ئه‌مین فه‌یزی به‌گ ئه‌مین فه‌یزی به‌گ له‌ساڵی١٨٦٠دا له‌شاری سلێمانی له‌دایكبووه و له شاره‌كه‌ی خۆی له حوجره‌ی مزگه‌وته‌كانی ده‌ستی به‌خوێندن كردووه و ئینجا چووه‌ته قوتابخانه‌ی میریی و قۆنا‌غی سه‌ره‌تایی ته‌واو كردووه و چووه‌ته به‌غدا و قۆنا‌غی خوێندنی ناوه‌ندیی به پله‌یه‌كی به‌رز ته‌واو كردووه و ڕووی كردۆته شاری ئه‌سته‌مبووڵ و له قوتابخانه‌ی سه‌ربازی خوێندوویه‌تی و بڕوانامه‌ی ده‌رچوونی وه‌رگرتووه و به‌پله‌ی مولازم له سوپای عوسمانی دامه‌زراوه و دوای ماوه‌یه‌ك كراوه به "قوڵ ئاغاسی" و به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی سه‌ربازی له به‌غدا و له‌و ده‌مه‌دا په‌رتووكێكی زانستی به ناونیشانی "اجمالی نتائج" نووسیوه، كه پوخته‌یه‌كی پته‌وی زانسته‌كانی بیركاری و فیزیایه، چونكه خۆی له‌و دوو زانسته‌دا ده‌ست باڵابووه و له‌هه‌مان كاتیش‌دا له به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری سوپادا گه‌لێك لێهاتوو بووه، بۆیه پایه‌ی سه‌ربازی به‌رزكراوه‌ته‌وه و كراوه به قوماندانی لیوا یه‌ك سه‌رباز له سلێمانی و پله‌ی "میر ئالا"ی پێداروه و ئاسایشی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی به چاكی دابین كردووه و له هه‌مان كاتیش‌دا له وێژه‌كانی دا گه‌لێك به‌هره‌دار و به‌توانابووه. بۆیه مامۆستا ڕه‌فیق حیلمی له به‌رگی یه‌كه‌می شیعری و ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا له‌م باره‌یه‌وه گوتوویه‌تی: "ئه‌مین فه‌یزی به‌گ سه‌ربازێكی زانا و وێژه‌زانێكی سه‌ربازی بووه! ئه‌م به‌هره‌یه‌ش به ده‌گمه‌ن له كه‌سێکدا كۆده‌بێته‌وه كه زانست و وێژه و كاروباری سه‌ربازی به یه‌كه‌وه بگرێته‌و خۆ". ئه‌مین فه‌یزی به‌گی ئه‌فسه‌ر له ده‌ور و به‌ری ساڵی ١٩١٤دا، واته به‌ر له هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی كوردایه‌تی و ناكۆكی له‌گه‌ڵ "پارتی یه‌كگرتن و پێشكه‌وتن"ی فه‌رمانڕاویدا خانه‌نشین كراوه و له شاری ئه‌سته‌مبووڵ ژیاوه و بۆ ساڵی١٩١٥دا چۆته وڵاتی شام و له شاری حه‌ڵه‌ب ماوه‌یه‌ک ژیاوه. ئه‌مین فه‌یزی به‌گ ئه‌م په‌رتووكه زانستی و وێژه‌یانه‌ی خواره‌وه‌ی به زمانی توركی داناوه: 1- إجمالی نتائج 2- ته‌فره‌قه‌ی ریاضیات (ئه‌مه‌یان له تفاضل و تكامل)ه‌وه ده‌دوێت 3- هه‌وای نه‌سیمی 4- شوعاعات جگه له‌م به‌رهه‌مانه‌شی په‌رتوكێكی له‌سه‌ر مێژووی وێژه‌ی كوردی به‌ناوی "ئه‌نجوومه‌نی ئه‌دیبان" به كوردی داناوه و له ساڵی 1920 دا له ئه‌سته‌مبووڵ دا چاپكراوه و نرخ و به‌های ئه‌م په‌رتووكه‌ی له‌وه‌دایه كه یه‌كه‌می په‌رتووكی كوردییه له مێژووی وێژه‌ی و وێژه‌ناسانی كورد و شاعیره پێشه‌نگه‌كانه‌وه بدوێ. پایه‌ی سه‌ربازی و زانستی و وێژه‌ی ئه‌مین فه‌یزی به‌گ وای له شاعیران كردبوو ڕێزی لێ بنێن و ستایشی خۆی و كرده‌وه به‌رزه‌كانی بكه‌ن، یه‌كێک له‌و شاعیرانه شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی بووه. له‌و كاته‌ی كه ئه‌مین فه‌یزی به‌گ بووه‌ته سه‌ركرده‌ی سوپا له سلێمانی و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ی به‌ر قه‌رار كردووه و به‌م دێڕه شیعره پێشوازی لێكردووه هه‌روه‌ك ده‌ڵێت: كه ته‌شریفی شه‌ریفی هات ئه‌مین فه‌یزی به‌میوانی له عوهده‌ی شوكری ده‌رناچم مه‌گه‌ر خۆم كه‌م به قوربانی شێخ ڕه‌زا، كه ناوداربووه به هه‌جووكردنی كاربه‌ده‌ستان، كه‌چی له‌به‌ر گه‌وره‌یی و چاكه‌خوازی ئه‌مین فه‌یزی به‌گ به‌مجۆره ستایشی كردووه. ئه‌فسه‌ری پایه به‌رز و زانا و كه‌سایه‌تی ناوداری كورد ئه‌مین فه‌یزی به‌گ له ١٦/٢/١٩٢٥ دا كۆچی دواییكردووه و تۆماری ژیانی ئه‌و ناوداره‌ی كورد پێچراوه‌ته‌وه و چووه‌ته ڕیزی نه‌مرانی كورد و كوردستانه‌وه |