چایخانە کۆنەکانی شاری سلێمانی

 مێژووی پەیدابوونی چا لە کوردستاندا زۆرکۆن نیە. پێشتر قاوە ھەبووە، ھەر بۆیە شوێنێکی وەک قاوەخانەی سەرچیمەن پەیدا بووە. یەکەم جار چا لە ساڵی ١٨٩٥ دا ھێنرایە سلێمانی. بازرگانێک کە ناوی محەمەد ئەمین مەحمود بوو ، وە لە نێوان سلێمانی و ئێراندا کاری بازرگانی دەکرد لەو ساڵەدا چای وشکی ھێنایە سلێمانی. سەرەتا ماڵە دەوڵەمەندەکان (بەتایبەت ماڵی عیزەت بەگی وەسمان پاشا) لەو چایەیان دەکڕی و لە دیوەخانەکانیاندا بە لێنراوی پێشکەشی میوانەکانیان دەکرد. وردە وردە دیاردەکە بڵاوبووە و گەیشتە ئەو رادەیەی کە ئێستا چا لە سلێمانی و کوردستاندا زۆربەی کات دەخورێتەوە، بە تایبەت دوای ژەمە سەرەکییەکانی خواردن. ھەروەھا شوێنی تایبەتی ئامادەکردن و پێشکەشکردنی چا کە بە چایخانەکان ناسراون بەشێکی دانەبڕاوی کەلتوور و مێژووی شاری سلێمانییە.
چایخانە کۆن و بەناوبانگەکانی شاری سلێمانی ئەمانەن:
لە دەوروبەری سەرا:
چایخانەی حاجی عەول
چایخانەی حەمە رەق
چایخانەی ئەوقاف
چایخانەی مینە شەل
چایخانەی عەلى غەمگین
چایخانەی وەستا ساڵحی بستە
لە شەقامی مەولەوی:
چایخانەی سەرچنار (ئەحمەدی سەعە بانەیی)
چایخانەی حەمەی بەکر (لە بیناکەی تۆفیق قەزازدا)
چایخانەی ئاشتی (لە دوکانەکەی ساڵحی رەشەدا)
لە سابونکەران:
چایخانەی حەمەتۆلە
چایخانەی سەعە کۆڵ
لە کانی ئاسکان (کانێسکان):
چایخانەی ساڵحی ئەحەی خولە
هەروەها لاى حامیەی کۆنەوە (پارکی ئازادی ئێستا) چەند چایخانەیەک هەبوو سەربازەکان لێى دائەنیشتن
لاى بەر بەلەدێکە (ناو بازاڕ):
چایخانەی کاک حەمەومین
چایخانەی رەشەی هەتیو
چایخانەی مام دەروێش
چایخانەی حاجی قادر
چایخانەی سەعە تەها کۆیی
چایخانەی عەبە کۆپرلى
چایخانەی عەلى حەمە ئەمین
لە مەیدانی ماست فرۆشەکان:
چایخانەی حاجی ساڵحی حەمە بەنگکێش
چایخانەی کاکە سوور
چایخانەی عەبە خورشە
چایخانەی عەلى خەلیفە
چایخانەی قادر پێنجوینی
چایخانەی مەلا بەکر
لاى حەوزە وشکەکەوە:
چایخانەی هۆمەر
چایخانەى کاک ساڵحء براکانی
چایخانەی سەعە کوێر
چایخانەی مام یوسف (بە زۆری حافزەکانی ئەچوونە ئەو چایخانەیە)
لە سەرشەقام:
چایخانەی سمە شەل
چایخانەی رەشۆل
چایخانەی کاک رەزا
چایخانەی کاک حەمە قادر
چایخانەی فەرەجی حەمە مراد
چایخانەی موشی لە گەڕەکی جولەکان


چایخانەی شەعب
چایخانەی شەعب هەر لە سەرەتاوە مەڵبەندی کۆبونەوە و حەوانەوەی خوێندەواران و هونەرمەندان و نووسەران بووە. سەرەتای دروستبوونی چایخانەی شەعب ئەگەرێتەوە بۆ ساڵانی پەنجا و وەستا شەریفی چایچی سەرپەرشتی کردووە. عومەر شەریف خاوەنی چایخانەی شەعب لە بارەی سەرەتای دروست بوونی چایخانەی شەعبەوە بەم جۆرە دوا : لە سەرەتادا وەستا شەریفی باوکم چایچی دەسگێر بووە پاشان بیری لە دانانی چایخانەیەک کردووە و ناوی ناوە چایخانەی (شەعب) سەبارەت بەوەی کە بۆ چایخانەکە ناوی شەعبی لێنراوە وەستا عومەر وتی : لە ساڵانی زوودا بیناکە ئوتێلێک بووە ناوی (شەعب) بووە هەر بۆیە ئەم ناوەش لە چایخانەکە نرا.
لە سەرەتادا چایخانەی شەعب بەم شێوەیەی ئێستا نەبووە و وەها گەورە نەبووە شوێنی کتێبخانەکەی ئێستا چایخانە بووە و حەوشەکەشی شوێنى خواردەمەنی بووە کە خاوەنەکی ناوی وەستا نەزەر بووە.. دواتر لە ساڵانی شەستەکاندا و پاش کۆچى دوایى وەستا نەزەر حەوشەکە ئەبێتە شوێنی ئەرز و حاڵچییەکان.. دواتر لە سەرەتای ساڵانی حەفتادا چایخانەکە تەشەنەی سەندوەو گەورە کراوە.. وە لەو کاتەوە تا ئێستا دوو جار چایخانەکە نۆژەن کراوەتەوە جاری یەکەم لەسەر ئەرکی خۆمان و دوا جاریش ساڵی ٢٠٠٦ بووە لە سەر دەستی حکومەتی هەرێم کە ئەو کات عومەر فەتاح سەرۆکی حکومەت بووە،
سەبارەت بەوەی کە لە سەرەتادا کێ سەردانی چایخانەکەی کردووە کاک عومەر وتی : کۆمەلێک کەسی ناودار سەردانی چایخانەیەکەیان کردووە هەندێک لەوانە کە پێک هاتبوون لە شاعیر و هونەرمەندان و نووسەران سەردانی چایخانەکەیان کردووە وەک شێرکۆ بێکەس و ئەحمەد هەردی و حەمە ساڵح دیلانی شاعیر و عەبدوڵڵا جەوهەر و مامۆستا ئەخۆل و گەلێکی تر سەردانی چایخانەکەیان کردووە. لە سەردەمی رژێمی بەعس دا چەند جارێک چایخانەی شەعب کەوتۆتە بەر هێرشی ملازم موحسین و ئیهانەی بە نوسەران و ئەو گەنجانە کردووە کە لە چایخانەکەدا دانیشتوون و کۆبونەتەوە. یەکێک لە شتە سەرنج ڕاکێشەکانی تری ئەم چایخانەیە ( دەفتەری بیروەریەکان )ە ، کە بیرەوەری ئەو نووسەر و هونەرمەندانە دەگێڕیتەوە کە سەردانی چایخانەکەیان کردووە. لە لاپەڕەیەکی ئەو دەفتەرەدا مامۆستا شێرکۆ بێکەس بەم شێوەیە باس لە چایخانەی شەعب دەکات : ( من ئەم چایخانەیە وەک چیرۆکێک ئەبینم کە بەردەوام ژیانی ئەم شارەمان بۆ ئەگیڕێتەوە). وە شاعیری گەورەی عەرەب سەردانی چایخانەی شەعبی کردووە و لە دەفتەری بیرەوەرییەکاندا شیعرێکی بۆ چایخانەکە نووسیوە کە دەڵێ : ( چایخانەی شەعب لە باڵاییدا بژی و شیعرێک دابهێنە ، بکشێ و بەرینی زەوی زیاد بکە). وەک کۆمەڵێک نووسەرى بیانی سەردانی ئەم چایخانەیەیان کردوە وەک : هینری دیلانی شاعیری فەڕەنسی و فازڵ سامر و عەلی حەسەن فواز و ئەردەشیری رۆستەمی و رۆبێرت کلایتەر).
کە دەچیتە ناو چایخانەکەوە چاوت بە کۆمەلێکی زۆر لە وێنەی هەڵواسراو دەکەوێت کە پێک هاتوون لە وێنەی شاعیر و هونەرمەند و رۆژنامەنووس و سەرکردە و پێشمەرگە نەمرەکان. لە بارەی هەڵواسینی ئەم وێنانەوە بە چایخانەکەوە (عومەر شەریف)ی چایچی وتی : (هەڵواسینی ئەم وێنانە لای ئێمە وەک وەفا و خۆشەویستییەکە بۆ ئەوانەی جێ دەستیان لە بوارەکاندا دیارە و ماندوبوون). ئێستا چایخانەکە کۆمەڵیکی زۆر لە گەنجان و رۆشنبیران رووی تێدەکەن و تێیدا بە یەکتر شاد ئەبنەوە و گفتوگۆ لە بارەی ئەدەبیات و هونەر و رۆژنامەوانییەوە دەکەن. یەکێکیان بۆبەسەربردنى کاتە و ئەوى دییان بۆ ئاگاداربوونەوە لەدنیاى ڕۆژانەى کوردستان ، بۆ شیکارکردنى ئەو دۆخەى کە پێیدا تێپەر دەبین، یان قسە و باسە لەسەر دنیاى ئەدەب و فیکر.چایخانەى شەعب وەک فۆڕم هیچ جیاوازیەکى لەگەڵ چایخانەکانى تردا نییە بەڵام ئەوەى کە جیاوازى پێ دەبەخشێ جۆرى ئەو کەسانەن کە ڕووى لێدەکەن وەک ڕۆژنامەنوسان و هونەرمەندان و شاعیران. ئەوەی جێی سەرنجە لەم چایخانەیەدا ئەوەیە کە هەندێ جار ژنانیش ڕوو لە چایخانەکە دەکەن بەڵام بە شێوەیەکی کەم تەنها ئەوانە نەبێ کە لە ئەوروپاوە دەگەرێنە یان ژنانى بیانی کە سەردانی سلێمانی دەکەن و دێنە چایخانەکە.
[دەستکاری]قەیسەری نەقیب
یەکێکە لە مەڵبەندە بازرگانییە هەرە کۆنەکانی ناو شارى سلێمانی. ساڵى ١٩٠٠ شێخ مستەفای نەقیب کە دەکاتە مامی شێخ مەحمودی حەفید دروستی کردووە.زۆربەى وەستا و کرێکارەکان کە لە دروستکردنی ئەم قەیسەرییەدا ئیشیان کردووە لە سنە و کرماشانەوە هاتن و شارەزایی زۆریان هەبووە لە هونەرى بیناسازیدا.نەخشەى قەیسەرییەکەش هەر هەمان نەخشەیە کە لە قەیسەرى و بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەکارهاتوون.
کاسبکارەکانی ئەم قەیسەرییە جۆراو جۆر بوون وەک خەیاتی و دەلاکی و وشکەفرۆش. بەڵام لەدوای ساڵى چلەکانەوە شەقڵێکی ترى بەخۆوە گرت و زیاتر بوو بە بازاڕى عەتارەکان. سەرچاوەی کەل و پەلەکانیش لە بەغدا و سوریا و ئێرانەوە دابینکراون و بازرگانەکانی ئەو سەردەمە خۆیان سەفەرى ئەو وڵاتەیان کردووە و تازەترین کاڵایان بۆ دوکاندارەکانی ئەو قەیسەرییە هێناوە.
لافاوە بەناوبانگەکەى شارى سلێمانی لە ساڵى ١٩٥٧ دا زیانێکی گەورەى بەم قەیسەرییە گەیاندووە. ئەو سەردەمە لاوان و مامۆستایان و پیاوە ناودارەکانی کورد کۆمەکی ماددیان پێشکەش بە زیانلێکەوتووان کردووە. ساڵى ١٩٨٨یش لە رووداوێکی تردا قەیسەرییەکە سوتا و خەڵکەکەى تووشى زیانێکی قورس بوون.دەیان پیاوی ناسراو و کاسبکار و بازرگان لە موسوڵمان و گاور و جولەکە لەم قەیسەرییەدا کاسبییان کردووە. تۆفیق قەزاز و حاجی شێخ عەلى و حاجی مەلا سەعیدی مامە خەلانی و حاجی عەزیزی شەرعی و شەلەمۆ عەزیز حەکیم و موشێى عەتار و سیمانە و سەلیم بەگی کوتاڵفرۆش هەندێک لە کاسبکارە ناسراوەکانی سەرەتاکانی سەدەى رابردووی ناو قەیسەرى نەقیب بوون.