سەرهەنگ
ئیبراهیم
(براییم) خانی سەلاح (نەفەری یەكەمی ڕێژە)، كێیە؟
لە ساڵی ١٨٩٥دا (١٢٧٤ی ھەتاوی) لە ئاوایی ساروقامیشی ناوچەی فەیزوڵڵابەگی سەر بە
شاری بۆكان لە دایك بوو. دایكی ناوی زبەیدە و باوكی ناوی ئەحمەد بوە، ئەحمەد برازای
فەیزوڵلا بەگ و زبەیدە، لە بنەماڵەی ئەبوسەعید بەگ بوە، كە ھەر دووكیان دەچنەوە
سەرماڵباتی بوداق سوڵتان، میر و فەرمانڕەوای بەناوبانگی ناوچەی موكریان.
برایم سەلاح، لە كاتی شۆڕشی سمكۆدا دەبێتە پێشمەرگە،
بەڵام چون زمانی ئینگلیزی دەزانی، دوای بەینێ دەیبەنە شاری سابڵاغ (مەھاباد) و لەوێ
دەبێتە ورگێڕی تایبەتی نووسینگەی سمكۆ (چون ئەو كاتەش میسیۆنێرو شاندی بیانی و شتی
وا لە سابڵاغ بوون). لە پاشان دوای ھەرەس ھێنانی شۆڕشی سمكۆ، دەگەڕێتەوە بۆ گوندی
زێدی خۆی واتە سارووقامیش.
برایم سەلاح، كاتی دەسەڵاتی بنەماڵەی قاجاڕ، وەك سوارەی ئێسكۆرت، لەگەڵ زۆر لە
كوڕانی ئەندامی ھۆزگەلی كوردستان بە ناوی سوارەی ئێسكورت بە زۆر دەیبەن بۆ تاران.
فەلسەفەی سوارەی ئێسكۆرت ئەمە بوە: پوڕتەقاڵیەكان كە ئەو كاتە راوێژكاری دەمودەزگەی
بنەماڵەی قاجار بوون وتوویانە وا باشە لە لایەن دەرباری شاوە فەوجێك پێك بێ لە كوڕی
سەرۆكانی ھۆزگەلی گرنگی كوردستان و ئێران، و ئەمانە بێنە تاران و ببنە ئێسكۆرتی
تایبەتی شا، بۆ ئەوەی كە ھەم وەك بارمتەیەك لە دەربار بمێننەوە و ھەم ھۆزەكانیش
دڵیان خۆش بێ و بڵێن، كە ئێمەش لە كاروباری دەرباردا ھاوبەشین. رەنگە ئەمە بۆ
دەرباری شا تاكتیكێكی خراپ نەبووبێ، ھەر چون بێ ئەمە چەشنە سەربازگیریەكی تایبەتی
زۆرە ملێ بووە.
برایم سەلاح، لەگەڵ كوڕانی ئەندامی سەرۆك ھۆزگەلی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی
ئێرانی ئەو كاتە وەك ئێسكۆرت لە دەرباری قاجار دەمێننەوە، تا ڕەزا شای پەھلەوی
ئاخرین قەڕاڵی قاجار، واتە ئەحمەد شا لەسەر كار لا دەبا و دەرباری قاجار تێك دەچێ،
سوارەی ئێسكۆرتیش دەشێوێ و بڵاوەی دەكەن و ھەر كەس دەكەونە شوێنێك، ھێندێكیشیان
دەگەڕێنەوە بۆ ماڵ و شاری خۆیان.
پاش ئەو بڵاوەیە، برایم سەلاح لە تەمەنی بیست و چەند ساڵی دا، دەچێتە
دەبیرستانی نیزام (زانكۆی ئەفسەری ئەو دەمە) لە تاران چونكە ئەو كاتە چونە زانكۆی
ئەفسەری نەبوە، لەوێ دەرسی ئەفسەری دەخوێنێ. ھەتا لە پاشان بە پلەی سیتوانی دەردەچێ
و لە سپای ئێران دا دادەمەزرێ. ئەو كاتەش سپا و دەستەڵات و دەزگای پەھلەوی لە گەڵ
كورد ھەر باش نەبووە و تەنانەت زۆر جاریش سیتوان برایم سەلاح دەیەنە دادگەی نیزامی
و بەندیشی دەكەن، تا لەپاشان دووری دەخەنەوە بۆ پارێزگەی پەڕ و دووركەوتەی سیستان و
بلووچستان و لەوێ دوور لە بنەماڵە و لەو كەشوھەوا گەرم و تەپوتۆز و خراپە دا،
ژیانێكی زۆر سەغڵەت رادەبوێرێ و بە كورتی لە بەر كورد بوون و دژایەتی لەگەڵ رێژیمی
پەھلەوی و زۆر شتی دیكە، نزیكەی ھەژدە ساڵ ھەر لە پلەی سیتوانی دا دەیھێڵنەوە.
ھاوینی ساڵی ١٣٢٠ی ھەتاوی، كە ھاوپەیمانەكان ئێران داگیر دەكەن و رەزاشا
وەدەردەنێن، لە شاری مەھاباد بزووتنەوەی كورد پەرە دەستێنێ، ئەویش لە فەرماندەی
سپای سیستان و بلووچستان داوا دەكا، لە سپای ئێران بێتە دەرەوە، بە ئامانجی ئەوەی
بچێتەوە بۆ كوردستان و لە خزمەت خەباتی گەلی كورد دا بێ. ھەرچون بێ، زۆر بە
چەرمەسەرێ لە سپای ئێران دێتە دەرەوە و دەچێتەوە بۆ كوردستان، چون ئەو كاتە سپای
كوردستان بە دەگمەن ئەفسەری وای بوە كە وانەی نیزامیان خوێندبێ، بە پلەی سەرھەنگی
لەوێ دادەمەزرێ و لە پاش كەوەتنە خوارەوەی نەمر كاپیتان محەممەد نانەوا زادە لە
فڕۆكە، دەچێتە جێی ئەو و دەبێ بە فەرماندەی ھێزی كۆماری دێمۆكڕاتیكی كوردستان لە
مەھاباد (فهرماندهیی
هێزی ناوهندی سهرپۆلی ٢).
دوای تێكچوونی كۆماری دێمۆكڕاتیكی كوردستان، ئەویش لەگەڵ وەزیر و كاربەدەستانی پایە
بەرزی دیكەی كۆمار دەگیررێ و لە دادگەی سپایی و نیزامی تاوانی مەرگی بە سەردا
دەسەپێنن، بەڵام لەپاشان دوای ئەوەی بەینێك لە بەندیخانە دەبێ دەستەڵاتی شا فرمانی
ئەوە دەدا كە ئیدی كەسی دیكە لە سێدارە مەدەن و ئەویش لەگەڵ زۆر لە وەزیرگەل و
كاربەدەستانی پایە بەرز كە گیرابوون لە بەندیخانە ئازاد دەبێ.
سەرھەنگ برایم سەلاح بە پێی بیرەوەریەكانی خۆی، بەینێك لە گەڵ خەباتگێڕانی
بەناوبانگی وەك مامە قالە دەباغی و عەزیزی كرمانج لە بەندیخانەدا بوە. پاش ئازاد
بوون دەچێتەوە بۆ ئاوایی سارووقامیشی زێدی خۆی و لەوێ دەست دەكا بە كاری
لێكۆڵینەوە. تاقیگەیەكی زۆر چكۆلە و سەرەتایی دادەنێ و دەست دەكا بە داھێنانی
چەشنێك باتری. لە ساڵی ١٣٣٠ی ھەتاویەوە، خەریكی ئەم كارە دەبێ و پاش ماوەی ١٠ ساڵ
تێكۆشان، دەتوانێ چەشنێك باتری تایبەت دابھێنێ كە بە باشی ھەم رادیۆ كاری پێكردوە و
ھەم گڵۆپی رۆشن كردوە و ھتد...
ھێندێك لە كەرەسەی دروست كردنی ئەو باتریە شتی سروشتی ناوچەی كوردستان بوون. زۆر
كەس ئێستا ماون كە ئەو باتریانەیەن دیوە یا ھەواڵەكەیان زانیوە و ئاگادارن، دەڵێن:
ئەگەر پشتیوانی دەستەڵاتی ببوایە رەنگە ئاڵوگۆڕێكی بەرچاوی لە بەستێنی زانست و
تێكنۆلۆژی دا بەدیبھێنایە، بەڵام دەستەڵاتی شا لەباتی یارمەتی بە چەشنی بنەوەشت
سەركوتیان كردوە، بە تایبەت لە بەر ئەوەی كە ھەم ئەفسەری كۆمار بوە و ھەم د.عەلی
گەلاوێژی كوڕی لە ئەڵمان وێژەری رادیۆی پەیكی ئێران بوە لەو وڵاتە و ماوەیەكی درێژ
بە دژی دەستەڵاتی شا قسەی كردوە.
ھاوكات لەگەڵ ئەم داھێنان و كاری زانستیە كە لە كوردستان دا زۆر وێنەی كەم بوە بە
كەڵك وەرگرتن لە زانینی زمانگەلی بیانی وەك: ئینگلیزی، فەڕانسە، ئەڵمانی و ... و
رێنوێنی وەرگرتن لە كتێبی لارووسی پزیشكی بە زمانی فەڕانسە، لە گوندی ساروقامیش
دەرمانگەیەكی چكۆلەی دانا و بە بێ ئەوەی قڕانێك پارە لە خەڵك وەربگرێ بۆ ماوەی
نزیكەی ١٠ ساڵ، رەنگە بە سەدان كەسی كڵۆڵ و دەستبەتاڵی چارەسەر كردوە و تەنانەت بۆ
كڕینی دەوا و دەرمان پارەشی پێ داون، كە ئەم خزمەتە لەو كاتەی كوردستان دا كە
بەدەگمەن پزیشك بوە زۆر بە خزمەتێكی گەورەی مرۆڤایەتی و نەتەوەیی دادەنرێ.
ساڵی ١٣٣١ و ٣٢ی ھەتاوی كە لە ناوچەی بۆكان و سەقز و ئەوانە بە ساڵی دوكتور موسەدیق
بە ناوبانگن، دەڵێن بە سەدان ئاوارە و با بڵێین پەنابەری رامیاری كە لە دەست
رێژیمی شا ھەڵ ھاتوون و زۆربەیان وەرزێر بوون، پەنایان بۆ ھێناوە و پاكیانی بە ساغ
و سڵامەتی رزگار كردوە، كە ئەم خزمەتە مەزنە كۆمەڵایەتیەی، لەو كاتە قەیران و پڕ
مەترسیە دا بە كارێكی زۆر گەورە دەنرخێندرێ. بریا ئێستاش كەسێك كارێكی وای بۆ
پەنابەرانی لێقەوماوی ئاڵتاش ئەنجام بدایە.
لەگەڵ تەواوی ئەوانەش دا، سەرھەنگ برایم سەلاح پیاوێكی زۆر زانا بوە و بیجگە لە
زمانگەلی ئینگلیزی، فەڕانسە، ئەڵمانی، عەرەبی، توركی و فارسی و ... ، لەزانستی
جەفر، تێئۆلۆژی و زانستە مۆدێڕنەكانی ئەمڕۆی جیھان دا وەك فیزیك، شیمی، بیركاری زۆر
پسپۆڕ بوە و لەم بوارانەشدا خوێندكاری زۆریشی بوە، بۆ وێنە سەرھەنگ رەشید ناھید،
ئەندازیار عەبدوڵڵا شكارچی و دەیان كەسی ناسراوی دیكە خوێندكاری ناوبراو بوون و بە
كورتی ئەتوانین بڵێین ئەو كاتە، بە بوونی مامۆستا برایم سەلاح، ساروقامیش وەك
زانكۆیەكی نافەرمی وابوە.
برایم سەلاح، لە رۆژی ٢١ی حوزەیرانی ١٩٦٢ (٣١ی جۆزەردانی ١٣٤١ی ھەتاوی) لە ئاوایی
ساروقامیشی فەیزوڵڵابەگی، كۆچی دوایی كردوە و لە سەر كێوی پیر محەممەد، ھەر لەو
ئاواییە نێژراوە.
وێنەكەم لە ماڵپەڕی وێنەكانی كۆماری كوردستان هەڵگرتەوە، كە ئەو كاتەیە كە وەجدی
جەمیل پاشا هاتووە بۆ كۆمار.
|