شوکرەڵای
بابان
کورتەیەك
لە ژیان و خەباتی شوکروڵای بابان
شوکروڵای بابان کەم و
زۆر ناوێکی دیار و ناسراوە بۆ هەموومان، بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە بە جیهانی
ئەدەبیات و کلتووری کوردیدا گوزەریانکردبێت دەزانن کە لەو جیهانەدا شوکروڵای بابان
قەڵافەتی بەرزە و جێ پەنجەی دیارو بەرچاوە. شوکروڵای بابان لە ساڵی
١٩٢٣ لە شاری سنە لە دایك بووە، قۆناخەکانی خوێندنی تا
ئاستی دبلۆم لەو شارە تەواو کردووە، پاشان بۆ درێژەدان بە خوێندن لە تاران
گیرساوەتەوە و لە بەشی ئیلاهیاتی زانکۆی تاران بەکالۆریۆسی بەدەست هێناوە.
بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٥٨ لە رادیۆ تاران دەستی بە
بێژەری کردووە. لە ساڵی ١٩٥٩ تا ١٩٦٣
لەگەڵ کۆمەڵێك نووسەری تردا رۆژنامەی کوردستانیان لە
تاران بڵاو کردۆتەوە. بە کردنەوەی رادیۆی کوردی کرماشان رادیۆی تاران داخرا و هەموو
بێژەر و کارمەندەکانی گوارزانەوە بۆ رادیۆی کوردی کرماشان کە شوکرولای بابانیش یەك
لەو کەسانە بوو هاتە رادیۆی کرماشان. دوای ئەوەی رادیۆ و تەلەفزیۆن تێکەل کران
شوکروڵای بابان بۆ ماوەیەک بەرێوەبەری رادیۆی کوردی هەرسێ پارێزگای سنە، کرماشان و
ورمێ بووە. شوکروڵای بابان لەگەڵ ئەوەدا کە بە شێوەیەکی سروشتی خاوەنی دەنگێکی
خۆرسکی زۆر تایبەت بوو بۆ خوێندنەوەی شێعر و چیرۆك و
غەزەلی کوردی، لە هەمان کاتدا خاوەنی خولیایەکی هەمیشەیی بوو بۆ خزمەت کردن بە
گەلەکەی لە بواری فەرهەنگ و ئەدەب، جوغرافیا و مێژووی کورددا کاری کردووە و هەر لەو
پێناوەشدا خاوەنی چەند بەرهەمی بەنرخ بووە وەک: جوغرافیای کوردستان، فەرهەنگی
زمانەوانیی ١٠٠ لاپەرەیی فارسی – کوردی، گوڵزاری
کوردستان، سەلاحەددینی ئەیوبی پاڵەوانی کورد و کۆمەڵێک نامیلکە و بابەتی بەنرخی تری
نووسیوە و بڵاو کردۆتەوە.
هەروەها لە دیکلەمەی شیعری شاعیراندا زۆر سەرکەوتوو بووە و لە نێوبەندی
گۆرانییەکانی هونەرمەندی بەناوبانگی کورد حەسەن زیرەك دا شێعری بۆ خوێندۆتەوە و لە
یەکێك لەو شێعرانەدا کە دەیخوێنێتەوە ئامۆژگاری لاوی کورد دەکات کە فریوی دوژمن
نەخوات و دوژمنی کورد نەیباتە مەیدان بۆ شەڕی براکوژی. شوکروڵای بابان هەروەها
میدیاکارێکی سەرکەوتوو بوو بە تایبەتی لە کاتێکدا کە رەنگە بە هۆی بارودۆخی سیاسی
وڵاتەکەی، دەستی زۆر واڵا نەبووبێت کە بە ئارەزوی خۆی بنووسێ و بڵاو بکاتەوە و
بەرنامە پێشکەش بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر ورد و ژیرانە کاری لەسەر زمان و
ئەدەبی کوردی دەکرد لە راگەیاندندا و دەیزانی کە زمان وەك
کۆڵەکەی سەرەکی و توخمی بنەڕەتی نەتەوە گرنگی خۆی هەیە و ناوبراو یەکێك
لەو کەسانە بووە کە زۆر وشەی کوردی هێناوەتەوە بۆ نێو ئەدەبیاتی گوتاری و میدیایی
کوردی و نەهێشتووە ئەو دەستەواژە و وشانە لەناو بچن و لە بیری خەڵک بچنەوە.
شوکروڵای بابان تەنها بێژەرێکی ئاسایی نەبوو لە راگەیاندندا بەڵکو مودیر و
ئاراستەکارێکی دروستی فەرهەنگی بوو و بە هۆی رێڕەوی دروستی فەرهەنگسازی کوردی لە
تێۆر و لێدواندا، توانی جۆرێک لە ئەدەبیاتی گشتگیر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە پێی
قەبارەی کارەکەی خۆی لە راگەیاندنی فەرهەنگیدا بەرجەستە بکات و زۆر کەسیشی لەو
بوارەدا پێگەیاندووە و قوتابی و شوێنکەوتووی فەرهەنگی شکوروڵای بابان لە رۆژهەڵاتی
کوردستان کەم نین. بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە رۆژی ٢٦ی
خەزەڵوەری کوردی بەرێز شوکروڵای بابان لە شاری تاران بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێ کردین.
هەموو دەزانین کە مەرگ ئەو حەقیقەتە تاڵەیە کە دەبێ باوەڕ بە هاتنی بکەین بۆ لای
مرۆڤەکان و ئەوە بزانین کە مەرگ زۆر جار لەگەڵ خۆی کەسەکان دەبات، بەڵام راستییەکیش
هەیە ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤی بەکەڵک دەتوانێ چۆک بە مەرگ دابدا و بە هۆی بەجێهێشتنی
بەرهەمەکانی و مێژووی تێکۆشانی خۆی لە پێناو گەلەکەیدا بە زیندوویی بمێنیتەوە کە
شوکرولای بابان یەکێکە لەو کەسانەی هەرگیز لە بیر زاکیرەی مێژووی کوردستان و کورد
ناچێتەوە، شوکروڵای بابان له
ڕۆژی هەینی رێکەوتی
١٦ /١١/٢٠١٢ میدیا کاری ناسراوی کورد
لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا، لە تاران کۆچی دوایی کردوه،