پاسه‌وانێكی‌ سه‌دام، نهێنی‌ رووخانی‌ به‌عس‌و كه‌وتنی‌ به‌غدا ئاشكراده‌كات


29/03/2008


"پاش ده‌ستپێكردنی‌ یه‌كه‌م گورزی‌ ئه‌مه‌ریكا، سه‌دام ده‌ستی‌ كرده‌ گریان‌و قورئان خوێندن"

پاسه‌وانێكی‌ تایبه‌تی‌ سه‌دام حسێن، ئاشكرایكرد هه‌موو پلانه‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ عێراق، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ شكستی‌ هێناوه‌‌و هه‌ڵهاتنی‌ به‌كۆمه‌ڵی‌ فه‌رمانده‌و سه‌ربازه‌كانی‌‌و پچڕانی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵیان، بوونه‌ته‌ هۆی‌ رووخانی‌ خێرای‌ ڕژێمی‌ به‌عس‌و كه‌وتنی‌ به‌غدای‌ پایته‌خت.
له‌پێنجه‌مین ساڵیادی‌ رووخانی‌ به‌عس‌و ده‌ستپێكردنی‌ جه‌نگی‌ عێراقدا، موقه‌ده‌م سه‌لام عه‌بد حسێن تكریتی‌، ئامۆزای‌ به‌رزان تكریتی‌ زڕبرای‌ سه‌دام‌و ئه‌فسه‌ری‌ گه‌وره‌ له‌تیمی‌ تایبه‌تی‌ پاسه‌وانی‌ سه‌دام، له‌دیمانه‌یه‌كی‌ تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی‌ قودسولعه‌ره‌بی، چاپی‌ له‌نده‌ن، رایگه‌یاندووه‌ سه‌دام مانگێك به‌ر له‌ هه‌ڵگیرسانی‌ جه‌نگی‌ عێراق، هه‌موو كارێكی‌ ته‌نها كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ سوپا‌و سه‌رۆك هۆزه‌كان‌و به‌رپرسانی‌ به‌عس بووه‌‌و ده‌ڵێت �ماوه‌ی‌ مانگێك سه‌دام له‌شه‌وو رۆژێكدا له‌سێ سه‌عات زیاتر نه‌ده‌نوست�. موقه‌ده‌م سه‌لام عه‌بد تكریتی‌، كه‌ تا دوای‌ ڕمانی‌ به‌عس‌و گرتنی‌ به‌غداش له‌گه‌ڵ سه‌دامدا ماوه‌ته‌وه‌، هێما بۆئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ژماره‌ی‌ پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كانی‌ سه‌دام 34كه‌س بووه‌‌و ده‌ڵێت �ئه‌وه‌نده‌ی‌ من سه‌رنجمدابێت، مانگێك به‌ر له‌هه‌ڵگیرسانی‌ جه‌نگ، سه‌دام زیاتر گوێی‌ له‌به‌رپرسانی‌ به‌عس‌و فه‌رمانده‌كانی‌ سوپا ده‌گرت‌و كه‌متر قسه‌ی‌ ده‌كرد�. سه‌لام تكریتی‌، باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ فه‌رمانده‌كانی‌ سوپا‌و موخابه‌راتی‌ سه‌ربازی‌، به‌رده‌وام ئه‌وه‌یان به‌سه‌دام راده‌گه‌یاند كه‌ له‌كاتی‌ جه‌نگدا عێراق له‌پێگه‌ی‌ به‌رگریكردندا ده‌بێت‌و ئه‌گه‌ر ده‌ستی‌ خۆی‌ پێش نه‌خات به‌ رۆكێت بارانكردنی‌ سه‌ربازگه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌كوێت، ئه‌وه‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا له‌م وڵاته‌وه‌ هێرشی‌ قورس‌و كوشنده‌ ده‌كاته‌ سه‌ر عێراق. ئه‌م پله‌داره‌ی‌ نێو پاسه‌وانه‌كانی‌ سه‌دام، ئێستا ته‌مه‌نی‌ له‌سه‌روو په‌نجا ساڵه‌وه‌یه‌‌و باسی‌ له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ ئه‌و شه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌مجار ئه‌مه‌ریكا به‌غدای‌ رۆكێت بارانكرد له‌ شه‌وی
١٧/٣/٢٠٠٣ سه‌دام له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدابووه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك به‌رپرسی‌ به‌عس به‌ئاماده‌بوونی‌ عیزه‌ت دوری‌و ئه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌موو به‌شدارانی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ گوێیان له‌ده‌نگی‌ مووشه‌كبارانه‌كه‌ بووه‌، به‌دواشیدا یه‌كسه‌ر قوسه‌ی‌  داوای له‌سه‌دامی‌ باوكی‌ كردووه‌ به‌په‌له‌ وته‌یه‌ك بنووسێت‌و تۆماری‌ بكات تا بڵاوبكرێته‌وه‌ بۆ دڵنیایی‌ خه‌ڵك‌و فه‌رمانده‌كان، چونكه‌ ئه‌مه‌ریكا ئه‌و کاته‌ وای‌ بڵاوكرده‌‌وه‌ �له‌و مووشه‌كبارانه‌دا ئامانج خودی‌ سه‌دام حسێنه‌�. سه‌لام تكریتی‌، به‌رده‌وام ده‌بێت‌و ده‌ڵێت �كاتێكی‌ ناخۆش بوو، به‌ڵام سه‌دام به‌رده‌وام ده‌یوت (یارب بردا بردا علی‌ العراقیین)، دواتر دانیشت‌و ده‌ستیكرده‌ قورئانخوێندن‌و ماوه‌ی‌ ده‌ خوله‌ك به‌گه‌رمی‌‌و به‌كوڵ گریا..�. به‌قسه‌ی‌ پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ سه‌دام، له‌دوای‌ كۆتایی‌ هاتنی‌ یه‌كه‌م گورزی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌به‌غدا، سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ عێراق فه‌رمانیكردووه‌ به‌فه‌رمانده‌‌و ده‌ست‌و په‌یوه‌نده‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ كه‌ دابه‌زنه‌ كۆڵانه‌كان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ وره‌ی‌ جه‌ماوه‌رو جێبه‌جێكردنی‌ پلانی‌ ئه‌منی‌‌و ده‌ڵێت �دوای‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ وته‌ تۆماركراوه‌كه‌شی‌ له‌ ته‌له‌فزیۆن، سه‌دام چاوه‌ڕێی‌ هه‌واڵی‌ خۆشی‌ ده‌كرد، به‌ڵام نائومێدبوو�. سه‌باره‌ت به‌جێبه‌جێنه‌كردنی‌ راسپارده‌ی‌ موخابه‌رات بۆ مووشه‌كبارانكردنی‌ بنكه‌و باره‌گاكانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌كوێت، موقه‌ده‌م سه‌لام تكریتی‌ ئه‌وه‌ روون ده‌كاته‌وه‌ سه‌دام فه‌رمانی ده‌ركردووه‌ بۆ سوپا كه‌ بنكه‌ ئه‌مه‌ریكاییه‌كان له‌كوێت مووشه‌كباران بكه‌ن، به‌ڵام دوو رۆژی‌ به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی‌‌و فه‌رمانه‌كه‌ جێبه‌جێ نه‌كرا‌و ئه‌ویش تووشی‌ سه‌رسوڕمان بوو له‌م دواخستنه‌. به‌قسه‌ی‌ سه‌لام تكریتی‌، سه‌دام قوسه‌ی‌ راسپاردووه‌ كه‌ خۆی‌ بچێت بۆ شاری‌ به‌سره‌‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌هۆكاری‌ هێرش نه‌كردنه‌ سه‌ر بنكه‌ ئه‌مه‌ریكاییه‌كان بكات له‌لایه‌ن سوپای‌ عێراقه‌وه‌‌و چاره‌سه‌ری‌ دواكه‌وتنه‌كه‌ بكات، كاتێكیش قوسه‌ی‌ لێپێچینه‌وه‌ی‌ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ كردووه‌، بۆی‌ ده‌ركه‌وتووه‌، هه‌ڵهاتنێكی‌ به‌كۆمه‌ڵ هه‌یه‌ له‌ریزی‌ فه‌رمانده‌ تایبه‌تمه‌ندو پسپۆڕه‌كانی‌ مووشه‌كبارانكردن‌و ئه‌مه‌ش سه‌دام‌و قوسه‌ی‌ ناچاركردووه‌ فه‌رمانده‌ی‌ نوێ له‌جێگایان دابنێن‌و ده‌ڵێت �ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ش كاتێكی‌ زۆری‌ ویست‌و فڕۆكه‌ ئه‌مه‌ریكاییه‌كانیش له‌مكاته‌دا ٣٠ یه‌كه‌ی‌ په‌یوه‌ندیكردنی‌ سوپای‌ عێراقیان تێكشكاند كه‌ گرنگترینیان بنكه‌كانی‌ راشدییه‌ی‌ نزیك به‌غدا‌و عه‌ماره‌ی‌ باشووری‌ عێراق بوو، له‌گه‌ڵ خاپووركردنی‌ ١٠٠سه‌كۆی‌ ته‌قاندنی‌ رۆكێت�.
موقه‌ده‌مه‌كه‌ی‌ گاردی‌ كۆماری‌، باسی له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی‌ زیاتر عێراقی‌ تێكشكاندووه‌، پلانێكی‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكابوو كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌‌و به‌فڕۆكه‌ سوپای‌ له‌پشت سوپای‌ عێراق‌و له‌ بیابان داده‌به‌زاندو له‌بیابانه‌وه‌ پشتی‌ له‌شاره‌كان ده‌گرت‌و ئه‌مه‌ش وه‌های‌ پیشان ده‌دا لای‌ خه‌ڵك، كه‌ به‌شی‌ زۆری‌ عێراق داگیركراوه‌‌و جه‌نگ‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ بێهووده‌یه‌.
سه‌لام تكریتی‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌شكردۆته‌وه‌ كه‌ له
٢٠/٣/٢٠٠٣دا، سێ فه‌رمانده‌ی‌ فه‌یله‌ق پێشنیازی‌ ئه‌وه‌یانكردووه‌ بۆ سه‌دام، سه‌ربازه‌كانیان بكشێننه‌وه‌ بۆ ناوشاره‌كان‌و ئه‌ویش ڕه‌تیكردۆته‌وه‌‌و به‌ �خۆكوشتنی‌ به‌كۆمه‌ڵ� داویه‌تییه‌ قه‌ڵه‌م‌و پێی‌ وتوون هێزه‌كان له‌ده‌وروبه‌ری‌ شاره‌كان په‌رش‌وبڵاو پێبكه‌ن. هه‌روه‌ها به‌پێی‌ قسه‌كانی‌  موقه‌ده‌م سه‌لام تكریتی‌، سه‌دام پێی‌ وابووه‌ ته‌له‌فۆن‌و په‌یوه‌ندی‌ لاسلكی‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ كۆنترۆڵ كراوه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر پێشنیازی‌ موخابه‌رات، په‌نای‌ بۆ پۆسته‌‌و نوسراوو ئینته‌رنێت‌و ئیمه‌یڵ بردووه‌ له‌ په‌یوه‌ندیگرتن له‌گه‌ڵ كه‌رته‌كانی‌ سوپا له‌ به‌سره‌‌و باشووری‌ عێراق. هه‌روه‌ها هه‌ر له‌م گێڕانه‌وه‌یه‌دا ئه‌وه‌ ئاشكراكراوه‌ كه‌ له‌ هه‌فته‌ی‌ یه‌كه‌می‌ جه‌نگه‌كه‌دا سه‌دام به‌ئاشكرا بۆی‌ ده‌ركه‌وتووه‌، زۆرێك له‌فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان به‌تایبه‌ت له‌عه‌مماره‌‌و به‌سره‌و زیقار وه‌ك پێویست فه‌رمانه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ به‌غدا به‌جێناهێنن‌و تكریتی‌ ده‌ڵێت �به‌ڵام سه‌دام، رازینه‌بوو ئه‌مه‌ به‌ خیانه‌ت ناوبنرێت‌و پاساوی‌ بۆ ده‌هێنایه‌وه‌�. له‌دوا به‌شی‌ گێڕانه‌وه‌كه‌شیدا سه‌لام تكریتی‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌رۆژی‌ 9/4، واته‌ رۆژی‌ گیرانی‌ به‌غدا، سه‌دام به‌بێهووده‌ هه‌وڵیداوه‌ په‌یوه‌ندی‌ بكات به‌ تاریق عه‌زیز‌و محه‌مه‌د سه‌عید سه‌حافه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێكه‌وه‌ بۆ باكوری‌ به‌غدا هه‌ڵبێن، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌. پاسه‌وانه‌كه‌ی‌ سه‌دام سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ دوای‌ رووخانی‌ به‌عسیش، سه‌دام خۆی‌ گروپی‌ چه‌كداری‌ بۆ به‌ره‌نگاری‌ ئه‌مه‌ریكا پێكهێناوه‌‌و به‌هاوكاری‌ عیزه‌ت دوری‌ پلانی‌ بۆ داناون‌و سه‌رپه‌رشتی‌ ڕێكخستنی‌ كردوون. سه‌باره‌ت به‌ده‌ستگیركردنی‌ سه‌دامیش، سه‌لام تكریتی‌ ده‌ڵێت �پاسه‌وانێكی‌ تری‌ سه‌دام به‌ناوی‌ محه‌مه‌د ئیبراهیم، جێگاكه‌ی‌ ئاشكراكرد، له‌وكاته‌شدا كه‌ گیرا، نوێژی‌ ده‌كردو بێئاگابوو�. به‌قسه‌ی‌ سه‌لام تكریتی‌ ئه‌وه‌ی‌ شوێنی‌ سه‌دامی‌ ئاشكراكرد، ئامۆزای‌ خۆی بووه‌.