هونه‌رمه‌ند ڕه سوڵ گه ردی

ڕه‌سوڵ‌ بێزار گه‌ردی (١٩٢٢ز - ١٩٩٤ز) حه‌یرانبێژو گۆرانیبێژی كوردی له‌دایكبووی هه‌ولێره‌.
 
 
ژیان
 ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ لێهاتووه‌ی كورد له‌ساڵی
١٩٢٢دا هاتووه‌ته‌ دنیاوه‌، له‌شاری هه‌ولێری قه‌ڵاو مناره‌و پایته‌ختی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان په‌روه‌رده‌ بووه‌و چووه‌ته‌به‌ر خوێندن‌و بووه‌ته‌ خوێنده‌وارێكی ڕووناكبیرو هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ به‌هره‌ی هونه‌ری حه‌یرانبێژی له‌مێشكدا چه‌كه‌ره‌ی كردووه‌و ده‌نگی سازگاری خۆی له‌گه‌ڵ هه‌موو جۆره‌ مه‌قام‌و به‌سته‌یه‌كی كوردیدا تاقیكردته‌وه‌و هه‌ستیكردووه‌ له‌حه‌یرانبێژیدا له‌هه‌موو جۆره‌كانی دیكه‌ی گۆرانی كوردی سه‌ركه‌وتووتره‌. بۆیه‌ خوویداوه‌ته‌ ئه‌و هونه‌ره‌ ناسكه‌ی كوردو بووه‌ته‌ مه‌زنترین حه‌یرانبێژی كوردستان‌و له‌هه‌موولایه‌كی نیشتمانه‌كه‌ی ده‌نگیداوه‌ته‌وه‌.
 له‌سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٤٧دا چووه‌ته‌ به‌غداو له‌ئێزگه‌ی ڕادیۆی كوردی (هه‌فتانه‌) ئاهه‌نگێكی گۆرانی ڕاسته‌وخۆی پێشكه‌شكردووه‌و ناوبانگی هونه‌ریی به‌هه‌موو لایه‌كی كوردستاندا بڵاوبۆته‌وه‌.
 
ره‌سوڵ گه‌ردی له‌ دایكبووی شاری هه‌ولێره‌ وله‌ڕۆژی ١٧/١٠/١٩٩٤ دڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی حه‌یرانبێژی ناوداری كوردو شاری هه‌ولێره ڕه‌سوڵ‌ گه‌ردی كوڕی محه‌مه‌د كوڕی عه‌بدوڵڵا گه‌ردی له‌باڵه‌خانه‌ بێنازه‌كه‌ی له‌گه‌ڕه‌كی ئیسكانی شاری هه‌ولێر له‌لێدان كه‌وت‌و له‌نێو شه‌پۆلی غه‌م‌و به‌ئاماده‌بوونی هونه‌رمه‌ندو دۆست‌و یارانی به‌خاكسپێردرا.
 
 هونه‌ری ڕه‌سوڵ‌ بێزار گه‌ردی
 له‌ماوه‌ی كاركردنی له‌و ئێزگه‌یه‌دا زیاتر له
‌٦٨٠ گۆرانی‌و مه‌قامی ڕه‌سه‌نی كوردی تۆماركردووه‌و زۆربه‌یان حه‌یران‌و به‌سته‌ن‌و له‌پاڵ گۆرانی وتنیشی ده‌ستی شیعر هۆنینه‌وه‌یش بووه‌و نازناوی شاعیری "بێزار" بووه‌، بۆیه‌ حه‌زیده‌كرد پێی بڵێن "ڕه‌سوڵ بێزار گه‌ردی"و له‌ماوه‌ی ژیانیدا ئه‌م په‌رتووكانه‌ی له‌شیعری خۆی‌و شیعری شاعیرانی دیكه‌ی كورد چاپ‌و بڵاوكردووه‌ته‌وه‌:
 
١ـ بژاری لاوك‌و ‌حه‌یران ـ ساڵی ١٩٥٧ له‌به‌غدا چاپیكردووه‌و ١٠٦ لاپه‌ڕه‌یه‌.
 
٢ـ گوڵه‌ مێلانه‌ی كوردستان ـ له‌١٩٦٠دا له‌به‌غدا چاپیكردووه‌و ١٥٤ لاپه‌ڕه‌یه‌.
 
٣ـ شیلان‌و شلێر ـ له‌١٩٦٧دا له‌به‌غدا چاپكراوه‌و ١٣٠ لاپه‌ڕه‌یه‌.
 
٤- (دارەشەکران - ٢٠٠٧)
 
٥- (پەنگر - ٢٠٠٨).

 ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ی كورد خاوه‌ن هه‌ڵوێستێكی نیشتمانی بوو، گه‌لێك دڵسۆزبوو بۆ نه‌ته‌وه‌و نیشتمانه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی، بۆیه‌ له‌دوای هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلوول ماوه‌یه‌ك چووه‌ پاڵ شۆڕش به‌تایبه‌تی دوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌به‌هاری ساڵی‌ ١٩٧٤دا وه‌ك هه‌موو ڕۆشنبیران‌و هونه‌رمه‌ندانی خۆی گه‌یانده‌ شاخ، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ هه‌ر به‌نه‌مری له‌دڵ‌و ویژدانی هونه‌ردۆست‌و سه‌رجه‌م ڕۆڵه‌كانی گه‌لیكورد ده‌مێنێته‌وه.