قەدری جان

قەدری جان-ی شاعیر، رامیاركار، چیرۆكنووس، وتارنووسو وەرگێڕ، یەكێك لە شۆڕەسوارەكانی بوارە جیاجیكان، ساڵی ١٩١١ لە شارۆچكەی "دیرك" لە نزیك "ماردین" لە دایك بووه.

 ساڵی ١٩٢٨ بۆ ١٩٣١ لە خانەی مامۆستایان خوێندوویەتی. بەهۆی جموجۆڵی رامیارییەوە لە دەست تەنگەتاوی دەسەڵاتی تورك نیشتمانەكەی بەجێهێشتووەو رووی كردۆتە رۆژئاوای كوردستان، لەوێ خوێندنی خانەی كشتوكاڵی تەواوكردووه، بۆتە مامۆستا.

دوای چەند ساڵێك چۆتە مۆسكۆ، لەوێ چاوی بە بارزانی كەوتووه. پاش گەڕانەوەی بارزانی بۆ نیشتمان، قەدری جان روودەكاتە بەغداو دەبێتە میوانی بارزانی.

لە ساڵی ١٩٣٩ دا ژنی هێناوه.

لە ساڵی ١٩٥٩ دا گەڕاتەوە سوریاو لەوێ چەند جارێك بەندكراوه. شاعیر لە دونیای شیعرەكانی دا گەلێك باڵادەست بووه.

زۆربەی ئەو رووداوە مێژوویانەی، كە لە كوردستان روویانداوه، جا لە هەر پارچەیەكی بێت، شاعیر لە پەسنو زیندووكردنەوەیان كەمتەرخەمیی نەكردووه.

دەتوانرێت بووترێت، كە مێژوونووسێك راستی رووداوەكانی بە شیعر تۆماركردووه،

بۆ نموونە لە رووخانی كۆماری كوردستانو لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد بناغەو كۆڵەكەیەكی دیكەی دوو شیعری قەدری جان-ـه، لەناوچوونی ئەم كۆماره، كە لەو سەردەمەدا تەنها هیواو مەبەستی هەموو كوردێك بووه، رووداوێك نەبووه، كە مرۆڤی كورد لێی بێدەنگ بێت، هەروەها لەسێدارەدانی پێشەوا، كە ویژدانی مرۆڤی هەژاندووه، بەتایبەتی ئەو كوردانەی لەگەڵ رووداوەكاندا بوونو بێئاگانەبوو.

شاعیر ئەم رووداوە پڕ نەهامەتییە دڵو گیانی بریندار كردووەو لەناخەوە هەژاندوویەتی. بۆیە لە شیعری "شینا پێشەوا" ناوەڕۆكی تەواوی رووداوەكەی وەرگرتووه.

لە شیعرەكەدا نزا لەوانە دەكات، كە هاوكاری شای ئێرانی-یان كردووه، هەروەها لە شیعرەكەدا ئامۆژگاری ئێزگەی تاران دەكاتو دەڵێت: "ئیتر با بەس بێت شا پەرستی."

 هەروەها دەڵێت: "بۆ پاشماوەی كۆمارە خەم هەڵگره، بۆ منداڵانی بێ باوك، بۆ ژنی بێ پیاو بگرین، بۆ دایكی شەهیدان فرمێشك بڕێژه."

 شاعیر لە بڵاوكردنەوەی یەكەم شیعری لە ژمارەیەكی گۆڤاری "هاوار" دا لە ساڵی١٩٣٢دا كێشی خۆماڵی بەكارهێناوەو بایەخی بە سامانو كەلەپووری نەتەوەییداوەو سوودی لە ئەفسانەو پەندو كەرەسەی فۆلكۆری وەرگرتووه. جگە لە كاریگەری وێژەیی كوردی، سوودی لە وێژەی فەڕەنسیو توركیش وەرگرتووه. وەك شاعیرێكی داهێنەر هاتۆتە گۆڕەپانی نووسین.

 "قەدریجان" بە زمانە پاراوەكەی خۆی لە شیعری كۆن جودا دەكاتەوه. چونكە نەتەوەكەی بەكەم تەماشكراوەو لە منداڵییەوە هەستی بەم هەڵسوكەوتەی نەیرانی كورد كردووه، هەربۆیە هەستێكی نەتەوایەتی كوردی لە ناخی دا چەسپییەوەو لە نووسینەكانی دا تیشكیانداوەتەوه.

 قەدریجان-ی شاعیرو نیشتمانپەروەر لە ٩/٨/١٩٧٢ لە تەمەنی  ٦١ ساڵیدا لە شاری دیمەشق كۆچی دوایی دەكاتو تەرمەكەی لە گۆڕستانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی بەخك دەسپێردرێت.

 لە كارەكانی قەدریجان:

 چیرۆك:

 1. Tayê Pora Sipî - رۆژنامەی رۆناهی، ژمارە ٣، 1931.2. Hewar hebe، Gazî li dayê - گۆڤاری هاوار ژمارە 1، 1932.3. Gundê Nû Ava - گۆڤاری هاوار ژمارە 2، 1932.4. Silêman Bedirxan - گۆڤاری هاوار ژمارە 3، 1932.5. Hêviya çarde şevî - گۆڤاری هاوار ژمارە 6، 1932.6. Gelo newisan - گۆڤاری هاوار ژمارە 10، 1933.7. Tabûta bi xwînê - گۆڤاری هاوار ژمارە 11، 1933.8. Bihara Dêrikê - گۆڤاری هاوار ژمارە 13، 1933..9. Dabê - گۆڤاری هاوار ژمارە 14، 1933.10. Sehên zozanan - رۆژنامەی رۆناهی، ژمارە 14، 1933.11. Gulçîn - رۆژنامەی رۆناهی، ژمارە 16، 1933.12. Guneh - گۆڤاری هاوار ژمارە 16، 1933.13. Rojên Derbasbyî - گۆڤاری هاوار ژمارە 52، 1943.14. Sond - گۆڤاری هاوار ژمارە 33، 1944.

 هۆنراوه:

 1. Tabûta bi xwînê - گۆڤاری هاوار ژمارە 2، 1932.2. Berdêlk - گۆڤاری هاوار ژمارە 6، 1932.3. Hesinker - گۆڤاری هاوار ژمارە 7، 1932. 4. Di Şorezarekêda - گۆڤاری هاوار ژمارە 10، 1933.5. Cegerxwîn - گۆڤاری هاوار ژمارە 12، 1933.6. Xewna hişyartî - گۆڤاری هاوار ژمارە 13، 1933.7. Dadê - گۆڤاری هاوار ژمارە 14، 1933.