هونه‌رمه‌ند تايه‌ر تۆفيق



ناوی تایه‌ر تۆفیق ئه‌و ڕه‌حمان حه‌مه‌د شێخانییه‌ له ‌ساڵی ١٩٢٢ له‌گه‌ڕه‌كی (به‌فری قه‌ندی) شاری كۆیه‌ هاتووه‌ته‌ دنیاوه‌. ئه‌و ساڵه‌ی‌ تایه‌ری‌ هونه‌رمه‌ند له‌دایكبووه‌، هاوكات بووه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و كه‌ ساڵه‌ی‌ ئینگلیزه‌كان كۆیه‌یان بۆردوومانكردووه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌وساڵه‌ ناونراوه‌ ساڵی (ته‌یاران). له‌باره‌ی‌ شوێنی‌ له‌دایكبوونی‌ تایه‌ر تۆفیقه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین ئه‌و له‌شاری ئاوازو گۆرانی‌و شیعری كوردی چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه‌.

تایه‌ر تۆفیق له‌باوه‌شی خێزانێكی هه‌ژار چاویكردووه‌ته‌وه‌و تا پۆلی سێیه‌می ناوه‌ندیی خوێندووه‌و له‌ناوه‌ڕاستی سییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌میشه‌وه‌ له‌وكاته‌ی كه‌ خوێندكاری‌ پۆلی پێنجه‌می سه‌ره‌تایی بووه‌، به‌هره‌ی گۆانیبێژی تیادا ده‌ركه‌وتووه‌و بووه‌ته‌ سروودبێژێكی ده‌نگخۆش‌و مامۆستاكانیشی‌ هانیانداوه‌ سروودو گۆرانی بڵێت.

له‌ساڵی ١٩٢٩دا باوكی بردوویه‌تی‌ بۆ حوجره‌ی‌ (مه‌لای ڕه‌ش)و له‌وێ‌‌ خوێندنی قورئانی پیرۆزو گوڵستان‌و بۆستانی ته‌واوكردووه‌. ل ه‌‌ساڵی ١٩٣٢یشدا چووه‌ته‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی. له‌وكاته‌وه‌ پێیانوتووه‌ ده‌نگت خۆشه‌و خستویانه‌ته‌ تیپی سروودی قوتابخانه‌، سه‌رچاوه‌و كه‌سه‌ نزیكه‌كانی‌ تایه‌ر تۆفیق ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ساڵی ١٩٣٦دا كاتێك هێشتا هه‌رزه‌كار بووه‌، ده‌ستی‌ به‌گۆرانی‌ وتن كردووه‌.

تایه‌ر تۆفیق له‌سه‌ره‌تای ژیانی هونه‌ریدا كه‌وتووته‌ ژێر كاریگه‌ریی هونه‌رمه‌نده‌ لێهاتووه‌كانی ئه‌وسای‌ كۆیه‌، وه‌ك (سێوه‌و مه‌لا ئه‌سعه‌د)و سودێكی زۆریشی له‌هونه‌رمه‌ند (ئه‌حمه‌دی ‌حه‌مه‌ مه‌لا) وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام زۆریش هه‌وڵیداوه‌ ده‌نگ‌و ڕێبازی تایبه‌تی خۆی هه‌بێ‌و له‌ناوه‌ڕاستی چله‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووشه‌وه‌ بووه‌ته‌ گۆرانیبێژێكی خاوه‌ن ده‌نگ‌و ڕێبازی تایبه‌تی خۆی.

تایه‌ر تۆفیق له‌ساڵی (١٩٤٥)ه‌وه‌ بووه‌ته‌ سه‌ر ده‌سته‌ی مه‌قابێژانی سه‌ر شانۆی ئاهه‌نگه‌كانی نه‌ورۆزی كوردو گه‌لێك گۆرانی نیشتمانی‌و نه‌ته‌وه‌ییشی‌ به‌ده‌نگه‌خۆشه‌كه‌ی چڕیوه‌و گوێگرانی سه‌رسامكردووه‌، چونكه‌ هه‌م خاوه‌ن ده‌نگێكی زوڵاڵی دڵكێش بووه‌و هه‌میش باشترین ده‌قی شاعیره‌ گه‌وره‌كانی‌ كوردی هه‌ڵبژاردووه‌ بۆ ئاوازه‌كانی.

له‌ڕۆژی ٢٠/١٠/١٩٨٧‌ تایه‌ر تۆفیقی گۆرانیبێژو هونه‌رمه‌ندی مه‌زنی كورد، له‌ته‌مه‌نی٦٥ ساڵیدا ماڵئاوایی له‌كوردستان‌و هونه‌ر دۆستانی كردو له‌شاره‌كه‌ی كۆیه‌ له‌نێو شه‌پۆلی خه‌م‌و په‌ژاره‌ی هونه‌رپه‌روه‌ران‌و عاشقانیدا به‌خاكی نیشتمان سپێردرا.

تایه‌ر تۆفیق به‌هونه‌رمه‌ندو كه‌سێكی‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێستی نیشتمانی ناسراوه‌و له‌هیچ كۆڕو كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا گۆرانی بۆ كاربه‌ده‌ستانی میری نه‌وتووه‌و هه‌موو گۆرانییه‌كی بۆ كوردو بۆ شادكردنی دڵی هونه‌ردۆستانی چڕیوه‌. له‌ماوه‌ی ژیانیدا شه‌ش نامیله‌كه‌و په‌رتوكی به‌و ده‌قه‌ شیعریانه‌ی كه‌ كردوونی‌ به‌گۆرانی، به‌چاپگه‌یاندووه‌و له‌هه‌موشیان باشتر په‌رتووكه‌كه‌ی (گوڵی سه‌ربه‌ستی)یه‌ كه‌ به‌پێشه‌كی كه‌ریم شاره‌زا له ‌ساڵی١٩٨٣ به‌چاپی گه‌یاندووه‌.

هاوپێچ:
دواساته‌كانی هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان مشكۆ و ره‌سوڵ گه‌ردی له‌ هه‌ولێر

Tahir Tofiq 1922-1987

Tahir Tofiq was born in 1922 in Qosenchac City  in the Arbil region, Iraqi Kurdistan. He recorded a great number of songs in the Kurdish section of the Baghdad Broadcasting Station 1970 's & 1980 's. He had no childeren. Tahir Tofiq died  in Oktober 20, 1987 and he was buried in his native city Qosenchaq. He is still one of the most popular and well known singers in Kurdistan