شەریف پاشای خەندان


شەریف پاشای خەندان
، ناوی تەواوی محەمەد کوڕی سەعید پاشای کوڕی حسێن پاشای کوڕی ئەحمەد ئاغای خەندان ـە. بنەماڵەی "خەندان" ھاوکارێکی نزیکی پاشاکانی بابان بوون و دوای کۆتاییھاتنی دەسەڵاتی بابانەکان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەھەم دا سەعید پاشا ی خەندان چووەتە ئەستەمبوڵ.
 شەریف پاشا کە ھاوپۆلی شێخی نەمر بووە لە حوجرەکەی خواجە ئەفەندی دا، لە ئەستەمبوڵ درێژە بە خوێندن دەدات و لەوێ زمانەکانی ئیتاڵی و فەرەنسی و یۆنانی فێردەبێت.
 ساڵی ١٨٨٥ دەچێتە پاریس و خوێندنی سەربازیی تەواودەکات و دەبێ بە ژەنەڕاڵ.
 ساڵی ١٨٩٠ خێزان پێکەوەدەنێت. ھاوسەرەکەی کچی عەباس حیلمی و ئامۆزای مەلیک فاروقی پاشای میسر بووە.
 ساڵی ١٨٩٨ دەکرێتە باڵیۆزی دەوڵەتی عوسمانی لە ستۆکھۆڵم ی پایتەختی سوید.
 ساڵی ١٩٠٨ دەگەڕێتەوە ئەستەمبوڵ و لەگەڵ ئەمین عالی بەدرخان و شێخی شەمزینی دا کۆمەڵەی "تەعالی و تەرەقی کورد" دادەمەزرێنێت. لێرەوە کەسایەتی شەریف پاشا وەک سیاسەتمەدارێکی کوردپەروەر بەرجەستەئەبێت.
 لە سەر ئەم ھەڵوێستە ئیتیحادییەکان پشتی تێدەکەن وھیچ پۆستێکی ئیداری نادەنێ. ساڵی ١٩٠٩ لە پاریس حزبی "رادیکالی عوسمانلی" دادەمەزرێنێت و ھەر ھەمان ساڵیش گۆڤاری "مەشرووتییەت" لە پاریس دەردەکات. ئەم گۆڤارە، تیکڕا ٥٥ ژمارەی لێدەرچووە، بانگەواز بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی دەستووریی پەڕلەمانی دەکات لەو بیروباوەڕەی شەریف پاشاوە سەرچاوەی گرتووە کە مافی ھەموو نەتەوەو کۆمەڵەیەکی ژێردەستە تەنیا لە دەوڵەتێکی دیموکرات و دەستووریی دا پارێزراوە.
 ساڵانی جەنگی یەکەمی جیھانی شەریف پاشا چالاکییەکی ئەوتۆی نەنواندو خۆی بۆ رووداوەکانی پاش جەنگ ئامادەکرد بەو ھیوایەی بتوانێ لە بارودۆخێکی گونجاوتردا داکۆکی لە مافی نەتەوەکەی بکات.
 لە کۆتایی حوزەیرانی ساڵی ١٩١٨ دا لە شاری مارسیل چاوی بە"سێر پێرسی کۆکس" کەوت و داوایلێکرد وەک کاربەدەستێکی حکومەتی بریتانیا چارەنووسی نەتەوەی کورد پشتگوێ نەخات.
 گەورەترین چالاکی سیاسی شەریف پاشا لە مانگی ئازاری ١٩١٩دا دەرکەوت، ئەو کاتەی کە بەناوی نوێنەرێکی متمانە پێبەخشراوی کوردەوە یاداشتێکی پێشکەشی کۆنگرەی ئاشتی پاریس کردو نەخشەی کوردستانی گەورەی کرد بە پاشکۆی یاداشتەکەی و داوایکرد دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد دابمەزرێت.
 ئەم یاداشتەی شەریف پاشا بوو بە بنەمایەک بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد لە پەیمانی سیڤەردا کە مانگی ئابی ساڵی ١٩٢٠ پەسەندکرا. سێ ساڵ پاش ئەوەو لە کۆنفرانسی لۆزان دا ھەموو ئاواتەکانی شەریف پاشا ھەرەسیان ھێنا. ئەم زوڵمەگەورەیە کارێکی خراپی کردە سەر باری دەروونیی ئەم سەرکردە لێھاتووەی کوردو رووبەڕووی قۆناغێکی خەتەرناکی ژیانی پڕ نائومێدی و چەرمەسەری بووەوە.
 ئەم گەورە پیاوەی کورد، شەریف پاشای خەندان، لە کۆتایی ساڵی ١٩٤٥دا لە ئیتاڵیا کۆچیدوایی کردو لەگۆڕستانی قاھیرە گۆڕ غەریب بوو.