گۆندی  بەحركە    table.MsoNormalTable {line-height:115%; font-size:11.0pt; font-family:"Calibri","sans-serif"; } p {margin-right:0in; margin-left:0in; font-size:8.5pt; font-family:"Verdana","sans-serif"; color:#FFFFB9; } p.MsoNormal {margin-top:0in; margin-right:0in; margin-bottom:10.0pt; margin-left:0in; line-height:115%; font-size:11.0pt; font-family:"Calibri","sans-serif"; color:windowtext; } .style4 { text-align: right; } span.fbphotosphotocaption {} span.messagebody {} span.textexposedshow {} h6 {margin-top:10.0pt; margin-right:0in; margin-bottom:0in; margin-left:0in; margin-bottom:.0001pt; line-height:115%; page-break-after:avoid; font-size:11.0pt; font-family:"Cambria","serif"; color:#243F60; font-weight:normal; font-style:italic}           گۆندی    بەحركە

   "پایتەختی   هۆزی   (عەشیرەتی) گەردی" ئەو نازناوەیە كە بەحركەی پێ دەناسرێتەوە، گوندی بەحركە بەدووری ١٠ كیلۆمەتر دەكەوێتە باكووری شاری هەولێرەوەو لەنزیك ناحیەی بەحركەیەو بەدرێژایی مێژوو مەڵبەندی یەكێك لەعەشیرەتە ناودارەكانی كوردستان بووە. لەدوو سەدەی رابردوودا كە سەرۆك هۆز و پیاوماقوڵانی عەشیرەتی گەردی دەسەڵاتداری ناوچەی بەڕانەتی بوون لەبەحركەوە فەرمانڕەوایەتی ناوچەكەیان كردووە. هەڵبەت بوونی بەحركە بەپایتەختی دەسەڵاتدارێتی گەردییەكان بێ هۆ و لەخۆڕا نەبووە، بەڵكو هەڵكەوتەی جوگرافی گوندەكە یارمەتیدەری سەرەكی بووە بۆ بەهێزبوونی پێگەی بەحركە. ئەم گوندە دەكەوێتە چەقی ناوچەی بەڕانەتی و بەردەوام ژمارەیەكی زۆر خەڵكی تێدا نیشتەجێ بوونەو ئەمەش یارمەتیدەرێكی دیكە بووە بۆ ئەوەی لێرەوە حوكمی ناوچەكە بكرێ. گەڕانەوەیەك بۆ مێژووی عەشیرەتی گەردی گەرچی مێژووی عەشیرەتی گەردی هاوشێوەی عەشیرەتەكانی دیكەی كوردستان مێژوویەكی دێرینە، بەڵام بەبڕوای پیاوماقوڵانی عەشیرەتەكەو پسپۆڕانی بواری مێژوو سەردەمی كاكل ئاغای گەردی بەسەردەمی زێڕینی عەشیرەتەكە ئەژمار دەكرێت. عەلی عەبدوڵا گەردی یەكێكە لەكەسایەتییەكانی عەشیرەتەكە باس لەوە دەكات كە لەسەردەمی كاكل ئاغادا عەشیرەتی گەردی لەسەرجەم عەشیرەتەكانی ناوچەكە بەهێزتر بووەو خاوەنی پێگەیەكی كۆمەڵایەتی پتەو و تۆكمە بوون. عەلی بەمجۆرە باس لەو سەردەمە دەكات "دوای ئەوەی عوسمانییەكان هاتوونەتە كوردستان و سیستەمی ئاغایەتیان داناوە، عەشیرەتی گەردیش وەك هەموو عەشیرەتەكانی دیكەی دەشتی هەولێر ئاغایان هەبووە، كە دیارترینیان كاكل ئاغای گەردی بووە". مێژوونووسان كۆكن لەسەر ئەوەی عەشیرەتی گەردی لەباكووری كوردستانەوە ڕوویان كردووەتە باشوور و لەناوچەكانی بەحركە و كۆیە نیشتەجێ بوونە. دوای مەرگی كاكل ئاغا چەندین كەسایەتی دیكە سەرۆكایەتی عەشیرەتەكەیان كردووە، لەئێستاشدا وریا ئاغای گەردی، سەرۆكی عەشیرەتەو زۆربەی سەرۆك عەشیرەتەكانی گەردی هەر لەبەحركە جێگیر بوون و فەرمانڕەوایەتی عەشیرەتەكەیان كردووە. هۆكاری جێگیربوونی ئەو سەرۆك عەشیرەتانەش لەگوندەكە بۆ پێگەی جوگرافی بەحركە دەگەڕێتەوە، كە هەمیشە گوندێكی ئاوەدان بووە. دیوەخانی بەحركە، ئاسەوارێكی دێرین هەر كەسێك رۆژێك لەڕۆژان ڕێی بكەوێتە گوندی بەحركە، دیوەخانێكی گەورەی دێتە بەرچاو كە لەناو جەرگەی گوندەكەدا بونیادنراوە، ئەو دیوەخانە بەدرێژایی دوو سەدەی رابردوو مەڵبەندی فەرمانڕەوایەتی گەردییەكان بووەو لەو دیوەخانەوە كاروباری هاوڵاتیانی ناوچەكە راپەڕێندراون.  عەلی عەبدوڵڵا كە هاوكات ئەندازیارەو لەگەڵ براكانی سەرپەرشتی دیوەخانی بەحركە دەكات، بۆ  "سڤیل" باس لەمێژوو و گرنگی دیوەخانی بەحركە دەكات، "دیوەخان لەساڵی ١٨٣٧وە دروستكراوەو تا ئێستا تێك نەدراوەو تەنیا دووجار سەقفی دیوەخان هەڵگیراوە، كە جارێكیان لەپەنجاكانی سەدەی رابردوو بوو جارەكەی دیكەیش لەساڵی ١٩٦٩ بوو". دیوەخانەكە بەشێوازێكی جوانی سەردەمەكە بونیادنراوەو لەدروستكردنیشیدا  "خشت" بەكارهێنراوە. لەدروستكردنی بینای دیوەخانەكەدا رەچاوی هەلومەرجی نائارامی سەردەمەكە و شەڕی نێوان عەشیرەتەكان كراوە، هەر بۆیە دیوارەكەی بەپانی مەترێك دروستكراوە. دیوەخانی بەحركە لەژووری پێشوازی میوان و ژووری كۆبوونەوە و چایخانە و جبەخانە پێكهاتووە. بەو پێیەی لەوسەردەمەدا دەسەڵاتی ناوچەكە لە ڕێی دیوەخانەوە ڕاپەڕیندراوە، بۆیە دیوەخان بووەتە بنكەیەكی كارگێڕی و كۆمەڵایەتی و لەچارەسەركردنی كێشەی هاووڵاتیاندا رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە. گەرچی دیوەخانەكە زیاتر وەك دیوەخانی عەشیرەتی گەردی ناسراوە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی كە دیوەخانەكە لەخەڵكانی دیكە داببڕێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە بەردەوام خەڵكانێكی زۆر سەردانی دیوەخانیان كردووەو زۆرجار ئەم دیوەخانە بووەتە مەڵبەندی كۆبوونەوەی دەسەڵاتدارانی سەردەمەكە. لەمبارەیە عەلی عەبدوڵلا بۆ (سڤیل) گوتی "زۆرن ئەو كەس و سەركردانەی هاتوونەتە دیوخانی بەحركە، بۆ نموونە سمكۆی شكاك دوای هەرەسی شۆرشەكەی لەئێران، روو لەكوردستانی عێراق دەكات و ماوەی سێ مانگ لەدیوەخانی بەحركە داڵدە دەدرێت و لێرە دەمێنێتەوە. مەلا مستەفای بارزانیش لەساڵی ١٩٤٤ ئەو كاتەی دێتە هەولێر بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی لەشۆرشەكەی دێتە دیوەخانی بەحركەو لای ئاغاكانی گەردی.  لەساڵی ١٩٩٤یش مەسعود بارزانی سەردانی دیوەخانی كردووەو چەندەها بەرپرس و سەركردەی دیكە چ لەسەردەمی ئێستا و رابردوو هاتوونەتە دیوەخانی بەحركەو ژورێكی تایبەت لەدیوەخاندا هەبووە بۆ حەوانەوەی گەورە پیاوان و كۆبوونەوەیان". دیوەخان وەك خۆی ماوەتەوە عەلی هاوكات بەرپرسی بەشی كارەبایە، لەپارێزگای هەولێر و كەسێكی میواندۆستە، بەڵام نكوڵیش لەوە ناكات، كە بەتێپەڕبوونی كات دەركەوت سیستەمی ئاغایەتی سیستەمێكی شكستخواردووەو لەگەڵ سەردەمی ئێستادا ناگونجێت. سەبارەت بەئەگەری داخستنی دیوەخانەكە یاخود گۆڕینی بۆ بینایەكی دیكە  "بیرمان لەوە نەكردووەتەوە بەهیچ شێوەیەك دەستكاری بكەین، پێمانخۆشە هەر بەوشێوەیە ئاوەدانبێت و خەڵك سەردانمان بكات و وەك شوێنێكی مێژوویی بمێنێتەوە". هەرچەندە عەلی ئێستا ئەندازیارەو سەرقاڵی ئەركەكانی خۆیەتی وەك بەڕێوەبەری كارەبا لەپارێزگای هەولێر بەڵام ڕۆژانە دوای تەواوبوونی دەوامی فەرمی لەدیوەخانەكە پێشوازی لەمیوانەكان دەكات و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دیوەخانەكە بەئاوەدانی بمێنێتەوە.