دکتۆر
سادق
شەرەفکەندی
سادق شەرەفکەندی ١١ی ژانوییەی ١٩٣٨ی زایینی (٢١ی بەفرانباری ١٣١٦ی ھەتاوی) لە
گوندی تەرەغەی بۆکان لە دایک بوو. لە تەمەنی منداڵیدا باوکی لەدەست دا و
سەرپەرستییەکەی، کەوتە سەرشانی برا گەورەکەی، شاعیری
گەورەی کوردستان مامۆستا ھەژار. سەردەمی منداڵی محەممەد سادق، ھاوکات بوو لەگەڵ
پەرەستاندنی خەباتی رزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستانی ئێران و دامەزراندنی کۆماری
کوردستان. پاش چه ند سال مالیان به یه گجاری دیته شاری بۆکان خویندنی سەرەتایی
له بۆکان و ناوەندی و دەبیرستانی لە تەورێز تەواو کرد و ساڵی ١٩٥٩ (١٣٣٨)
لە دانشسەرای عالیی تاران لیسانسی شیمیی وەرگرت.شایانی سەرنجە کە لە ھەموو پلەکانی
خویندندا یان خاوەنی پلەی یەکەم یان یەکێک لە باشترین قوتابیان و خوێندکاران
بوو.ھەر لەو ساڵەدا بوو بە مامۆستای دەرسی شیمی و ھەتا ساڵی ١٩٦٥ (١٣٤٤) لە
شارەی ورمێ بە ئەرکی مامۆستایەتییەوە خەریک بوو. لەو ماوەیەدا وەک مامۆستایەکی
شارەزا ناوی دەرکردبوو. سەرەنجام ساواک، لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای دیکەی ھاوبیر و
ھاوکاری بۆ شارەکانی ئەراکو کەرەج و چەند شاری دیکەی دوور خستنەوە.محەممەد سادق
شەرەفکەندی ساڵی ١٩٧٠ (١٣٤٩ھەتاوی) بۆ زانستگایتربیت معلم نەقڵ کراو وەک
یارمەتیدەری بەشی شیمی کاری پێ ئەسپێردرا. پاش نیشاندانی لێوەشاوەیییەکی تەواو لەو
ئەرکەدا، ساڵی١٩٧٢ (١٣٥١ی ھەتاوی) بە کەڵک وەرگرتن لە [[بوورس]ی وەزارەتی علووم چوو
بۆ فەڕنسا و پاش چوار ساڵ مانەوە لەو وڵاتە توانی دوکتورای شیمی ئانالیز لە
زانستگای ژمارە ٦ی پاریس وەربگرێ. دوکتور سادق شەرفکەندی ساڵـی ١٩٧٦ (١٣٥٥)
گەڕایەوە تاران و وەک استادیاریشیمی لە زانستگای تربیت معلم درێژەی بە کاری
مامۆستایەتی دا کە لە بەجێھێنانی ئەو ئەرکەشدا بە تەواوی سەرکەوتوو بوو. ھەربۆیە
بوو بە خۆشەویستی مامۆستایان و خوێندکارانی ئەو زانستگایە و وەک مامۆستایەکی دڵسوزو
لە ھەمان کاتیشدا خەباتگێڕ ناوی دەرکرد.
شەرەفکەندی ساڵی ١٩٧٣ (١٣٥٢) کاتێک لە پاریس دەورەی دوکتورای دەدیت، لە
ڕێگای عەبدولڕەحمان قاسملوو لەگەڵ بەرنامە و پێرەوی نێوخۆی حیزبی دێموکراتی
کوردستانی ئێران ئاشنا بوو و داوای ئەندامەتی ئەو حیزبەی کرد. پاش گەڕانەوەی
بۆ ئێران بوو بە پەیوەندی نێوان دوکتور قاسملوو و ئەندامانی کۆنی رێبەرایەتی حیزب.
دوای رووخانی ڕژێمی پاشایەتیی ئێران و دەسـتپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی
دێموکرات، ساڵی ١٩٧٩ (١٣٥٨) بوو بە ڕاوێژکاری کومیتەی
ناوەندی.فێبریەی ١٩٨٠ (ڕەشەمەی ١٣٥٨) لە کۆنگرەی چوارەمی حیزبدا بە ئەندامی کومیتەی
ناوەندی ھەڵبژێردرا و بەرپرسایەتی کومیتەی حیزب لەتارانی پێ سپێردرا. سەرەتای
ھاوینی ساڵـی ١٩٨٠ لە لایەن رێبەرایەتی حیزبەوە بۆ کاری تەواو وەخت بانگ
کرایەوە کوردستان. لە پلینومی کومیتەی ناوەندی لە ھاوینی ١٩٨٠دا بە ئەندامی دەفتەری
سیاسی ھەڵبژێردرا. لە کۆنگرەکانی پێنجەم، شەشەم، حەوتەم، ھەشتەم و نۆھەمی حیزبدا
ھەموو جارێ بە ئەندامی کومیتەی ناوەندی و لە کومیتەی ناوەندیشدا ھەموو جارێ بە
ئەندامی دەفتەری سیاسی ھەڵبژێردراوەتەوە.سادق شەرفکەندی ماوەی بوونی لە رێبەرایەتی
حیزبدا زۆرتر بەرپرسایەتی بەشی تەبلیغات (رادیو و چاپەمەنی)ی لە سەرشان بووو. لە
ساڵی ١٣٦٥ەوە ھەتا کاتی تیرۆری قاسملوو ئەرکی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی بە ئەستووە
بوو. شەرفکەندی لە یەکەم پلینومی دوای تیرۆری قاسملوودا بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی
کومیتەی ناوەندی بە سکرتێری گشتی حیزب ھەڵبژیردرا و لە کۆنگرەی نۆھەمی حیزبیشەوە تا
کاتی تیرۆری، ئەرکی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بەِرێوەدەبرد.
لە ١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢دا لە چێشتخانەی میکۆنوس لە شاری بەرلینکاتێ بەشداری
کۆبوونەوەیەکی سەرانی گرووپەکانی دژ بە ڕژێمیکۆماری ئیسلامی ئێران کردبوو، تێرۆر
کرا. ھێندێ پلاندانانی ئەو تێرۆرە ئەخەنە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی، بەڵام تا ئێستا لە
لایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە بە درۆخراوەتەو. دواتر دادگایەک لە شاری بەرلیندوای
شیکردنەوەی ڕووداوەکانی کارەساتی میکۆنوس، نێردراوەکانی کۆماری ئیسلامی بە تاوانبار
ناسی بۆ ئەنجامی ئەو تیرۆرە. عەلی خامنەیی(ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران)، ئەکبەر
ھاشمی ڕەفسەنجانی(سەرۆک کۆماری کات) و عەلی فەلاحیان (وەزیری ئیتلاعاتی کات)ی بۆ
دادگا بانگێشت کران. بە پاڵپشتیی پۆلیسی ئەڵمانیا کەسێک وێرای بێتە دادگاکە و
شەھادەت بدات لەسەر ئەو ڕووداوە. لە دادگاکەدا گوتی کە ئەندامی وەزارەتی
ئیتلاعات بووە و سیستەمی پلان دانانی تیرۆرەکان بە باشی دەناسێ. بەو بەڵگانە
دادگاکە کاربەدەستانی کاتی کۆماری ئیسلامی بە تاوانبار زانی لە ئەنجامی ئەو کردەوە
تیرۆریستیەدا |