خالید سەعید هونەرمەندێکى نیگارکێشى بەناوبانگى کوردستانە له ساڵى ١٩٢٧ لە گەڕەکى دەرگەزێن لە سلێمانى لەدایک بووە. قوتابخانەى فەیسەڵییەى سلێمانى تەواو کردووە . هونەرمەندى شێوەکار مامۆستا فوئاد بەکر ڕەشید ڕۆڵى گەورەى گێڕا لەهرخستنى توانا هونەرییەکانى خالید سەعید. لە ساڵى ١٩٥٣ چۆتە پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى بەغدا و ساڵى ١٩٥٦ خوێندن لەو پەیمانگایە تەواو دەکات و ماوەى دوو ساڵ لە سلێمانى وەکو مامۆستا کاردەکات . ساڵى ١٩٥٨ لە ئیتاڵیا خوێندن لە ئەکادیمیاى هونەرەجوانەکانى ئەوێ تەواو دەکات، ساڵى ١٩٦٤ دەگەڕێتەوە بەغدا . خالید سەعید نزیکەى ٣ ساڵ لە بەشى دیکۆرى تەلەفزیۆنى بەغدا کاردەکات و دەیان کارى هونەرى بە ئەنجام دەگەیەنێت . دواتر دەنێردرێتە ئەڵمانیاى دیموکرات و لەوێ بڕوانامەیەکى تایبەت وەردەگرێت . پاش گەڕانەوەى بۆ بەغدا ڕەوانەى لیبیا دەکرێت بۆ بەشدارى کردن لە دامەزراندنى تەلەفزیۆنى ئەو وڵاتەدا ساڵ و نیوێک دواتر دەگەڕێتەوە بەغداو تا ساڵى١٩٨٧ لە تەلەفزیۆنى بەغدا کار دەکات . خالید سەعید زمانەکانى عەرەبى و فارسى و ئینگلیزى و ئەڵمانى و ئیتاڵى بە باشى زانیوە . بەرهەم و چالاکیەکانى : یەکەم : داڕشتن و دروستکردنى دیکۆرى نزیکەى ١٥٠ نمایشنامە و بەرهەمى تەلەفزیۆنى کوردى . دووەم : داڕشتن و دروستکردنى دەیان دیکۆر و بەرهەمى هونەرى بۆ تەلەفزیۆنەکانى بەغدا و لیبیا و ئەڵمانیاى دیموکرات . سێهەم : دروستکردنى دیکۆرى شانۆگەرى هامڵێت لە سلێمانى ساڵى ١٩٥٠ . چوارەم :دروستکردنى دیکۆرى شانۆگەرى تاوان و تۆڵە لە سلێمانى ١٩/١١/١٩٥٧ . پێنجەم : مانگى حوزەیرانى ساڵى ١٩٥٧ بەشدارى کردووە لە دامەزراندنى کۆمەڵەى هونەرەجوانەکانى سلێمانى. شەشەم : یەکەمین عێڕاقیە بە زەمالە چوبێتە ئەڵمانیا و لەبوارى دیکۆردا دیبلۆمى وەرگرتبێت . حەوتەم : کردنەوەى یەکەمین پێشانگاى تایبەتى خۆى لە هەولێر لە کۆتای ساڵى ١٩٥٠. |