیش چار نەما پڕ بەدەنگ هاوارم كرد، گوتم كۆسرەت من كچە شەهیدم و خوشكی شەهیدێكم شەرمە بۆ تۆ ناهێڵی بتبینم، هەر لەبەر خاتری ئەو شەهیدانە بمبینە، كوڕە رۆژێك دادێ شاربەدەر بكرێن، بەڵام هەر نەیانهێشت بیبینم”.

كە دەگاتە پێنچ رۆژ دوای كوژرانی محەمەد حەلاق، هێشتا وەڵامێك لەلایەن یەكێتی بەبنەماڵەی محەمەد نادرێت، لەپێنچەمین رۆژدا پارتی كار بەكەلسوم دەڵێ كە بچنە لای (كەریم) ناوێك، كە بەرپرسێكی یەكێتییەو لەهەمانكاتدا خزمی خۆشیانە، كەلسوم و خوشكەكانی دەچنە ماڵی (كەریم)، ئەویش دەڵێت دەتانبەمە سلێمانی بۆ بینینی محەمەد و تەئكید لەوە دەكات، كە محەمەد ماوەو نەمردووە، دەیانبات بۆ سلێمانی، شەو لەوێ دەمێننەوەو بەیانیەكەی سەعات چوار هەڵیان دەستێنن و دەڵێن دەبێ بچن بۆ رانیە، محەمەد لەوێیە، دواتر ناچن بۆ رانیە، دەچنە كۆیە، كەلسوم بەدرێژایی ئەو رێگایانە قسە و هەڵوێستی جیا جیا دەگێڕێتەوە، ئەوكاتە دەگەنە نزیك كۆیە پیكابێك دەبینن، كە داری لێ باركراوە، دواتر كەلسوم دەزانێ كە لەژێر ئەو دارانە تەرمی محەمەد حەلاقی تێدایە، دوای ئەوەی لەبارێكی خەمگیناوی و لەكەشێكی سەربازی تونددا كە چواردەوری گۆڕستانەكە بەهێزی پێشمەرگەی یەكێتی تۆق كرابوو، تەرمی محەمەد حەلاق دەنێژرێ. كەلسوم دەڵێ “لەگۆڕستانەكە لەسەر محەمەدم هەڵداوە، بینیم دەموچاو و سینگی هەمووی سوتێنرابوو، كە هاتینەوە هەولێر تەرمی فارس دەنێژرا، كە لەگەڵ محەمەد كوژرابوو، لەسەر ئەویشم هەڵدایەوە، بینیم ئەویش سوتێنرابوو”.

 لە رۆژی ٨/١١/١٩٩٥ یەكێتی بەڕەسمی ئاشكرای كردو بەڕووداوێكی هەڵەی ناو برد. ئەوكات زۆر لەحیزب و لایەن و كەسایەتییە سیاسییە كوردستانی و عێراقی و جیهانییەكان ناڕەزاییان دەربڕی و ئیدانەی ئەو كردەوەیان كرد و بەتیرۆری سیاسیان لەقەڵەم دا، ئەو كات ئەبو حیكمەت كە سكرتێری پارتی كاری سەربەخۆیی كوردستان بوو لەدیمانەیەكی لەگەڵ رۆژنامەی هەنگاو كە لەلەندەن دەردەچوو لەبارەی ئەو رووداوەو تەواوی ئەو كردە تیرۆریستیانەی لەو كاتدا ئەنجام دەدران، دەڵێ “سجلی حكومەتی كوردی لەهەندێ رووەوە لەسجلی رۆژانی حوكمڕانی دەوڵەتی عێراق رەشترە”.

وەك كەلسوم باس دەكات كۆسرەت رەسوڵ كەسانێكی ناردووەتە ماڵیان “كۆسرەت دكتۆر كەریمی ناردە لام، گوتبووی بە كەلسوم بڵێن كوشتنی هاوڕێ محەمەد لەدەسەڵاتی مندا نەبووەو بڕیاری مام جەلال بووە”.

ئێستاش ئەوانە وەكو بنەماڵە لە ١١/٢/ی هەموو ساڵێكدا بەیاننامە دەردەكەن و داوا لەیەكێتی دەكەن كە ئەو بەڵێنەیان بێننەجێ، كە لەهەفتەی دووەمی دوای رووداوەكە دایان و بكوژان دەستگیر بكەن.