باوکى دوعا : دوعا نه‌بۆته‌ موسوڵمان و له‌راپۆرتى پزیشکیشدا کچ ده‌رچووه‌



نۆیترین وێنه ی دوعاکه چوار مانگ پێش کوشتنه که ی ئه م وێنه یه گرتووه، ئه موێنه یهله لایه ن که سوکاره که یه وه به تایبه تی پێشکه ش (ژیانه وه) کراوه

2007-05-07 12:32:47


به‌عشیقه‌
پێکهاته‌ى ناحییه‌ى به‌عشیقه‌ دانیشتوانه‌که‌ى نزیکه‌ى (35) هه‌زار که‌س ده‌بن، له‌70% یه‌زیدى و 20% مه‌سیح و 10% موسوڵمان پێکده‌هێنن، له‌ناو به‌عشیقه‌دا دوو مزگه‌وتى گه‌وره‌ و چه‌ند کلێسه‌یه‌ک و مه‌زارێکى یه‌زیدییانى لێیه‌، سه‌ره‌تاى زۆربه‌ى کۆڵانه‌کانى به‌عشیقه‌دا به‌ساترى خۆلڕ رێگاکه‌ گیراوه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ شیروان ده‌ڵێت : ئه‌و ساترانه‌ په‌یوه‌ندى به‌کوشتنى دوعاوه‌ نییه‌، ته‌نها مه‌سه‌له‌یه‌کى ئه‌منییه‌ و هیچى تر.

وه‌ک هاوڕێ بووم له‌گه‌ڵ دوعادا
ماڵى دوعا له‌خێزانێکى (8) سه‌ر که‌سى پێکدێن که‌ بریتین له‌ (4) کوڕ و به‌ دوعاوه‌ (4) کچن، کوڕه‌ گه‌وره‌که‌یان ماسته‌رى له‌ئه‌ندازیاریدا هه‌یه‌ و یه‌کێکى تریان له‌دوا قۆناغى کۆلێژى ئاداب به‌شى ئینگلیزییه‌ و یه‌کێکى تریان له‌قۆناغى سێیه‌مى زانسته‌کانى کۆمپیوته‌ره‌ و ئه‌وى دیکه‌یان له‌کۆلیژى پزیشکییه‌ و کچێکیشى له‌چواره‌مى گشتییه‌، به‌ڵام دوعا تا پۆلى سێیه‌مى سه‌ره‌تایى خوێندبوو، خه‌لیل ئه‌سوه‌د باوکى دوعا له‌ماڵه‌که‌ى خۆیدا دانیشتبوو، کاتێک داوامان لێکرد له‌سه‌ر روداوه‌که‌ قسه‌مان بۆ بکات، ناڕازیبوو، چونکه‌ وه‌ک خۆى ئاماژه‌ى پێدا زۆربه‌ى ئه‌و که‌ناڵه‌ راگه‌یاندنانه‌ى قسه‌ى بۆ کردوون، قسه‌کانى وه‌ک خۆى بڵاونه‌کراوه‌ته‌وه‌ و ئاوه‌ژوو کراوه‌، دواى ئه‌وه‌ى قه‌ناعه‌تمان پێکرد که‌ ئێمه‌ قسه‌کانى وه‌ک خۆى بڵاوده‌که‌ینه‌وه‌، زۆر له‌سه‌رخۆ و به‌خه‌مبارییه‌وه‌ وتى: (سه‌ره‌تاى کێشه‌که‌ له‌وه‌وه‌ ده‌ستیپێکرد که‌ رۆژێک دوعا چوه‌ده‌ره‌وه‌ى ماڵ، ئێمه‌ش به‌شتێکى ئاسایى وه‌رمانگرت و وتمان له‌وانه‌یه‌ چوبێته‌ ماڵى پوره‌کانى، بۆ دووه‌م رۆژ دیار نه‌بوو، دواتر که‌وتینه‌ گه‌ڕان و سۆراخکردنى، دواتر بۆمان ده‌رکه‌وت که‌ له‌گه‌ڵ کوڕێکى موسڵماندا له‌ناو زه‌یتونه‌کانى نزیک مزگه‌وته‌وه‌ بینراوه‌)، باوکى دوعا له‌باره‌ى دوعاوه‌ ده‌ڵێت: (هیچ په‌یوه‌ندى به‌ئیسلامه‌وه‌ نه‌بووه‌ و هیچ له‌ئیسلام نازانێت، دوعا (قاسر)ه‌و ته‌مه‌نى (روشدى) ته‌واو نه‌کردووه‌ و تا سێیه‌مى سه‌ره‌تایى خوێندووه‌ و ته‌نها ناوى خۆى ده‌زانێ بنوسێت). کاک خه‌لیل که‌ مفه‌وه‌زى به‌رگرى شارستانییه‌ زیاتر قسه‌ى کرد و وتى : (دواتر له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیرکراو دواى رێککه‌وتن له‌گه‌لڕ یه‌که‌ ئیدارییه‌کانى ناوچه‌که‌و ناوچه‌ى به‌عشیقه‌ى پارتى کچه‌که‌میان دایه‌وه‌ به‌ماڵى سه‌رۆکى قه‌والینى یه‌زیدى، بۆ ماوه‌یه‌ک که‌ بارودۆخه‌که‌ هێمن بێته‌وه‌و دواتر ته‌سلیمى منى بکه‌نه‌وه‌)، باوکى دوعا باسى له‌وه‌شکرد که‌ له‌عورفى یه‌زیدیدا چونه‌ ده‌ره‌وه‌ى کچ و دیار نه‌مانى بۆ چه‌ند رۆژێک به‌لادان له‌نه‌ریته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان داده‌نرێ و ئه‌و کچه‌ به‌(خه‌تابار) ده‌زانرێت، له‌وباره‌یه‌وه‌ وتى : (به‌ڵام خه‌تابارییه‌که‌ى وانه‌کات که‌ به‌وشێوه‌ ناشیرینه‌ بکوژرێت، ئه‌و شێوه‌ى که‌ کچه‌که‌مى پێ کوژرا هیچ ئایینێکى ئاسمانى قبوڵى ناکات)، باوکى دوعا تکا له‌رۆژنامه‌و که‌ناڵه‌کانى راگه‌یاندن ده‌کات که‌ : (به‌هیچ شێوه‌یه‌ک قبوڵم نییه‌ لێدوان به‌ناوى منه‌وه‌ بڵاوبکه‌نه‌وه‌).
*ئه‌مه‌ بۆچى روویدا؟
-ئه‌وه‌ هه‌ڵسوکه‌وتێکى خراپ بوو، هه‌ڵسوکه‌وتى برا و ئامۆزاکه‌م بوو.
*ئه‌ى تۆ خۆت ئاگات لێنه‌بوو؟
-نه‌خێر، من بۆ خۆم له‌ماڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ماڵ و منداڵه‌که‌م ده‌ست به‌سه‌رکرابووم و له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دابووم، براکه‌شم له‌خۆم گه‌وره‌تره‌، ئه‌وه‌ش که‌ من لێره‌دا داواى ده‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ تکایه‌ ئه‌م کێشه‌یه‌ ئاسانه‌و با کاریگه‌ریى خۆى نه‌خاته‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانمان له‌ناو به‌عشیقه‌دا، که‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى فره‌ڕه‌نگه‌و له‌ئیسلام و مه‌سیحى و یه‌زیدى پێکدێت، نامه‌وێ ئه‌م رووداوه‌ کاربکاته‌ سه‌رئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ سه‌دان ساڵه‌یه‌ى له‌نێوانى ئێمه‌دا هه‌یه‌و له‌باوپیرانه‌وه‌ بۆمان ماوه‌ته‌وه‌.
*شکاتت له‌که‌س کردووه‌؟
-به‌ڵێ، به‌ڕه‌سمى شکاتم تۆمارکردووه‌.
*له‌دژى کێ؟
-له‌دژى براکه‌م و ئامۆزاکه‌م.
*به‌ڵام له‌ڤیدۆیۆکه‌دا خه‌ڵکێکى زۆر ده‌رده‌که‌ون؟.
-زۆرن ئه‌و که‌سانه‌ى له‌ڤیدۆکه‌دا ده‌رده‌که‌ون، هه‌ندێکیان له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیرکراون وله‌ژێر لێپرسینه‌وه‌دان.
*به‌ڕاى تۆ هۆکارى روداوه‌که‌ چییه‌؟
-بڕواناکه‌م ئاین بێ، ئاین بڕواى به‌شتى وانییه‌، له‌وانه‌یه‌ مه‌سه‌له‌که‌ سیاسى بێ.
*باسى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ کچه‌که‌ت یه‌که‌مجار نییه‌ ون بووبێت؟
-نه‌خێر، وانییه‌، ئه‌وه‌ یه‌که‌مجاربوو.
*باسى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ کچه‌که‌ت له‌گۆڕه‌که‌ى ده‌رهێنراوه‌و براوه‌ بۆ پشکنینى پزیشکى، ئه‌نجامى ئه‌و پشکنینه‌ چى بووه‌؟
-ئه‌و ئه‌نجامانه‌ نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ده‌ستى من، له‌لاى بنکه‌ى پۆلیسى به‌عشیقه‌ن، ئه‌و پشکنینانه‌ ده‌یسه‌لمێنن که‌ کچ بووه‌، ئه‌وپشکنینه‌ له‌دهۆک ئه‌نجامدراوه‌ و دادوه‌ر ئیمزاى کردووه‌ که‌ دوعا کچ بووه‌.
*که‌واته‌ تۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ کوشتنه‌ نه‌بویت و حه‌زت ده‌کرد کچه‌که‌ت له‌لابوایه‌؟
-له‌م بارودۆخه‌دا به‌ڵێ، چونکه‌ ده‌مویست کاتێکى زۆرم به‌ده‌سته‌وه‌بێت، خۆم له‌مه‌سه‌له‌که‌ بکۆڵمه‌وه‌، ئه‌وکاته‌ خۆم سزام بۆ داده‌نا.
*بۆچى پرسه‌تان بۆ دانه‌ناوه‌؟
-بارودۆخه‌که‌ بۆ پرسه‌دانان له‌بارنییه‌.
*بارودۆخى چى؟
-بارودۆخى من هى خێزانه‌که‌، هى ناوچه‌که‌، هیچى یارمه‌تیده‌ر نییه‌.
دواتر خه‌لیل ئه‌سوه‌د باسى له‌وه‌کرد که‌ دوعاى زۆر خۆشویستووه‌ و رۆژێک له‌ رۆژان لێى نه‌داوه‌ و قسه‌ى پێ نه‌وتووه‌ و بگره‌ وه‌ک هاوڕێ وابووه‌ له‌گه‌ڵیدا.

خه‌ڵکى به‌عشیقه‌ چى ده‌ڵێن؟
بۆ ئه‌وه‌ى راى خه‌ڵکانى به‌عشیقه‌ بزانین پێمان باشبوو هه‌ندێک له‌دانیشتوانه‌که‌ى بدوێنین، له‌و باره‌یه‌وه‌ سالم سه‌لیم به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ى به‌حزانى سه‌ره‌تایى که‌ یه‌زیدییه‌ ده‌ڵێت : (سوێند ده‌خۆم ئه‌وکچه‌ ته‌نها یه‌ک رۆژیش موسڵمان نه‌بووه‌، به‌ڵام کارێکى کرد که‌ له‌ناو ره‌وشتى ئێمه‌ى یه‌زیدیان په‌سه‌ند ناکرێ، بۆیه‌ به‌وشێوه‌یه‌ کوژرا، ئاینى ئێمه‌ حه‌زى له‌توندوتیژى نییه‌، ئه‌وه‌ى روویدا ده‌سته‌یه‌کى تێکده‌ره‌ ده‌یانه‌وێ نێوانى ئێمه‌و موسڵمانان بشێوێنن، له‌لاى ئێمه‌ ژن ناکوژرێ، به‌ڵام له‌لاى ئاینه‌کانى تر ده‌کوژرێ، ده‌کرێ ئێمه‌ سزاى ترمان هه‌بێ، ناگاته‌ کوشتن. سلێمان عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رى سه‌نته‌رى لالش له‌به‌عشیقه‌ باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌و وێنانه‌ى دوعا که‌ بڵاوبۆیه‌وه‌ وا ده‌ستکارى کراون که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ڕاستییه‌وه‌ نه‌ماوه‌ کچه‌که‌ خۆى و دایکى و باوکیشى یه‌زیدین بۆماوه‌ى دوو رۆژ ماڵى خۆیانى به‌جێهێشت و دوایى له‌لایه‌ن پۆلیس و پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌ناو باخێکى نزیک به‌عشیقه‌ ده‌ستگیرکرا له‌گه‌ڵ کوڕێکدابوو که‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کى خزمایه‌تى له‌گه‌ڵیدا نه‌بووه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ به‌کردوه‌یه‌کى دوور له‌ڕه‌وشت له‌قه‌ڵه‌م دراو باوک و مام و که‌سوکاره‌که‌ى تووڕه‌ کرد، سلێمان عومه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا که‌ ئه‌و چیرۆکه‌ بوو به‌چیرۆکێکى سیاسى و به‌مه‌به‌ستى دوور خستنه‌وه‌ى کورده‌ یه‌زیدییه‌کان له‌ڕیزى کورد کرا. خاتوو نورا شێخ سه‌برى به‌رپرسى رێکخراوى ژنانى یه‌زیدى له‌به‌عشیقه‌ باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ دوعا به‌ڕێگه‌یه‌کى خراپ کوژرا، هه‌روه‌ها وتى: (دوعا کچێکى یه‌زیدییه‌ و ئێمه‌ش خه‌ڵکێکى سه‌ر به‌کۆمه‌ڵگه‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌کانین، نه‌ریتى تایبه‌تى خۆمان هه‌یه‌. ئه‌و کچه‌ش له‌جڵه‌وى خێزانى خۆى ده‌رچووبوو، ئه‌مه‌ش لاى ئێمه‌ زۆر خراپه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌م ئیدانه‌ى ئه‌و ئیشه‌ى کچه‌که‌ ده‌که‌ین و هه‌م ئیدانه‌ى ئه‌و شێوه‌ کۆشتنه‌یش ده‌که‌ین که‌ پێى کوژرا)، خاتوو نورا ده‌ڵێت : (به‌نیازین وه‌ک رێکخراوى ژنانى یه‌زیدى که‌ ئێستا له‌قۆناغى ئه‌وه‌داین مۆڵه‌تى ره‌سمى له‌حکومه‌تى هه‌رێم وه‌ربگرین، له‌ رێى خولى تایبه‌ته‌وه‌ هۆشیارى بده‌ینه‌ ژنانى یه‌زیدى)، دڵشاد شێخ حه‌سه‌ن، لێپسراوى بنکه‌ى رۆشنبیرى و کۆمه‌ڵایه‌تى لالش لقى بارزان ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ کوشتنى دوعا روداوێکى کۆمه‌ڵایه‌تى بوه‌و هیچ په‌یوه‌ندییه‌کى به‌نێوان یه‌زیدى و ئیسلامه‌وه‌ نه‌بوه‌، دڵشاد ده‌ڵىَ: له‌م دنیایه‌دا که‌س ناتوانىَ بریارى کوشتنى که‌سێک بدات جگه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتى یاسا، پێویست بوو ده‌سه‌ڵاتى یاساى ئاینى یه‌زیدى لیژنه‌یه‌کى لێکۆلینه‌وه‌ى بۆ ئه‌و کێشه‌یه‌ هه‌بوایه‌.  

چۆن له‌ماڵى قه‌وال دوعایان ده‌رهێنا؟



له‌ناو باسه‌که‌دا ئه‌وه‌مان بۆ روون بۆوه‌ که‌ ئه‌و کچه‌ بۆ ماوه‌ى چه‌ند رۆژێک له‌ماڵى قه‌وال بووه‌، قه‌وال واته‌ گه‌وره‌ى ئاینى یه‌زیدییه‌کان، هه‌ربۆیه‌ سه‌ردانى ماڵى (شێخ سلێمان سڤۆ) سه‌رۆکى قه‌والین و ئه‌ندامى جفاتى بڵندى رۆحانى یه‌زیدى-مان کرد، شێخ سلێمان سڤۆ ده‌ڵێت : (ئه‌وه‌ کێشه‌یه‌کى کۆمه‌ڵایه‌تى و عه‌شایه‌رى بوو، کچه‌که‌ له‌ماڵى ئێمه‌ بوو. ئێمه‌ ته‌سلیمان نه‌ده‌کرده‌وه‌ نه‌وه‌کو بیکوژن، وتمان باچه‌ند رۆژ لێره‌ بمێنێته‌وه‌، به‌ڵکو چاره‌سه‌رێکى ئه‌و کێشه‌یه‌ بکه‌ین، جا بۆ ئه‌وه‌ى نه‌یکوژن پێشنیارمکرد کچه‌که‌ بده‌نه‌ کوڕه‌ خاڵێکى تا ئه‌ویش بیباته‌ گوندو لێره‌ دوور بکه‌ونه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش خزمه‌کانى هه‌ندێکیان رازى بوون و هه‌ندێکیان رازى نه‌بوون)، شێخ سلێمان جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ئه‌و کچه‌ موسوڵمان نه‌بووه‌و نه‌چۆته‌ لاى مه‌لاو مزگه‌وت، هه‌روه‌ک وتیشى: (ده‌ستێکى سیاسى که‌وته‌ ناوه‌وه‌ هه‌تا یه‌زیدى له‌کورد بکه‌ن)، سه‌رۆکى قه‌والین له‌باسى ئه‌و رۆژه‌ى که‌ هاتن کچه‌که‌ به‌رنه‌وه‌ ده‌ڵێت : (هاتن وتیان کچه‌که‌مان بده‌نه‌وه‌. وتم نایده‌م با ماڵى باوکى بێن، ته‌سلیمى ماڵى باوکى ده‌که‌م. باوکى وتى نایه‌م مامى هات و من عه‌قدێکم پێ نووسین و ئیمزایان کرد که‌ ته‌سلیمى مامیم کرد. دواتر هه‌ندێک که‌سى غه‌ریب به‌و شێوه‌ ناشیرینه‌ ئه‌و کچه‌یان کوشت که‌ من گه‌لێک پێم ناخۆش بوو). سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئه‌و کچه‌ هه‌ڵه‌ى کردبێت شێخ سلێمان ده‌ڵێت : (به‌ڵى هه‌ڵه‌ى کردووه‌، به‌ڵام نه‌ده‌بوایه‌ بکوژرایه‌)، باسى له‌وه‌شکرد که‌ له‌ئاینى یه‌زیدیدا که‌س بۆى نییه‌ ژن و ژنخوازى له‌گه‌ڵ غه‌یره‌ یه‌زیدیدا بکات، ئه‌گه‌ر کردیشى : (حاشاى لێده‌کرێ، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێک نابێت بکوژرێت)، سه‌باره‌ت به‌سزاى ئه‌و کچانه‌ى که‌ شوو به‌غه‌یره‌ یه‌زیدى ده‌که‌ن، سلێمان سڤۆ ده‌ڵێت : (ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵى باوکى و ئه‌وان ئازادن که‌ چى له‌کچه‌که‌یان ده‌که‌ن و ئازادیى خۆیان هه‌یه‌ و دین هه‌قى نییه‌ به‌سه‌ریانه‌وه‌)، سه‌باره‌ت به‌وه‌ى که‌ تاچه‌ند ئاگاى له‌دوا راپۆرتى پزیشکى دوعا هه‌یه‌، شێخ سلێمان وتى : (ئه‌وه‌ى ئێمه‌ بزانین (کچ) بووه‌و نه‌بووه‌ به‌ژن)، هه‌روه‌ک سه‌رۆکى قه‌والین ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا که‌ ئه‌و رووداوه‌ فه‌سادێکى سیاسى بوو هیچى تر نه‌بووه‌، ئه‌و کچه‌ش به‌زۆر ته‌سلیم کرا و خانوو ئوتۆمبیله‌که‌یان زیانێکى زۆرى لێکه‌وتووه‌، له‌دوا قسه‌یدا شێخ سلێمان وتى : (ناچار کراین کچه‌که‌ ته‌سلیم بکه‌ین).
هه‌رله‌و باره‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ندیمان به‌بنکه‌ى پۆلیسى به‌عشیقه‌وه‌ کرد تا لێدوانێکیان لێوه‌ربگرین و زانیارى زیاترمان له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ بده‌نێ، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئاماده‌نه‌بوون لێدوان یان زانیاریمان پێبده‌ن، دواتر سه‌ردانى لیژنه‌ى ناوچه‌ى به‌عشیقه‌ى پارتى دیموکراتى کوردستانمانکرد، له‌وێ حه‌سه‌ن عه‌لى سلێمان به‌رپرسى لیژنه‌ى ناوچه‌ى به‌عشیقه‌ باسى له‌وه‌ کرد که‌ ئه‌و دواى ئه‌و رووداوه‌ بۆته‌ به‌رپرسى ناوچه‌ و له‌کاتى ئه‌و رووداوه‌دا له‌وێ نه‌بووه‌، له‌باره‌ى رووداوه‌که‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت : (چه‌ند ده‌ستێکى تیرۆریست بوون له‌به‌ر نزیکبوونه‌وه‌ى جێبه‌جێکردنى مادده‌ى (140)و بۆ تێکدانى بارى ئارامى و ئاسایشى ئه‌م ناوچه‌یه‌ ئه‌وه‌یان کرد)، هه‌روه‌ها وتى : (به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى لاى ئێمه‌ هه‌یه‌ ئێستا پۆلیسى ناوچه‌ى به‌عشیقه‌ (5) که‌سى له‌وانه‌ ده‌ستگیرکردووه‌ که‌ ده‌ستیان له‌و تاوانه‌دا هه‌بووه‌)، سه‌باره‌ت به‌و ده‌سته‌ تیرۆریسته‌ش شێخ حه‌سه‌ن وتى : (ده‌ستێکى کوردى یه‌زیدى بوو، هه‌ندێک لایه‌نى سیاسى کوردیشى تیادا بوو که‌ نامانه‌وێت لێره‌دا ناویان بهێنین که‌ پشتیوانییان ده‌کردن)، ده‌رباره‌ى ژیان له‌ناحییه‌ى به‌عشیقه‌ دواى ئه‌و رووداوه‌ به‌رپرسى ناوچه‌ وتى : (له‌پێشتر به‌هێزتره‌ و یه‌کتریمان خۆشده‌وێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دواى رووداوه‌که‌ به‌ ئاماده‌بوونى زۆربه‌ى زۆرى پێکهاته‌که‌کانى به‌عشیقه‌ سیمینارێکمان سازکردو ته‌ئکید له‌سه‌ر پێکه‌وه‌ژیانى هه‌رسێ ئایین کرایه‌وه‌.